فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

باروودۆخی سیاسیی عێراق لە ئاوێنەی هەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئۆکتۆبەردا
پێنجشەممە ۲۹-۰۷-۱۴۰۰   |  21-10-2021
باروودۆخی سیاسیی عێراق لە ئاوێنەی هەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئۆکتۆبەردا

سەرەنجام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٦ی ئۆکتۆبەر ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێراق کە لە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ئۆکتۆبەردا بەڕێوەچوو، ڕاگەیاند. ئەم هەڵبژاردنە لە سەرەدەمی ڕووخانی دیکتاتۆری سەدام حسێنەوە هەتا ئێستا بێڕەونەقترین هەڵبژاردن بووە. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکان لەسەدا ٦٠ی خاوەن مەرجانی دەنگدان نەچوونە پای سندووقەکان و ئەم هەڵبژاردنەیان بایکۆت کردووە. ئەو ٤٠ لەسەدەش کە بەشدارییان کرد، نەک خاوەن مەرجانی دەنگدان بەڵکوو کەسانێک بوون کە کارتی هەڵبژاردنیان وەرگرتبوو. چونکە پتر لە ٥ ملیۆن کەس کە زۆربەیان لە لاوان پێکهاتبوون، سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان حازر نەبوون کارتی هەڵبژاردن وەرگرن. کەوابوو نزیکەی لەسەدا ٢٧ی خاوەن مەرجانی دەنگدان لەم هەڵبژاردنانەدا بەشدارییان کردووە. لە بەغدای پایتەخت، بە هەژمار کردنی دەنگی باتڵکراو، نزیکەی لەسەدا ٢٧ی خاوەن مەرجەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارییان کرد. لە پارێزگا ناوەندییەکان وەزعەکە لەوە باشتر نەبووە. لە پارێزگای سلێمانییە لەسەدا ٣٧ لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارییان کردووە کە لەسەدا ١٠ی دەنگەکان قابیلی بژاردن نەبوون. لە هەوڵێر بە هەژمارکردنی دەنگی باتڵکراو، لەسەدا ٤٢ی خاوەنانی کارتی هەڵبژاردن چوونە پای سندووقەکانی دەنگدان. بە پێی ڕاپۆرتەکان لەم هەڵبژاردنانەدا کە لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا بەڕێوەچوون و زۆربەی خەڵکی عێراق بایکۆتیان کردوون، ڕەوتی موقتەدا سەدر بە ٧٣ کورسی، هاوپەیمانێتیی گرووپە سونییەکانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبوسی ٣٧ کورسی، هاوپەمانیی شیعەکانی دەوڵەتی یاسا ٣٤ کورسی، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق ٣٣ کورسی، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان ١٦ کورسی، هاوپەیمانێتیی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس ئەلخەنجەر ١٤ کورسی و هاوپەیمانێتی ئەلفەتح بە ڕێبەریی هادی عامری بە ١٧ کورسییەوە، زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی داهاتووی عێراقیان بەخۆیان تەرخان کروودە. هاوپەیمانێتیی ئەلفەتحی سەربە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو پتر لە سێ لەسەر چواری کورسییەکانی خۆی لەدەست داوە، تەنیا بە ملهوڕی ژومارەی کورسییەکای خۆی لە ١٢ەوە گەیاندنە ١٧ کورسی. ئەم گرووپ و هاوپەمانە سیاسییانە بۆ قۆناغێکی دیکە دەچنە سەر کورسیی پەرلەمان و وەزارەتخانەکان تا بۆ چوار ساڵی دیکە بەسەر زۆربەی جەماوەرێک کە دوو ساڵ لەمەوبەر دژبە دەسەڵاتی سەرتاپێ گەندەڵیان ڕاپەڕین، حکوومەت بکەن.

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ١٠ی ئۆکتۆبەر یەکەمین هەڵبژاردن بوو پاش ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری عێراق لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ەوە. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئۆکتۆبەر کە دژبە هەژاری و بێکاری، گەندەڵی و دزیی جێکەوتووی ناو پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵاتدار، دەستتێوەردانی دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و ئەمریکا و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو، میحوەری خواستەکانی لەسەرکارلاچوونی دەوڵەت و پەرلەمان بوو. حەشدی شەعبی و ڕەوتی موقتەدا سەدر ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگریان لە سەرکوتی خوێناویی ئەم ئاخێزە جەماوەرییانەدا هەبوو. لە جەرەیانی ئەم سەرکوتە خوێناویەدا پتر لە هەزار کەس لە ناڕازیان گیانیان لەدەستدا، ٣٠ هەزار کەس بریندار بوون و هەزاران کەسیش دەستبەسەرکران و یان ڕفێندران. سەرەڕای ئەم سەرکوتگەریانە و دامرکانی ئەم ئاخێزە جەماوەرییە، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک دژبە درێژەی ئەم وەزعە وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش هەرچەند وەخت جارێک سەرهەڵدەداتەوە. ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ی عێراق کە نیشانەی بەرچاوی بەشداریی جەماوەری خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگادا بوو، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە وشیاریی خەڵک بەنیسبەت ئەوەیکە لە عێراقدا لەئارادایە، پێکهێناوە. دواهات و ڕەنگدانەوەی ئەم ڕاپەڕینە شکۆدارە لە بایکۆتی بەرینی هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا خۆی نیشان دا.

بایکۆتی بەرین و وشیارانەی ئەم هەڵبژاردنە نیشانەی ئەوەیە کە کرێکاران و زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی عێراق هیچ هیوایەکیان بە ئاڵوگۆڕ لە ڕێگەی سندووقی دەنگدان و لەژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانانی سیاسی و ئایینی و پارت و هێزە دەسەڵاتدارەکانی ئێستای عێراق نییە. بەهەر حاڵ ئەم هەڵبژاردنە ئارایشی هێزە سیاسی و ئایینییەکان لە ناو دەسەڵاتی عێراقدا بۆ قۆناغێکی دیکە پێکدێنێت. لەو جێگەوە کە عێراق پاش ڕووخانی ڕژیمی سەدام و لەژێر دەسەڵاتی ڕەوتی شیعە، یەکێک لە ناوەندەکانی دەخاڵەت و کێبەرکێی ئەمریکا و دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە لەوانە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و حکوومەتی پاشایەتیی عەرەبستانی سعوودی و دەوڵەتی تورکییه بووە، ئەم ناکۆکی و کێشمەکێشانە مۆری خۆیان بەسەر ئارایش و هاوپەیمانێتیی هەڵبژاردنەکانی ئەم قۆناغەشدا کوتاوە. ڕەوتی موقتەدا سەدر کە زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەست هێناوە و بۆ پێکهێنانی دەوڵەت لەگەڵ باقیی هاوپەیمانەکان دەستی کردووە بە وتووێژ، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە تا بە پەنابردنی بۆ پێناسی ناسیۆنالیسمی عەرەبی و پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی، ئۆردۆن و ئیمارات و لێک نزیک کردنەوەی هێندێک لە گرووپە مەزهەبییە شیعە و سوننەکان، مەترسیی پارچە پارچەبوونی عێراق بڕەوێنێت و دەست تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی سنووردارتر بکات. ئەمریکا و بەتایبەت عەرەبستانی سعوودی لە پشت ئەم هەوڵانەن و دیارە ئەوەش بەشێک لە هەوڵەکانی ئەوان بووە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دەخاڵەتگەری کۆماری ئییسلامی لە عێراق. کەوابوو پێگەی ڕەوتی موقتەدا سەدر لەم هەڵبژاردنەدا لەچاو هاوپەیمانێتیی ئەلفەتح بە ڕێبەریی هادی عامری کە لە حەشدی شەعبی پێکهاتووە، نیشانەی پەرەسەندنی نفووزی پاشایەتیی عەرەبستانە بە نیسبەت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە عێراق.

هەر لە ئێستاوە ئاشکرایە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، حکوومەتی پاشایەتیی عەرەبستان و دەوڵەتی تورکییه، بەدوور لە چاوی دەنگدەران، لەڕێگەی سات و سەودای پشتی پەردە بۆ بەهێزکردنی پێگە و پەرەپێدانی نفووزی خۆیان لە عێراقی پاش چوونەدەرەوەی ئەمریکا خۆیان ئامادە دەکەن. بۆ جارێکی دیکە بابەتی ڕێکەوتن لەسەر دابەشکاریی دەسەڵات دەخرێتە جێگای دەنگی هەر ئەم کەمینەیە لە دەنگدەران. لە وڵاتانێکی وەک عێراق کە زۆربەی حیزب و هاوپەیمانە سیاسییەکان پشتیان بە هێزی نیزامی، سەرچاوەی ماڵی و پشتوانیی دەسەڵاتە کۆنەپەرستە جیهانی و ناوچەییەکان بەستووە، هەڵبژاردن و سندووقی دەنگدان هیچ پەیوەندییەکی بە دەخاڵەتدانی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگادا نییە. دەستڕاگەیشتن بە ئامرازەکانی دەسەڵات نە لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدان، بەڵکوو لە لوولەی تفەنگ و دۆلارە نەوتییەکانەوە دێتە دەرێ. پاش ئەفغانستان، باروودۆخی عێراق و دواهاتی دەستتێوەردانی نیزامیی ئەمریکا قۆناغێکی نوێی لە ئیمپریالیسم نیشان دا کە تەنانەت گەشە و نۆژنکردنەوەی ڕواڵەتیشی  بەیەکجاری وەلاناوە.

لە کوردستانیش نزیک بە سێ دەیە دەسەڵاتی حیزبە بورژوا ناسیۆنالیستەکان و بێزاریی گشتی لە کردەوەی ئەم ماوەیان بووەتە هۆی ئەوەیکە ژمارەیەکی بەرین لە خەڵک هیوای خۆیان بۆ باشتر بوونی باروودۆخ لەژێر دەسەڵاتی ئەم حیزبانەدا لەدەست بدەن و نەڕۆنە پای سندووقەکانی دەنگدان. لە کوردستان بێتوانایی حکوومەتی خۆجێیی و حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە وەڵامدانەوە بە چاوەڕوانییەکانی جەماوەری خەڵک، جێکەوتنی گەندەڵیی ماڵی و ئیداری، ئیفلیج بوونی سیستەمی نیوەچڵی دیمۆکراسیی پەرلەمانی، سەرکوتگەریی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەرامبەر بە ناڕەزایەتیی مافخوازانەی خەڵک و لەوانەش زیاتر نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ باشتر کردنی ئەم باروودۆخە، دەستیان داوەتە دەستی یەک و خەڵکی کوردستانی لە ئاستێکی بەریندا لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان دوور خستووەتەوە. ئەزموونی ئەم ساڵانە نیشانی داوە کە سیستەمی نیوەچڵی دێمۆکراسیی پەرلەمانی لە کوردستان هیچ ئاستێک لە دەخاڵەتی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووس و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای دابین نەکردووە.

بەڵام سەرەڕای زەوت کردنی دووبارەی دسەڵات لەلایەن هاوپەیمانێتیی سیاسی و ئایینی و حیزب و هێزە دەسەڵاتدارەکان لە عێراق و دەستتێوەردانی حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، ڕاپەڕینی شکۆداری ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و بایکۆتی بەرینی ئەم هەڵبژاردنانە نیشانی دا کە هێزی ماددی و واقعی بۆ گۆڕینی ئەم کۆمەڵگایە بوونی هەیە. چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش، ژنانی ستەملێکراو، مامۆستایان و هەموو ئەو مرۆڤانەی کە لە درێژەی باروودۆخی ئێستای عێراق و کوردستان وەتەنگ هاتوون، هیچ ڕێگایەکیان بێجگەلە ئەوە نییە کە بۆ کۆتایی هێنان بە باروودۆخی ئێستا، بەشداری گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا بن، ئیرادە و ڕیزەکانی خۆیان یەکگرتوو بکەن، ڕێکخراوی خۆیان پێکبێنن، ڕێبەریی خۆیان ڕێکبەخەن و لە ڕێگەی هەر ئەم ناوەندانەوە مەسیری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بدۆزنەوە. کرێکارانی وشیار، کۆمۆنیست و هێزە ڕادیکاڵ و ئازادیخوازەکان بە یەکگرتوو کردنی ڕیزەکانی خۆیان و بە ستراتێژی سیاسیی ڕوونی سۆسیالیستی دەتوانن پێشڕەویی خۆیان لە خەبات دژبە چینی دەسەڵاتدار زەمانەت بکەن.