فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

“حەوت تەپە گیانمانە! ئەقڵی بەکۆمەڵ وتەمانە!”
چوارشەممە ۲۸-۰۷-۱۴۰۰   |  20-10-2021
"حەوت تەپە گیانمانە! ئەقڵی بەکۆمەڵ وتەمانە!"

رووداوەکان لە حەوت تەپە بە خێرایی تێدەپەڕن. دەوری نوێی خەباتی کرێکارانی حەوت تەپە لە ماوەی سێ حەفتە دا سەرکەوتنی زیاتری بەدەست هێناوە. ئەوان هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی دەوری نوێی مانگرتنەکەیان لە شەشومی مانگی رەزبەر دا جەختییان لە سەر خواستە هەمەلایەنەکانی خۆیان کردەوە: ” دیاری کردنی خێرای چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتی شیرکەت و روون کردنەوەی شێوازی قیمەتەکان و راسپاردنەوەی شیرکەت بە دەوڵەت، پێدرانی خێرای حەقدەستە دواخراوەکان و گشت داواکارییە رێسایی و یاسایی، وەگەڕ خستنەوەی خێرای چاندن و نۆژەن کردنەوەی کارخانە، گەڕاندنەوەی هەموو کرێکارانی دەرکراو بۆ سەر کار، درێژ کردنەوەی گرێبەستی کرێکارانی وەرزی، ئاشکرا کردن و بەکردەوە دەرهێنانی حکومی ئەسەد بەیگی و رۆستەمی لە دۆسییەی دزییەکانیان و کۆتایی هێنان بە دۆسییەی خانمی زیلابی”.

کرێکارانی حەوت تەپە هەموو رۆژێک “مەجمەع عمومی” واتە کۆبوونەوەی گشتی خۆیان پێکهێناوە و بڕیاری گەلی پێویستییان گرتووە. کۆبوونەوە لە حەوشەی شیرکەت، کۆبوونەوە لە بەرامبەر فەرمانداری شوش، رێپێوان لە شوش و بانگێشتی خەڵک بۆ پشتیوانی کردن لێیان، چوون بۆ ئەهواز و کۆبوونەوە لە بەرامبەر ئوستانداری، کۆبوونەوە لە بەرامبەر ئیدارەی کار، بەردەوامی کۆبوونەوەکان لە شوش و وتاردانی نوێنەران لە سەر “سەنگەر”. ئەوان بە تایبەت لە راپۆرتەکەی خۆیان دا لە چواردەهەمین رۆژی کۆبوونەوەکەیان لە رۆژی نۆزدەی رەزبەر دا نووسییان: ” ئەمڕۆ هاوکارانمان سەرەتا لە بەردەمی شیرکەت کۆبووینەوە و لە کۆبوونەوەی گشتیمان دا و بە ئەقڵی هەموومان سێ بڕیارمان دەرکرد، کە یەکەم مانگرتن دەبێ تا دیاریکرانی خاوەندارییەتی شیرکەت درێژەی هەبێ. دووهەم، ئەمڕۆ ناڕەزایەتییەکەمان لە بەر فەرمانداری بێ یان ئیدارەی کار؟ کە هاوکارنمان بەر ئیدارەی کارییان هەڵبژارد. سێیەم ئەوەیکە ئەمڕۆ کام داوەکاری بەرجەستە پکەینەوە. هاوکارنمان بڕیارییان دا بۆ بەرگری لە هاوڕێیانی دەرکراومان ئیسماعیل بەخشی، محەمەد خۆنیفەر، سالار بیژەنی و ئیمان ئەخزەری کە لە سەر خواستەکانی ئێمە گیراون، جەخت پکەینەوە”.

هاوکات لە گەڵ درێژەی مانگرتنی کرێکاران، هەواڵی ناتەبا لە بارەی بارودۆخی کرێکارانی شیرکەتی حەوت تەپە بڵاو بووە. ئامانجی سەرەکی لە بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵانە درووست کردنی دوودڵی لە نێوان کرێکاران و کۆتایی هێنان بە مانگرتن بوو. لە رۆژی سی و یەکی مانگی خەرمانان دا نوێنەری شوش هەواڵی دانیشتنی سێ قووەی راگەیاند و نووسی کە ئەم شیرکەتە لە بڕی بەشێک لە قەرزی دەوڵەت بە سیستەمی بانکی، بە بانکی میللی و سادرات دەسپێردرێ. هێشتا پێنج رۆژ لە بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە تێنەپەڕی بوو کە کرێکارانی حەوت تەپە بە دەسپێکردنەوەی دەوری تازەی مانگرتنەکەیان وڵامێکی شیاوییان بەو هەوڵانە دا. سەرئەنجام لە هەژدەی مانگی رەزبەر دا لە دانیشتنێک دا بە بەرپرسایەتی جێگری یەکەمی رەئیسی و بەشێک لە وەزیرەکانی کابینە، ئوستانداری خوزستان، بەرپرسی سازمانی خسوسی سازی و کاربەدەستانی بانکی میللی و سادرات راگەیەندرا کە بەڕێوەبەرایەتی حەوت تەپە بە ” شیرکەتی گەشەپێدانی نەیشەکەر و سەنعەتەکانی دەوروبەری- حەوت تەرح” رادەسپێردرێ. ئەم بڕیارە بەو واتایە بوو کە خاوەندارییەتی حەوت تەپە هەروا لە دەستی سازمانی خسوسی سازی دا دەمێنێتەوە تا لە کاتی گونجاو دا بە بەشی خسووسی بدرێتەوە. کاناڵی سەربەخۆی کرێکارانی حەوت تەپە خێرا بەرپرچی ئەم کردەوانەی دایەوە و رایگەیاند ئەم بڕیارەی رژیم کەڵەکێکی تازەیە بۆ دامرکاندنی مانگرتن و دەورێکی باتڵی دیکەیە بۆ بە خسووسی کردن و هەر لەبەر ئەوە رایانگەیاند کە خاوەن دارییەتی و بەڕێوەبەرایەتی دوو ئەرکی جیاوازن و ئێستا خاوەن دارییەتی حەوت تەپە دەبێ روون بێتەوە. کرێکاران دەڵێن کە خاوندارییەتی حەوت تەپە دەبێ بە تەواوی لە دەستی سازمانی خسوسی سازی بێتە دەری و بە “گەشەپێدانی نەیشەکەر” یان هەر “حەوت تەرح” بدرێ. کرێکاران هەمیشە وتوویانە کە : ” بەڕێوەبەرایەتی بە هەربەشێک بسپێردرێ، دەبێ هەموو کارەکان لە ژێر چاوەدێری کرێکاران و بە دەخاڵەتی تەواوی ئەوان بێ” ئەوان هەموو جارێک وتوویانە کە “هیچ متمانەیەکییان بە هیچ بەڕێوەبەرێک بێجگە لە خۆیان نییە”.

لە شازدەهەمین رۆژی مانگرتنی کرێکاران دا، حوکمی بیست ساڵ زیندان بەسەر ئەسەدبەیگی و رۆستەمی دا راگەیندرا. ئەگەر حوکمی دەست کۆتا کردن بە یەکەم سەرکەوتنی پڕ لە شانازی کریکارانی حەوت تەپە دابنێین، مەحکوم کردنی ئەم دوانە بێ گومان دووهەم سەرکەوتنی پڕ لە شانازی کرێکارانە. دادگایی کردنی ئەم دوانە بە واتای رسوا کردنی هەموو ئەو کەسانە بوو کە لەم ماوەیە دا هاودەستی ئەوان بوون. لە سەروترین کاربەدەستانی دەوڵەتی روحانی تا ئوستانداری خوزستان، لە نوێنەرانی مەجلیس تا فەرمانداری شوش و مونتەزیری جێگری قوەی قەزائیەی رژیم. لە هەمان کات دا ئەو کارەی کە نوێنەرانی کریکارانی حەوت تەپە زیاد لە دوو ساڵ لە بارەی گەندەڵی ماڵی لە حەوت تەپە وتبوویان و لەبەر ئەو زیندانی کرابوون و یان دەرکرا بوون و وەکیلەکەیان حەبس کرابوو، کەوتە بەرچاوی رای گشتی. کۆمەڵگا بینی کە رژیمی سەرمایەداری ئیسلامی بۆ کرێکاران و وەکیلەکەیان حوکم دەر دەکا، بەڵام بۆ تاڵانچییەکان بە چەندین مانگ کات پێویستە و دەرکەوت کە تازە ئەم حوکمە تەنیا و تەنیا لە ئاکامی خۆڕاگری و راوەستاوی کرێکارانی حەوت تەپە مسۆگەر بووە. لە رۆژی شەممە بیست و چواری مانگی رەزبەر لە نۆزدەهەمین رۆژی مانگرتن دا، کرێکارانی دەرکراو محەمەد خۆنیفەر و ئیمان خزری لە نێو ئاپۆرەی گەرمی کرێکارانی حەوت تەپە گەڕانەوە سەرکارەکانییان. نە تەنیا ئەوان بەڵکوو هەموو وتاربێژەکان لە سەر سەنگەرەوە رایانگەیاندەوە کە تاکوو گەڕانەوە بۆ سەر کاری ئیسماعیل بەخشی و سالار بیژەنی درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن. ئیبراهیم عەباسی یەکیکی دیکە لە نوێنەران لە کاتێک دا بوغز بەری گەرووی گرتبوو، وتی لەبیرمان ناچێ کە دوو ساڵ و نیو پێش لە سەر ئەم سکۆیەوە ئیسماعیل بەخشی خواستی دەست کۆتا کردنی راگەیاندو هەزینەیەکی زۆریشی بۆ داو لەبیرمان ناچێ کە هێشتا ئیسماعیل بەخشی و سالار بیژەنی نەگەڕاونەتەوە.

راستێکەی ئەوەیە کە کرێکارانی حەوت تەپە بە گەڵاڵە کردنی خواستی دەست کۆتا کردنی بەشی خسووسی، چوونە شەڕی یەکێک لە گرینگترین سیاسەتەکانی ئابوری نێئۆلیبڕاڵی رژیمەوە. بە خواستی دادگایی کردنی تاڵانچییەکان و یەکلا کردنەوەی ئەم خواستانە، تاڵانچییەکان لە حەوت تەپە کێشرانە داگا و سەرەنجام بە گەڕاندنەوەی دوو کەس لە هاوکارانی دەرکراوییان راشکاوانە رایانگەیاند کە بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران بۆ وەدیهێنانی خواستەکانی چووەتە ناو قۆناغێکی تازەوە. لە خۆڕا نەبوو کە زۆرێک لە رێکخراوە کریکارییەکان لە بەیانییەکانی خۆیان دا نە تەنیا لە سەر گرینگی ئەم سەرکەوتنانە پێداگرییان دەکرد، بەڵکوو شوڕای خانەنشین کراوان ئەم سەرکەوتنانەی لە ئاکامی حزوری هەمیشەیی کرێکارانی حەوت تەپە لە کۆبوونەوە گشتییەکانیان و رێگەی چارەی شوڕایی راگەیاند.

بێ گومان کرێکارانی حەوت تەپە بە پشت بەستن بەم سەرکەوتنانەو بە پشت بەستن بە خۆڕاگری و ڕاوەستاوی، یەکگرتووی و وشیاری دەتوانن درێژە بە پێشڕەوییەکانی خۆیان بدەن. کرێکارانی حەوت تەپە لە وەفادار مانەوە بە رەستەی ئەم نوێنەرەی خۆیان کە لە سەر سەنگەرەوە وتی: ” ئەقڵی بە کۆمەڵ یانی ئەوەیکە هەموومان دەبین بە یەک جەستە بۆ یەک ئامانج! حەوت تەپە گیانمانە! ئەقڵی بە کۆمەڵ وتەمانە!” یانی هەڵسووڕان بە شێوازی شوڕایی دەتوانێ خاکڕێژی زیاتر و نوێ لە پێناو پێشڕەوی دا مسۆگەر پکا.