کەژاڵ نەسری چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی دانیشتووی گوندی تەنگیسەر، سەر بە شاری سنە کە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و دوای مانگێک بە بارمتە ئازاد کرابوو، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا. ئەو سزایە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنە و بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لە یەکیک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان بە سەر ناوبراودا سەپاوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.
کەژاڵ نەسری چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی شاری سنە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بە بێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر و بە زۆرەملێ ڕفێندرا، بە شێوەیەک کە هەتا سێ حەوتوو بنەماڵەکەی بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری شوێنی ڕاگیران و باری تەندروستی ناوبراو نەبوون.