بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی خوێندنی (۱۴۰۲- ۱۴۰۱)
لە سەروبەندی ساڵی نوێی خوێندندا، باروودۆخی ژیان و گوزەرانی بنەماڵە کرێکار و کەم داهاتەکان بەهۆی چوونەسەرەوەی چەند بەرابەری قیمەتەکان و دابەزینی توانای کڕینیان گەیشتووەتە ئاستێکی لەتاقەت بەدەر و بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان کەوتوونەتە مەزیقەوە. دەوڵەتی ڕەئیسی بە سیاسەتی لابردنی دراوی تەرجیحی بۆ هاوردەکردنی هێندێک کاڵای سەرەکی، بەشێوەیەکی بێوێنە نرخی خۆراکەکانی بردووەتە سەرێ و گرانی و تەوەرومێکی هەوسارپچڕاوی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. کرێی ماڵ و نرخی دەرمان، مریشک و ڕۆن زۆرترین بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە. هەزینەی دابینکردنی مەسکەن و کرێی ماڵ زیاتر لە ٦٠ لەسەدی داهاتی کرێکاران بەخۆی تەرخان دەکات. چەند ڕۆژ بەر لە کرانەوەی مەدرەسەکان میدیاکانی حکوومەت باس لە چوونەسەرەوەی ٨٠ لەسەدیی نرخی کەلوپەلی نووسین دەکەن. بەرئاوردێکی سادە نیشانی دەدات کە بنەماڵەکان بۆ کڕینی کەلوپەلی نووسینی خوێندکارێکی قۆناغی پێش سەرەتایی و سەرەتایی، دەبێ بێجگەلە دانی شەهرییە بەبیانووی جۆراوجۆر، زیاتر لە ٨٠٠ هەزار تا دوو ملیۆن تمەن تەنیا بۆ کڕینی کەلوپەلی نووسین پەرداخت بکەن. هەربۆیە دابینکردنی پێداویستیی سەرەتایی منداڵان بووەتە یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی بنەماڵە کرێکار و کەم داهاتەکان. لە وەها باروودۆخێکدا ملیۆنها منداڵ و تازەلاو لە چوون بۆ مەدرەسە بێبەری بوون و لە کارگە، کۆرەخانە، مەزرا و ماڵەکاندا دەستیان داوەتە کاری تاقەت پڕووکێن، تا دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکانی بنەماڵە وەئەستۆ بگرن و یان بە لەشکری منداڵانی کار پەیوەست دەبن. لەو نێوەدا منداڵانی پەنابەری ئەفغانستانی بەهۆی سیاسەتی دژەپەنابەریی ڕێژیمی ئیسلامی و کێشەی قەبووڵ نەکردنیان لە مەدرەسە دەوڵەتییەکان، بەرەوڕووی دژواریی زیاتر دەبنەوە.
لە مەدرەسە و زانکۆکانیشدا ناوەرۆکی کتێبە دەرسییەکان و هەزاران ئاخوند و بانگەشەکاری مەزهەبی، کە بەپێی تەفاهومنامەی وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش و حەوزەی عیلمییەی ڕێژیم ڕەوانەی ناوەندەکانی فێرکاری دەکرێن، ئەو ئامرازانەن کە بە پشتیوانەی دەزگای ئایدیۆلۆژیک و ئەمنییەتیی دەسەڵاتدار هەموو جۆرە پەروەردەیەکی زانستی و هەر نیشانەیەک لە پەرەپێدانی کلتووری پێشکەوتوو و ئینسانی دەبەنە ژێر پرسیارەوە. خوێندکاران ناچار دەکرێن لەجیاتی زانست و ناسینی ڕاستییەکانی دنیای دەورووبەریان، خورافاتی مەزهەبی و بیری پرتووکاوی هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوبەر لە بانگەشەکارانی مەزهەبییەوە فێربن و بیخەنە مێشکیانەوە. کاتێک کە ئاپارتاید و هەڵاواردنی ڕەگەزی یەکێک لە بناغەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی پێکدەهێنێت، ئەم ڕێبازە دژە ئینسانییە دەبێ لەڕێگەی جێبەجێکردنی سیاسەتی جیاکاریی ڕەگەزی و پێشخستنی سیستماتیکی کولتوری کۆنەپەرستی پیاوسالاری و ژنکوژی لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا پەرەی پێبدرێت. لەم سیستەمە پەروەردەییەدا هەرجۆرە داهێنانی خوێندکار لە بواری هونەر و زانستدا سەرکوت دەکرێت. لەوەها کەشوهەوایەکدا، مامۆستایانی ئازادیخواز، نە تەنیا دەبێ بارودۆخی پۆلیسی و پشکنیکی بیروبۆچوون و حزووری موبەلیغانی ئایینی و دامەزراوە ئەمنییەکان لە مەدرەسەکاندا ببنە ژێر پرسیارەوە، بەڵکوو پێویستە لە هەموو دەرفەتێک بۆ فێرکردنی چەمکە زانستییەکان و ئاشناکردنی خوێندکاران بە مەعریفە و فەرهەنگی پێشکەوتنخوازانە کەڵک وەربگرن.
بەڵام سەرەڕای گرانی و هەژاری و نەهامەتییەک کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر کرێکاران و بێبەشانی ئەم کۆمەڵگایەیدا سەپاندووە و سەرەڕای ڕەنگدانەوەی بۆشایی قووڵی چینایەتی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و ستەمی نەتەوەیی و مەزهەبی لە سیستەمی پەرەوەردەدا، بە پشتیوانەی مانگرتنی کرێکاران، خەباتی شکۆداری مامۆستایان، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و بەشداریی ژنان لە پێشەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە و شور و شەوقێکی خەباتکارانە کە بۆ گۆڕینی ئەم باروودۆخە لەئارادایە، ئاسۆیەکی ڕوون و هیوابەخش کەوتووەتە بەردەم کۆمەڵگەوە. مامۆستایانی خەباتکاری ئێران سەرەڕای گوشاری گرانی و هەژاری و سەرکوت، بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری، ڕۆڵێکی بەرچاویان لەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەدا بینیوە. خەباتی مامۆستایان بە درووشم و داخوازییەکانیانەوە، پانتاییەکی سەرانسەری و سیاسیی بەخۆگرتووە و سیاسەتەکانی ڕێژیمی بردووەتە ژێر پرسیارەوە. خەباتی مامۆستایان بەتایبەت بە بەشداریی بەرچاوی ژنان زەرفییەتێکی مەزنی بۆ کاریگەری دانان لەسەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگە لەخۆی نیشان داوە. مامۆستایان بە پێداگری لەسەر خواستی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و نەمانی هەڵاواردن و بردنەسەرەوەی حەقدەست بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و خواستی مەنعی کاڵایی بوونی پەروەردە و دەرمان و تەندرووستی، لەڕاستیدا خواستی کرێکاران و بێبەشانی شار و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەشیان گەڵاڵە کردووە. مامۆستایان کە زۆربەیان بەرەو ژیانی ژێر هێڵیی هەژاری بردراون، بۆ وەدی هاتنی خواستەکانیان لە مەسیری یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان هەنگاویان هەڵگرتووە و ئەزموونی بەنرخیان لە بواری سەرانسەری کردەنەوەی ناڕەزایەتییەکانیان بەدەست هێناوە. لەم ڕووەوە خوێندکاران پێویستە لە مامۆستایانی خۆیان نەتەنیا زانیاری و زانست، بەڵکوو دەرسی خەبات و تاکتیکەکانی فێربن. خوێندکاران دەتوانن بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی خەباتی مامۆستایان و تەجروبەی بەنرخی بزووتنەوەی خوێندکاری و خەباتی خوێندکاران، شۆرا و ناوەند و ئەنجومەنی خوێندکاری پێکبێنن و هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان بە پشتیوانی لە مامۆستایان، سیاسەتی ئەمنییەتی و کۆنەپەرستانەی ڕێژیمی ئیسلامی لەبواری پەروەردە و بارهێنانەوە ناچار بە پاشەکشە بکەن و بە سەهمی خۆیان وەزەیەکی نوێ بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵگە ببەخشن.
لە باروودۆخێکدا کە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئاسۆیەکی هیوابەخشی بەڕووی کۆمەڵگەدا کردووەتەوە، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن، سەرجەم خوێندکاران بانگەشەی پێکهێنانی شۆرا و ناوەندی خەباتکارانە و پشتیوانیی بێدەریغ لە بزووتنەوەی مافخوازانەی مامۆستایان دەکات.
بڕووخێت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
خەرمانانی ١٤٠١
سێپتامبری ٢٠٢٢