لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران بە دژی کوژرانی ژینا ئەمیی لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە، لە شاری شنۆ لانی کەم سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەمین مەعڕفەت تەمەن ١۶ ساڵ، میلان حەقیقی تەمەن ٢١ ساڵ و سەدرەدین لەیتانی تەمەن ٢٧ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رژیم گیانیان لە دەستدا. سەرچاوەکانی هەنگاو لەم پەیوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە ئەمین مەعڕەفەت و میلان حەقیقی بە چەکی کڵاشینکۆفی هێزەکانی ئێران پێکراون و گوللە بەر سینگیان کەوتووە و هەروەها سەدەردین لەیتانی گوللە بەر سەری کەوتووە.
شەوی ڕابردوو هەنگاو بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی خۆی لە نەخۆشخانەی نەبی ئەکرەمی شاری شنۆ، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی تویتەری خۆیدا ڕاگەیاندبوو کە میلان حەقیقی بۆ چارەسەریی برینەکەی پێویستی بە نەشتەرگەریی خێرایە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکومەت پێشیان بە نەشتەرگەری و چارەسەریی ئەو بریندارە گرتووە.
لە شاری شنۆ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لانی کەم ٤٣ هاووڵاتیی کورد بریندار و ١٨ کەسیان بە هۆی قووڵیی برینەکانیانەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ئورمیە گوازراونەتەوە.