فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەرکرانی ٤کچی تازەلاو لە ئیلام
شەممە ۰۲-۰۷-۱۴۰۱   |  24-09-2022

لە درێژەی ڕەوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شاری ئیلام لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن رژیمەوە، چوار کچی مێرمنداڵ و تازەلاوی شاری ئیلام بە ناوەکانی نیلووفەر قازی، سارا شێردڵ، مونا مروەتی و ئیلاهە موئمنی، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رژیم لەو شارە دەستبەسەر کراون.
نیلووفەر قازی تەمەن ١٧ ساڵ، ئیلاهە موئمنی تەمەن ١۶ ساڵ، سارا شێردڵ تەمەن ١٨ ساڵ و مونا مروەتی تەمەن ٢٠ ساڵ سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانان، لە ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و لە شاری ئیلام، دەستبەسەر کراون.

بنەماڵەی ئەو چوار کچە گیراوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەردەوام لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان سەردانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕژیم لەو شارەیان کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ ناوەند و بەرپرسێکی رژیم وەڵامدەریان نەبوون و هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە.

شایانی باسە کە نیلووفەر قازی، نەخۆشیی درێژخایەنی( ئاسم (تەنگی نەفەسی هەیە و بە هۆی دەستپێڕانەگەیشتن بە دەرمانەکانی نەخۆشییەکەیەوە ژیانی لە مەترسیدا بووە و ئەمەش بنەماڵەکەی زیاتر نیگەران کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو چوار کچە، لەگەڵ چەندین کچی تر دەستبەسەر کراون و بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندی شاهێد لە جووتسایدی هەواڵنێران لە شاری ئیلام گوازراونەتەوە.