فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کرێکاران، خەڵکی خەباتکاری ئێران، بە ئاخێزی مەهسا پەیوەست بن
سێشەممە ۰۵-۰۷-۱۴۰۱   |  27-09-2022

زیاتر لە ٩ ڕۆژ لە کوشتنی وەحشیانەی مەهسا (ژینا) ئەمینی بە دەستی لات و چەقۆکێشانی ئیرشادی ڕێژیمی ئیسلامی تێپەڕ بووە. خوێنڕێژانی ڕێژیم لەو خەیاڵە خاوەدا بوون کە بە بەندکردنی ژینای لاو، مەجبووری دەکەن تا حیجاب، ئەم هێمایەی کۆیلەتیی ژن لەسەری بکات و بەمجۆرە ئەوانیش ئەرکی ئیلاهیی خۆیان بەجێ هێناوە. بەڵام نەیاندەزانی کە کوشتنی مەهسا بزووتنەوەیەکی بەرین وەڕێ دەخات و تووڕەیی پەنگخواردووی خەڵک دەڕژێنێتە سەر شەقامەکان. سەقزی قارەمان کچەکەی خۆی بە خەمێکی گەورەوە بەخاک سپارد و ئەوەش بوو بە دەستپێکی بزووتنەوەیەکی مەزن کە زیاتر لە یەک حەفتەیە چوار گۆشەی ئێرانی گرتووەتەوە. ئێستا شەقامەکان بوونەتە گۆڕەپانی خەبات دژبە هێزی سەرکوتگەر. لێرە و لەوێ خەباتکاران پاشەکشە بە سەرکوتگەران دەکەن و لە زۆر شار شەقامەکانیان گرتووەتەوە. بەرامبەربە هێزی سەرکوتگەر لە هەر شوێنێک هاوسەنگیی هێز ڕێگە بدات، هێماکانی دەسەڵاتی ڕێژیم ئاگر تێبەر دەدەن. ئێستا هەر لەو شارانەی کە ڕێژیم سەردەمانێک بۆ تەرمی فەرماندەی تیرۆریست و جەنایەتکاری ڕێپێوانی دەکرد، لاوانی شار بەنێرەکانی دێننە خوارێ و ئاگری تێبەر دەدەن. بۆ جارێکی دیکە سەرانی ڕێژیم بێشەرمانە ئیدیعای ئەوەیان کرد کە گوایە ژمارەیەک لە دەرەوەی وڵات مەئمووریەتییان پێ دراوە کە نائارامی بخوڵقێنن. ئەم ئیدیعایە، ڕەئیسیی قاتڵ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باسی لێ کرد و دوای گەڕانەوەشی بۆ ئێران جارێکی تر دووپاتی کردەوە. ئەم کۆنەپەرستانە بۆ پاساوکردنی سەرکوتی ناڕازییانێک کە لە شارە چکۆلە و گەورەکانی ئێران هاتوونەتە سەر شەقام و درووشمی “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر” دەڵێن و ژنانێک کە لەسەر شەقامەکان لەچکەکانیان لە ئاگری تووڕەیی خۆیاندا دەسووتێنن، بە دەست و پێوەندی دەسەڵاتی دەرەکی پێناسە دەکەن. بەڵام دووپات کردنەوەی ئەم ئیدیعا کۆنە و شڕۆڵانە سەرانی ڕێژیم ڕسواتر دەکات. ناڕازییان لە ڕیزەکانی خۆیاندا دراوسێکانی خۆیان دەبینن، ڕوخساری هاوکاری ناڕازییان دەبینن، پەراوێزنشینان لە ڕیزی خۆیاندا ڕوخساری هاوچارەنووسانیان دەبینن، خوێندکاران هاوکلاسییەکانیان، مامۆستایان هاوکاران و شاگردانی خۆیان دەبینن، خانەنشینکراوان ئەوانە دەبینن کە ئێستا چەندین مانگە لەپێناو خواستەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن. لەو نێوەشدا لە هەمووان گرینگتر، ژنانی ڕاپەڕیو هەموو سنوور و هێڵە سوورەکانی ڕێژیمیان بەزاندووە و بە دەنگی ڕەساوە هاواری ڕزگاری دەکەن.
ئاخێزی مانگی بەفرانبار بە درووشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواو بوو ماجەرا” کۆتایی بە زاڵبوونی دوو دەیە وتاری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی هێنا. ئاخێزی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ ئاخێزی نان بوو، ئاخێزی هەژاران بوو و دیتمان کە هێشتا چەند کاتژمێر لە ڕاگەیاندنی گرانبوونی بەنزین تێنەپەڕیبوو کە خەڵک دەستبەجێ لە زیاتر لە سەد شار ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەم ئاخێزە ستراتێژی تێپەڕینی هێمنانەی لە ڕێژیمی ئیسلامی وەپشت سەر نا. خەڵکی بەتاڵانچوو و تووڕە بەخاتری ساڵەها بێبەشی و هەژاریی بێسنوور، لەبەرامبەر فیشەکی هێزە سەرکوتگەرەکاندا سینگیان کردە قەڵغان و درووشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆریان وتەوە. ئەم ئاخێزانە نیشانیان دا کە خەڵک تەماشاچییانی بێ دەەسەڵاتی نەبەردە چینایەتییەکان نین. ئەوان مانگرتنی قارەمانانەی کرێکارانی حەوت تەپە و فوولادی ئەهوازیان بینیبوو، مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان، مانگرتنی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن، مانگرتنی هێپکۆ، ئازەرئاب، مانگرتنی خانەشینکراوان و مامۆستایان، مانگرتنی خوێندکاران و بە زەوی دادانی حیجابی ژنانی خەباتکاریان بینبوو. ئەمجارەیان خودی خەڵک، بوون بە ئەکتەرەکانی ئەم نەبەردە. هەموو ئەم تایبەتمەندییانە بەیانی ئەو خەسڵەتە تەهاجومیانە بوون کە ئاخێزی خەزەڵوەر خۆی لەگەڵ پێناسەکرد.
ئێمە لەئێستادا بە درووستی باس لە بزووتنەوەی مەهسا دەکەین. واتە بزووتنەوەیەک کە تێیدا ژنانی قارەمان پەلاماریان کردووەتە سەر پایەکانی ئایدیۆلۆژیی دەسەڵات. ماوەی چەندین حەفتە بوو کە ژنان بە بوێرییەکی بێوێنەوە حەفتەی “حیجاب و عیفاف”ی ڕێژیمیان بردبووە ژێر پرسیارەوە و ئێستاش قەتڵی وەحشیانەی ژینا گۆشەیەک لە هێزی مەزنی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ژنانی دەرخستووە. ئەوان لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا، لە مەیدانی نەبەردی سەرشەقام لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕێژیم، یەکێک لە پایەکانی ڕێژیمیان خستووەتە لەرزە. ڕۆژانی ڕابردوو نیشانی دا کە چلۆن بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ژنان دەتوانێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت.
ئاخێزی مەهسا ئەگەرچی گوڕوتین و هیوایەکی مەزنی لە کۆمەڵگەدا پێک هێناوە، بەڵام درێژە و پێشڕەوییەکەی لە گرەوی سەرانسەریتر بوونەوە، جەماوەریتر بوونەوە و هاتنە مەیدانی چینی کرێکار لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سەرانسەریدایە. هەر ئەندازە ئەم ئاخێزە سەرانسەریتر بێتەوە و پارێزگا و شاری زیاتر لە خۆ بگرێت، دەتوانێ لە چڕبوونەوەی هێزی سەرکوتگەری دوژمن لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم خەباتە ڕێگری بکات. جەماوەریتر بوونەوەی ئەم ئاخێزە مانعی ئەوە دەبێت کە هێزە سەرکوتگەرەکان بتوانن ڕێزی ناڕازییان پڕژوبڵاو بکەن و ئەم ناڕەزایەتییانە بەرەو شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقام بەرن. ئەگەر لە تاران و شارە گەورەکانی تری ئێران، خەڵک لە ئاستی دەیان و سەدان هەزار کەسیدا بڕژێنە سەر شەقامەکان، دوژمن توانای بەرەنگاربوونەوەی نابێت. ئەگەر چینی کرێکار کە بێگومان دڵی لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە لێ دەدات، بە مانگرتنی سەرانسەریی بێتە مەیدان و ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم زەمینگیر بکات، دەتوانێ درێژە و پێشڕەویی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە زەمانەت بکات.
نەسلی ناڕازییانێک کە ئێستا لەسەر شەقامەکانن، لە ماوەی پێنج ساڵدا ئەزموونی ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦، ئاخێزی مانگی خەزەڵوەری ٩٨، ئەزموونی ئاخێزی ئاو لە خووزستان و ئیسفەهان و ئاخێزی مەهسایان بەدەست هێناوە و مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە و سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمییەکان و مامۆستایان و بەشەکانی تری چینی کرێکاریان لەبیرە. ئەوان دەزانن کە جەماوەری تر بوونەوەی ئەم ئاخێزە و پەیوەندی شەقام و کارخانە دەتوانێ پێشڕەویی ئەم ئاخێزە زەمانەت بکات. لەم باروودۆخەدا، پەیوەندی شەقام و کارخانە، لە مانگرتنێکی سیاسی و گشتی و سەرانسەریدا کە ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان و خوێندن و شەقامەکان بکاتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی جەماوەری، دەتوانێ هێزی سەرکوتگەری ڕێژیم زەمینگیر بکات و خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕێژیمی ئیسلامی چەند هەنگاو بەرەوپێش بەرێت.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co