فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کرانی چوار کەس لە نوێنەرانی بازاریانی نەغەدە
چوارشەممە ۱۳-۰۷-۱۴۰۱   |  05-10-2022

دوابەدوای مانگرتنی گشتی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، ناوەندی چاودێری بەسەر شوێنە گشتییەکان، زۆرینەی دووکان و شوێنی کاری کاسبکارانیان لە شارەکانی پیرانشار، نەغەدە، شنۆ و سنە کە لە مانگرتنی گشتی ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەر بەشداربوون، داخستووە.
لە دوای تێپەڕینی دوو ڕۆژ بەسەر تەختە کردن و داخستنی دووکانەکانی شاری نەغەدە، بازاڕیانی ئەم شارە سەردانی ناوەندی چاودێری بەسەر شوێنە گشتییەکانیاندا کردووە و خوازیاری کردنەوەی دووکانەکانیان بوون، بەڵام داواکارییەکەیان بە توندی لەلایەن ئەم ناوەندەوە ڕەتکراوەتەوە.
ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەر، لەدوای بەدواداچوونەکانی پێش نوێژی ئەم شارە بۆ کردنەوەی دوو کانە تختەکراوەکان ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری نەغەدە، داوای لە بازاڕیان کردووە کە چوار کەس وەک نوێنەری خۆیان بۆ گفتوگۆ لەمبارەوە بەو ئیدارەیە بناسێنن.
هەر لە دوای داواکەی ئیدارەی ئیتلاعات، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی “مەحموود شافعی، محەممەد ساڵحی، ئەیووب بازیان و سەید تاهیر ڕاک” وەک نوێنەری بازاڕیان چوونەتە ئیدارەی ئیتلاعات، هەتا لەبارەی کردنەوەی دووکانەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەم ناوەندە ئەمنییەی رژیم گفتوگۆ بکەن.
شایانی باسە کە ئەم چوار هاووڵاتییە لە هەمان ڕۆژدا لە دانیشتنیان لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکراون و هەتا ئێستا لە دوای دوو ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانیان هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.