فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کرانی ٩ هاووڵاتی تر لە خۆپیشاندانەکاندا
پێنجشەممە ۱۴-۰۷-۱۴۰۱   |  06-10-2022

لە درێژەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان بە هۆی بەشداری کردنیان لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەریەکان لانی کەم ٩ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی؛ مەسعوود محەممەدی، سیروان ناسرزادە، ئارمان حەمیدی، ماهان عەبدوڵڵاهی، یوونس ئەحمەدی، ڕێبین عەلیاری، عەلی محەممەد ئەرشەد، سۆران سلێمان پوور و فەردین ئەڵڵامورادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەرکراون.
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی مەسعوود محەممەدی و سیروان ناسرزادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێنراون و هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی دەستبەسەرکران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕێبین عەلیاری و خەڵکی سەردەشت، ڕۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان، لە خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و هەتا ئێستا ئازاد نەکراوە.
ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، ماهان عەبدووڵاهی، خەڵکی سەقز و ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، ئارمان حەمیدی، خەڵکی کامیاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەرکراون و چارەنووسیان ناڕوونە.
هەروەها، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی ڕەزبەر،عەلی محەممەد ئەرشەد خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێنراوە و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە. لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکرانانەدا، یوونس ئەحمەدی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
لە شاری تیکاب، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی فەردین ئەڵڵامورادی دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ.
هەروەها، تازە لاوێکی خەڵکی ڕەبەت بەناوی سۆران سلێمان پوور کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیرابوو، ئازاد بووە.