ڕۆژی دووشەممە یازدەی مانگی ڕەزبەر، لە حەفدەهەمین ڕۆژی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی ئێران کە بە قەتڵی دەوڵەتیی مەهسا (ژینا) ئەمینی چەخماخەکەی لێدرا، خامنەیی لە مەراسیمێکی نیزامیدا دەرکەوت. ئەو بە ڕوخسارێکی سیس و عەبووس و نیگەرانەوە باسی ناڕەزایەتییەکانی کرد. واتە ئەو ناڕەزایەتییانەی کە پایەکانی دەسەڵاتەکەیان خستووەتە لەرزە. خامنەیی بە قسەی پڕ لە سەفسەتە و کۆنەپەرستانەی هەمیشەیی خۆیەوە، باسی لە بارودۆخی قەیراناویی حکوومەت و ئاخێزی سەرانسەریی خەڵکی وەگیان هاتوو لە دەسەڵاتی ئیسلامی کرد. بەڵام لەو جێگەوە کە وتار و ئیستدلالە بێناوەرۆکەکانی پڕ لە درۆ و ناتەبایی بوو، کەمتر کەسێک بە جیددی وەری گرت.
خامنەیی بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ڕووحیە و متمانەی بەخۆیی تێکشکاوی هێزە بەکرێگیراو و سەرکوتگەرەکانی و بە مەبەستی ئامادەکردنیان بۆ دیفاع لە ڕێژیم و هێرش کردنە سەر خەڵک، سەرەتا بە موعجیزەی خورافییەوە وتی: “لە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە پێش هات، زوڵم لە سازمانی ئینتزامی وڵات کرا، زوڵم لە بەسیج کرا، زوڵم لە میللەتی ئێران کرا. لاوازبوونی هێزی چەکدار، لاوازبوونی ئەمنییەتی وڵاتە. بەڵێ میللەتی ئێران مەزلوومە بەڵام بەهێزیشە. هەر وەک ئەمیرەلمۆئمێنین کە هەم بەهێز بوو و هەم مەزلووم”. خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا بە ئامانجی هەڵخراندنی هەستی دواکەوتوویی و کۆنەپەرستی، دەستی دایە درۆنانەوە و وتی: “بەڵام کاردانەوە بە ڕووداوی مردنی کچێک ئەوە نەبوو کە ژمارەیەک شەقام نائەمن بکەن، قورئان ئاگر تێبەردەن، مزگەوت و حسێنییە ئاگر تێبەردەن، حیجاب لەسەری ژنانی موحەجەبە بکێشن و بانک ئاگر تێبەردەن”. ئامانجی خامنەیی لە وتنی ئەم هەڵیت و پڵیتانە، تۆمەتی کۆنە و هەمیشەیی “نفووزی دوژمن” و وابەستەبوونی بزووتنەوەی ڕادیکاڵ و پێشڕەوی جەماوەر بە “ئەمریکا و ڕێژیمی سەهیۆنیستی” بوو. بەو پاساوە گاڵتەجاڕانەیەی کە گوایە کۆماری ئیسلامی هێندە پێشکەوتوو و بەهێز و سەربەخۆیە کە “ئاژاوەی بۆ درووست دەکەن” و ئەگەر ماجەرای “ئەم کچە”ش پێش نەهاتبا بیانوویەکی دیکەیان بۆ نیزامی ئیسلامی دەتاشی!. خامنەیی لە حاڵێکدا ئیدیعایەکی وەها بێشەرمانە بەسەر زاریدا دێت کە خۆی باش دەزانێ، چ قەیرانگەلێکی قووڵ و چارەهەڵنەگر بەرۆکی ڕێژیمەکەیان گرتووە. دەزانێ کە ئەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵە چلۆن ژیان و گوزەرانی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی بەرەوڕووی هەژاری و برسییەتی کردووە. باش دەزانێ کە ئەم دەسەڵاتەی پارێزەری سەرمایەداری بە زاڵکردنی کەشوهەوای سەرکوت و تیرۆر، چلۆن ژیان، ئەمنییەت و خۆشی و شادیی لە خەڵکی ئێران زەوت کردووە. بەڵام خامنەیی لە کۆتایی وتەکانیدا لەجیاتی باس کردن لە ڕێگاچارە بۆ چوونەدەرەوە لە قەیرانی هەمەلایەنەی ڕێژیمەکەی، ئامانجی سەرەکیی خۆی لە بەڕێوەبردنی ئەم نومایشە باس کرد و ئەویش شتێک نەبوو بێجگەلە هەڕەشە و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ڕێگەی کوشتن و ئەشکەنجە و زیندانی کردنەوە. لەبەر ئەوەیکە سەرکوت تەنیا ئامرازی درێژەی دەسەڵاتی داڕماو و قەیران لێدراوی کۆماری ئیسلامییە. ئەو بۆ پاساوکردنی کوشتار و جەنایاتێک کە لە کوردستان و بەلووچستان ئەنجامیان داوە، فریوکارانە ناڕەزایەتیی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان و بەلووچستانی بە “دوژمنی دەرەکی” نیسبەت دا و وتی: “دوژمن سەبارەت بە باکووری ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهەڵات تووشی هەڵە بووە”. خامنەیی بێشەرمانە کەسانێک کە دێنە سەر شەقام بە پاشماوەی موجاهێدین، جیایی خوازان، سەڵتەنەت تەڵەبان و بنەماڵەی ساواکیەکان وەسفی کردن و خوازیاری موحاکمە و سزادانیان بوو.
بەڵام بەدەر لەم خۆگێل کردنەی خامنەیی، لەڕاستیدا هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی وەها ئاخێزێکی مەزن و بێوێنە کە بەدوای کوژرانی مەهسادا سەری هەڵدا، نەفرەت و بێزاریی کەڵەکەبووی زیاتر لە چوار دەیەی خەڵکی ئێرانە کە بە کوشتنی بەئەنقەستی مەهسا تەقیەوە. بێگومان ئەم ڕاپەڕینە، ئاخێزێکی پێگەیشتووترە و لە درێژەی ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و باقی ئاخێزەکانی دواتر دایە کە تەنانەت ئەگەر بە ئاکامی نیهاییش نەگات، دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاخێز و ڕاپەڕینی داهاتوو. واتە ڕاپەڕینێک کە گشت دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی سەرمایە دەخاتە زبڵدانی مێژووەوە. ئەم بزووتنەوەیە ناوەستێت و هەڕەشە و خەت و نیشان کێشانی خامنەیی و باقیی سەرانی تاوانکاری ڕێژیم ناتوانێ هەرەسی پێ بێنێت. هەڵبەت دوای ئەم هەڕەشانەی خامنەییش، خەڵکی خەباتکار بە درێژەپێدانی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان وڵامێکی شیاویان بە هەڵیت و پڵیتەکانی دایەوە.
ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەزبەر، یەک ڕۆژ دوای هەڕەشەکانی خامنەیی، سەرەڕای درێژەی ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام لە شارەکان، لەسەر بانگەوازی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سینفیی فەرهەنگییان، مامۆستایان و خوێندکاران دەستیان دایە مانگرتن. شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە مەدرەسە و زانکۆکانی ئێران کەوتە ڕێ. کرێکارانی وزەخانەی سیکلی تەرکیبیی داڵاهۆ مانیان گرت. کرێکاران لە سنووری مێهران وێڕای ڕاگرتنی چالاکیی سینفی و پیشەیی، بە مانگرتنی سەرانسەری پەیوەست بوون. کرێکاران و سەنعەتکارانی ناوچەی سەنعەتیی شاپووری ئیسفەهان دەستیان لە کار کێشایەوە و مانیان گرت. کامیۆندارانی ئیسفەهان و کەشاوەرزانی خوراسگانی ئیسفەهانیش لەگەڵ دەستپێکی مانگرتن ڕژانە سەر شەقام. ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەزبەر و دوو ڕۆژ دوای هەڕەشەکانی خامنەیی، هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکاران، خەڵکی خەباتکار و وەگیانهاتوو لە ڕێژیمی ئیسلامی، بە بێ ترس لە سەرکوت و کوشتار و زیندان لە چەندین ناوچەی تاران لەوانە وەلیعەسر، گەوهەردەشتی کەرەج، ئیسفەهان، سنە، مەهاباد، سەقز، ڕەشت و ئەهواز تا درەنگانی شەو بە حزووریان لەسەر شەقاکەمان و وتنەوەی درووشمی شۆڕشگێڕانە و هێنانە خواری وێنە و بەنێری خامنەیی و سووتاندنی حیجاب، ناڕەزایەتییەکانیان دژبە ڕێژیمی ئیسلامی درێژە پێدا.
لە وەها باروودۆخێکدا خامنەیی بە خۆگێل کردنی لەئاست ڕووداوەکانی سێ حەوتووی ڕابردوو کە تێیدا سەدان هەزار کەس لە خەڵک لە سەرانسەری ئێران بە دەنگی ڕەساوە درووشمی مردن بۆ خامنەیی، مردن بۆ دیکتاتۆر و کۆماری ئیسلامییان وتەوە، وای نیشان دەدات کە ئەم درووشمانە هێستا بە گوێی نەگەیشتوون. خامنەیی نایهەوێ وەک دیکتاتۆرەکانی پێشوو دان بەوە دابنێت کە “خەڵکینە! دەنگی شۆڕشی ئێوەم بیست”. بەڵکوو بێشەرمانە ئەم بزووتنەوە مەزنە کۆمەڵایەتییە، کە بێجگەلە بەکرێگیراوانی سەرکوت و دواکەوتوویی ڕێژیم، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تێیدا بەشدارن، بە “پڕۆژەی ئەمریکا و ڕێژیمی سەهیۆنیستی و بەکرێگیراوانی ئەوان و ئێرانییە خائینەکانی دەرەوە ” پێناسە دەکات. بەڵام بێگومان شۆڕشێک کە ئاخێزی مەهسا مژدەی داوە، جەماوەری ژێر ستەمی ئێران و ناوچەکە لە چنگ خامنەیی و باقیی حاکمانی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی ڕزگار دەکات.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران