فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تەرمی بێ گیانی نیما شەفیق دووست ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە
هەینی ۱۵-۰۷-۱۴۰۱   |  07-10-2022

تەرمی نیما شەفیق دووست تەمەن ١٦ ساڵ، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە دوای برینداربوونی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شاری ورمێ، دەستبەسەر کرابوو، ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
ناوەندە ئەمنییەکانی رژیم ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەر، تەرمی نیما شەفیق دووست خەڵکی گوندی زەیندەشت سەر بە شاری سەڵماس و دانیشتووی ورمێ بە بنەماڵەکەی داوەتەوە و هەڕەشەیان لێکردوون کە لە میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان خۆببوێرن.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نیما شەفیق دووست لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەی خەڵکی ورمێ دژی کوژرانی ژینا ئەمینی لە گەڕەکی )کوشتارگا (بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندارکرابوو. دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ و لە کاتێکدا کە لە ژێر زەمینی ماڵی باوکیدا بە نهێنی چارەسەری برینەکەی دەکرا، لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە ئاشکرا و دواتر دەستبەسەر کرا.
ئەم سەرچاوە لە ڕایگەیاند، لەدوای دەستبەسەرکرانی نیما، سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەی لەبارەی چارەنووسی ئەم مێرمنداڵە هیچ زانیارییەکیان پێ نەدراوە، هەتا رۆژی چوارشەممە بانگیان کردوون و تەرمی بێ گیانی کوڕەکەیان پێداونەوە.