حسێن سەفامەنش هونەرمەندی ناوداری خەڵکی کرماشان، دوای ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی هاوکاری و کارکردنی لەگەڵ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هەروەها دەنگ و ڕنەگی ئەو رژیمە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی، دەستبەسەرکرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەزبەر، ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری تاران هونەرمەند حسێن سەفامانەشی بانگکردووە و پاشان دەستبەسەریان کردووە و چارەنووسی ناوبراو نادیارە. حسێن سەفامەنش، لە کاتێکدا دەستبەسەر کراوە، کە ماوەیەک پێش ئیستا، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە ئینستاگرام ڕایگەیاند کە کۆنسێرتەکەی لە شاری هەولێر، سەرەڕای فرۆشتنی هەموو بلیتەکانی هەڵوەشاندووەتەوە. ئەم هونەرمەندە لە بەشێک لە قسەکانیدا دەڵێت : “تەواوی هاوکارییەکانم لەگەڵ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد و هەروەها ناوەندی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ڕادەگرم و چی دیکە لەگەڵیان کار ناکەم”.
سەفامەنش لە درێژەی قسەکانیدا گوتبووی: “خۆم بە هونەرمەند نازانم، بەڵام دەزانم ئەرکی هونەرمەند ئەوەیە، کە لە کاتە مێژووییەکاندا لە پاڵ خەڵکدا بێت نەک ڕووبەڕوویان. من حسێن سەفامەنش ئەوە ڕادەگەیەنم کە هەتا کاتێک خەڵک لەسەر شەقام بن، سەکۆی کۆنسێرتەکانی منیش سەر شەقامەکانە نەک تالاری وەحدەت یاخود بورجی میلاد، من لەگەڵ ئێوەم”.