فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێویستە ئاخێزی شەقام و زانکۆ و مەدرەسە بە کارخانەوە پەیوەند بدەین
یەکشەممە ۱۷-۰۷-۱۴۰۱   |  09-10-2022

شەپۆلی ناڕەزایەتییەک کە دژبە قەتڵی حکوومەتیی مەهسا ئەمینی دەستی پێکرد، بووەتە ئاخێزێکی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری و چووەتە چوارەمین هەفتەوە. قەتڵی ژینا ئەمینی لەڕاستیدا چەخماخەیەک بوو کە باڕووتی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کەڵکەبووی خەڵکی دژبە توندوتیژی و هەڵاواردنی جنسیەتیی داسەپاو بەسەر ژنان، دژبە گوشاری بەرینی گرانی و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، گەیاندە ئاستی تەقینەوە.  ئەگەر ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ بەخاتری نەهاتنە مەیدانی چینی کرێکار دوای دە ڕۆژ خەوتەوە و ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ لەژێر گوشاری سەرکوتی خوێناویدا پاش یەک هەفتە دامرکا و ئاخێزی ئاو لە خووزستان و ئیسفهان چەند ڕۆژ زیاتر دەوامی نەهێنا، بەڵام ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مەهسا زیاتر لە سێ هەفتەیە هەروا درێژەی هەیە.

لەو جێگەوە کە قەتڵی ژینا بەدەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی “گەشتی ئیرشاد” لە درێژەی مەنتقیی سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی و دژی ژنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕووی دا، ناڕەزایەتی دژبەم قەتڵە دەوڵەتییە دەستبەجێ بە بزووتنەوەی ژنان، بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بە بزووتنەوەی پێشڕەوی خوێندکارییەوە پەیوەندی خوارد. بەشداریی بەرچاو و پێشەنگایەتیی ژنان بە دروشم و کرداری سیمبۆلیک، ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەکپارچەی خەڵکی کوردستان دژی جەنایاتی ڕێژیم و مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆداری بزووتنەوەی خوێندکاری دەرخەری ئەم واقعییەتەیە.

ژنانی ئازادیخواز بە وتنەوەی درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی بەرابەری” و بە فڕێ دان و سووتاندنی لەچکە و سەرپۆش، نەتەنیا بنەما و پایەی ئایدیۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامییان وەلەرزە خست، بەڵکوو هێژمۆنیی فیکریی ئەم ڕێژیمە واتە ئایدیۆلۆژیی ئیسلام و کەلتووری پیاوسالارییان بردە ژێر پرسیارەوە و دایانڕماند. لەو جێگەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێگەی سەرەکیی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئاستی جیهان دایە، هێرش کردنە سەر بنەماکانی ئایدیۆلۆژیکی ئیسلامی سیاسی لە ناوەندی دەسەڵاتەکەیدا، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنی نەتەنیا لە ئێران بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بردووەتە قۆناخێکی نوێوە. بێهۆ نییە کە چالاکانی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لە ئەفغانستان، کوردستانی سووریە، تورکییە، کوردستانی عێراق و لە لۆبنان بە پەیامی پڕگوڕوتین و بە ڕێکخستنی ئاکسیۆن و ڕێپێوان، هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ ژنانی ئێران ڕاگەیاندووە.

ئاخێزی مەهسا ئەگەرچی گوڕوتین و هیوایەکی مەزنی لە کۆمەڵگەدا پێک هێناوە، بەڵام درێژە و پێشڕەوییەکەی لە گرەوی سەرانسەریتر بوونەوە، جەماوەریتر بوونەوە و هاتنە مەیدانی چینی کرێکار لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سەرانسەریدایە. ئەگەر چینی کرێکار کە بێگومان دڵی لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە لێ دەدات، بە مانگرتنی سەرانسەریی بێتە مەیدان و ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم زەمینگیر بکات، دەتوانێ درێژە و پێشڕەویی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە زەمانەت بکات.

هاوڕێیانی کرێکار! ئێوە دەزانن کە کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و نابەرابەریی جنسیەتی و یاسای دژبە ژنی کۆماری ئیسلامی کە بووەتە میحوەری سەرنجی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە، بەردەوام خواستی کرێکارانی وشیار بووە. دیارە سەرکەوتن لەم بوارەدا کرانەوەیەکی مەزن لە کار و ژیانی هەموو ژنان واتە نیوەی چینی  کرێکار و گشت کۆمەڵگە پێکدێنێت. بەڵام لەم ئاخێزەدا دروشم و خواستی ئازادی، بەرابەری و نان، کار، ئازادی لە شەقامەکان دەنگ دەداتەوە. ئازادی یانی ڕزگاریی یەکجاری لە چنگ دەسەڵات و حاکمیەتی ئابووری، سیاسی و کەلتووریی سەرمایە و سەرمایەداری، یانی ڕزگاری لە هەموو پەیوەند و موناسبات و ناوەندی چەوسێنەر و سەرکوتگەری کۆمەڵگەی بورژوازی. بەرابەری یانی بەرابەربوونی ئینسانەکان لە بەهرەمەندبوونیان لە ئیمکاناتی ماددی  و لە دەستڕاگەیشتنیان بە ئامرازی بەهێزکردن و گەشەی توانای تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، بەرابەری لە بەرهەمهێنان و لە ژیان، بەرابەری لە دیاریکردنی چارەنووسی ئابووری، سیاسی و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگە. کرێکاران، ئێستا کاتی ئەوەیە کە بە هەنگاوی قورس و قایمی خۆتان پێ بنێنە مەیدانی ئەم ئاخێزەوە و ئاڵای خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرابەریی ئینسانەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی جنسییەت، نەتەوە و دین بگرنە دستی بەهێزی خۆتانەوە. هاوڕێیانی کرێکار، درووشمی “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی بەرابەری”، “نان، کار، ئازادی” ڕۆڵەکانی ئێوە لە شەقامەکان دەیڵێنەوە. ئێوە ناتوانن تەماشاچی بن کاتێک کە خوێنڕێژانی جەهل و سەرمایە دەنگی ئازادی و بەرابەری خوازیی ڕۆڵەکانتان  بە خوێن کپ دەکەن.

کرێکاران، ئێوە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە مانگرتنی شکۆداری خۆتان بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی بوون، بەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەی ئێستا پەیوەست بن و بە مانگرتنی خۆتان پاشەکشە بە هێزی سەرکوتی ڕێژیم بکەن و پێشڕەویی ئەم ئاخێزە زەمانەت بکەن.

تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co