فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی سەرتاسەری دانیشجویان و خه‌ڵكی ئێران
هەینی ۲۲-۰۷-۱۴۰۱   |  14-10-2022

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢١ی ڕه‌زبه‌ر، چه‌ندین شاری ئێران درێژه‌یان به‌ مانگرتن دا و دووكانه‌كیانیان نه‌كرده‌وه‌. خوێندكارانی زانكۆش له‌ شاری سنه‌ و ئیسفه‌هان كۆبوونه‌وه‌یان به‌ڕێوه‌برد و له ‌كاتی شه‌ودا زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ڕژانه سه‌ر شه‌قام و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون.
به‌پێی ئەو هەوال و ڤیدیۆیانەی بەدەستمان گەیشتوون، بازاڕیانی شاره‌كانی مهاباد و سه‌رپولی زه‌هاب و شه‌قامی فێرده‌وسی تاران له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ سه‌ركوتی خوێناوی ڕژیم درێژه‌یان به‌ مانگرتن دا و دووكانه‌كانیان نه‌كرده‌وه.
هه‌روه‌ها خوێندكارانی زانكۆی علووم پزیشكی سنه‌ به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” له‌ ناوه‌ندی ئه‌و زانكۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌ و خوێندكارانی زانكۆی “نه‌جه‌ف ئاوا”ی ئیسفه‌هانیش له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تییدا دروشمی “به‌سیجی بڕۆ ون به‌”یان به‌رزكرده‌وه‌ و داوای ئازادی زیندانیانی سیاسیان كرد.‌
لهشاری سنە لە‌گه‌ڵ تارێك بوونی هه‌وا ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌ستێپێكردەوە و لاوانی ئه‌و شاره‌ شه‌قامه‌كانیان داخست و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم به‌ڕه‌وڕووبوونه‌وه‌.
له‌ شاری بانه و سه‌قز و مه‌ریوان لاوانی بوێر به‌ كۆكتل مۆلۆتۆف له‌گه‌ڵ هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم به‌شه‌ڕ هاتن و له‌ شاری ئیلام و كرماشان خۆپێشاندانی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌چوو و دروشمی زاهیدان و سنه‌ به‌ ته‌نیا نییه‌یان به‌رزكرده‌وه‌.
له‌ شاری ئه‌راك و ئه‌هواز خه‌ڵكی ناڕازی به‌ دروشمی “زاهیدان، سنه‌، هه‌ردوو چاوی ئێرانن”یان وته‌وه‌ و شه‌قامه‌كانیان داخست، له‌ شاری كه‌ره‌ج و تاران له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌ك ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم ڕوویدا و له‌ میرجاوه‌ لاوانی شۆڕشگێڕی به‌لووچ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم به‌شه‌ڕ هاتن.
له‌ گه‌لووگای مازه‌نده‌ران خه‌ڵكی ناڕازی بۆ دووهه‌مین شه‌وی به‌رده‌وام دژبه‌ سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی ڕژیم ڕژانه سه‌ر شه‌قام و دروشمی “مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر”یان وته‌وه‌، له‌ شاره‌كانی مهاباد و ئه‌بهه‌ر خه‌ڵكی بوێر شه‌قامه‌كانیان داخست و ڕێگه‌یان له‌ هاتووچۆی هێزه‌كانی ڕژیم گرت.
له‌ شاره‌كانی قوم و ساری خه‌ڵكی ناڕازی به‌ وتنه‌وه‌ی دروشم ڕێپێوانیان كرد و لاوانی بوێری دێولان ڕێگای سنه‌– هه‌مه‌دانیان داخست.