ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی چوار هەفتەی ڕابردوودا بە سەرکوتی خوێناوی، هەموو تاکتیکەکانی خۆی دژبە ئاخێزی جەماوەر بەکار هێنا. ئیبراهیم ڕەئیسیی قاتڵ بەوپەڕی بێشەرمییەوە ناڕازییانی “مەگەسی هەرز” ناولێنا و ناڕازییانیش دەستبەجێ وڵامیان دایەوە کە ” مەگەسی هەرز تۆی، ژنی ئازادە منم”. بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان فایلی کۆبوونەوە نهێنییەکانیان بڵاو کردەوە. لەم فایلانەدا وتراوە: “ڕەئیسی هەتا تائیب نەخوێندەوارن. ڕۆستەم قاسمی سپاهی و وەزیر و گەندەڵە، بۆچی لای نابەن. دەزگای قەزایی تا دەزگای بەڕێوەبەری دەبێ لەم ڕۆژانەدا لەسەر شەقام بن، بەڵام دەترسن. عەلەمولهودای نەزان، ئەم کەسایەتییە بێ ڕەبتە، بۆچی دەبێ نوێنەری وەلی فەقیه بێت؟ سەدیقی کە ڤیلای لوکسی هەیە، حسێنی شەریعەت مەداری کە دژبە حکوومەت کار دەکات بۆ ئاگاداری وەرناگریت؟”. هەموو ئەمانە دەوترێ تا لە کۆتاییدا بڵێن: “دەیانهەوێ سپای پاسداران بێننە مەیدان”. گوایە هەتا ئێستا سپا تەنیا تەماشاچیی ماجەراکە بووە و تاوانێکی ئەنجام نەداوە. هەموو ئەم سێناریۆیە بۆ ترساندنی ئەو خەڵکەیە کە لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو سەرکوتگەرییەکان، کوشتار، تەقەکردن لە منداڵان و خوێندکاران و تەنانەت هاویشتنی گازی فرمێسکڕێژ بۆ ناو ماڵان، بەردەوام بەرامبەر بە هێرشی بەکرێگیراوانی ئەمنییەتیی ڕێژیم ناڕەزایەتییەکانیان ئیدامە دەدەن.
ژنانێک کە زیاتر لە چوار دەیەیە دیلن و ئێستا بە بەشداریی بەرین و بوێرانەیان لەسەر شەقام حوکمی هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری بەکردەوە دەردێنن بۆچی دەبێ پاشەکشە بکەن؟ لاوانێک کە ئازادی و مافی تاکەکەسییان لەژێر ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستەدا بەتاڵان چووە و هیچ داهاتوویەکی ڕوونیان نییە، بۆچی دەبێ لە سەنگەری شەقام پاشەکشە بکەن؟ ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لەگەڵ ڕاگەیاندنی پشتیوانیی کرێکارانی نەوت، گاز و پێترۆشیمی لە پێترۆپاڵاوگەی هێنگام، دەماوەند و کاویان لە عەسەلویە و لە کەنگان ئاسۆیەکی ڕوونتری پەیدا کردووە. کرێکاران بەنیشانەی هاوپشتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و سێ ڕۆژ جادەکانی سێ ڕای عەسەلویەیان داخست. خوێندکارانی کەنداوی فارسی بووشێهر لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیاندا بە وتنەوەی درووشمی “کرێکاری نەوتی ئێمە، ڕێبەری سەرسەختی ئێمە” ڕێزیان لە کرێکاران گرت. خوێندکارانی پێشڕەوی زانکۆی ئیسفەهان سەبارەت بە مانگرتنی سەرانسەریی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی مانگی ڕەزبەر ڕایانگەیاند کە “کۆماری ئیسلامی هەنگاوێکی تر لە ڕووخان و خەڵک هەنگاوێکی دیکە لە شۆڕش نزیک بووەتەوە”. خوێندکارانی پێشڕەوی زانکۆی ئیسفەهان هەروەها ڕایانگەیاند کە “ناڕەزایەتی بووەتە نۆرمی ژیانی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگە و ئەم ڕەوتە دەبێ درێژەی بێت. ئامانجی ئێمە نەتەنیا ڕێکخستنی ناڕەزایەتی، بەڵکوو ڕێکخستنی شۆڕشێکی سەرانسەری دژبە هەموو بایەخەکانی حکوومەتە. ئەم شۆڕشە کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە هەموو هێزە سەرکوتگەرەکان لە هەر شکڵێکدا کە هەن، لە کار کەون. لاوانی گەڕەکەکان حەتمەن پێویستە بەرنامەیەکی گونجاو و دەقیق بۆ نابوودیی دەزگای سەرکوت لەبەرچاو بگرن. ڕۆژی بەکردەوەدەرهێنانی ئەم بەرنامەیە نزیکە”.
گومان لەوەدا نییە کە سپای پاسداران بۆ پاراستنی دەسەڵات لەناو دەستی خۆیدا، هیچ بەلایەوە گرینگ نییە کە حەمامی خوێن وەڕێ بخات. بەڵام بە هاتنە مەیدانی چینی کرێکار بە چەکی بەهێزی مانگرتن، بە جەماوەریتر کردنەوەی هەرچی زیاتری ناڕەزایەتییەکانی شەقام، بە سەرانسەریتر کردنەوەی هەرچی زیاتری ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە، بە ڕێکخستن و تاکتیکی گونجاو دەتوانین هێزی سەرکوتگەری سپای پاسداران ئیفلیج و زەمینگیر بکەین و ڕێگە نەدەین ناڕەزایەتییەکان خەڵتانی خوێن بکات. پێویستە هەوڵ بدەین کە ملیۆنان کەس لەو خەڵکەی کە خوازیاری ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمەیە بەڵام بە هۆکارگەلێک هێستا پەیوەستی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی شەقام نەبووە، بەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە پەیوەست بن. پێویستە تۆڕی پەیوەندیی لاوان لە گەڕەکەکان کە بەردی بناغەی شۆرای گەڕەکەکانن، جەماوەری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە گەڕەکەکانی حاشیەی شارەکان لە ئاستی جەماوەریدا بێننە مەیدانی ئەم ئاخێزە سەرانسەرییە. هەر ئەم لاوە پڕگوڕوتینانە، ئەم ژنە بوێرانەی کە هەتا ئێستا ئەم بزووتنەوەیان ڕێبەری کردووە، توانای ئەوەیان هەیە کە تاکتیکی گونجاو بۆ کەم کردنەوەی هەزینەی خەباتی جەماوەری خەڵک بگرنە بەر و خۆیان بۆ نەبەردەکانی داهاتوو ئامادە بکەن.
کرێکارانی نەوت لە بەیاننامەی هاوپشتیی خۆیاندا نووسیویانە کە: “جەوهەری ناڕەزایەتیی ئێمە کرێکارانی نەوت دژایەتی لەگەڵ کۆیلەتییە کە ساڵەهایە بەسەرماندا سەپێندراوە و لەدژی خەباتمان کردووە. بۆ ئۆتۆبووسی ئەقساتی، بۆ ژیانی حەیوانی، بۆ ژووری خەوی پڕ لە جڕوجانەوەر، بۆ خوراکی پیس، بۆ هەوای شەرجی و بێهۆشی، بۆ سەعاتێک کە پێی دەوترێ ئیزافەکاری، بۆ بەیانیی تاریک و نووتەک، بۆ چەکێک کە هەرگیز پاس نەکرا، بۆ بیمەیەک کە نەخرایە سەر حیساب، بۆ سەعاتێک کە لەرزەت لە لەرزەی ئۆتۆبووسەکە زیاتر بوو.”
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە مۆرێکی کۆتایی لەم تاڵانکارییە بێرەحمانەیەی هێزی کار بدرێت.
کرێکارانی نەوت مانگرتنیان دەستپێکردووە و ئێستا نۆرەی ئەوەیە کە چینی کرێکار لە هەموو ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و سەنعەت بانگەوازی مانگرتن بکات. کرێکارانێک کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە مانگرتنی شکۆداری خۆیان بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئێرانیان پێکهێناوە، ئێستا دەتوانن بە مانگرتنی سەرانسەریی خۆیان یارمەتیدەری ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام بن، ئاسۆی سەرکەوتن بخەنە بەردەم ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە و وەک ڕێبەری کۆمەڵگا دەرکەون. بێگومان بەم شێوەیە دروشمی “نان، کار، ئازادی، دەسەڵاتی کرێکاری و شۆرایی” دێتە دی.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران