کانونی نوسەرانی ئێران هێرش و کوشتنی منداڵان بە یەکێک لە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامی ناودەبات و هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆسەر قوتابخانەکان بە کارەساتێکی دیکە دەزانێت.
کانونی نوسەرانی ئێران لەبارەی لێدان و کوشتنی منداڵان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی رژیمەوە وەک یەکێک لە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامی ناو دەبات و دەڵێت، ئەوەی ڕژیمی ئیسلامی کردویەتی کردەیەکی تاوانکاریە.
ئەو ناوەندە بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو دەکات و لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ژێر ناوی هاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری خوێندکاران و زیندانیاندا ڕایگەیاندووە، ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بەسەر منداڵان و زیندانیاندا هاتووە یەکێکە لە ڕەشترین لاپەڕەکانی تۆماری ڕژیمی ئیسلامی. هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆسەر قوتابخانە و زیندانەکان و لێدان و کوشتنی منداڵان و زیندانی کردنیان کارەساتێکی دیکەیە لەدەرەوەی کوشتنی خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەکان.
کانونی نوسەرانی ئێران ڕاشیگەیاندووە: هێزە سەرکوتکەرەکان لە شاری ئەردەبیل هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەیەک و دەستیان کردووە بە لێدانی ئەو خوێندکارانەی کە نەیانویستووە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی رژیم بکەن، ئەم هێرشە بووەتە هۆی کوژرانی یەکێک لەو منداڵانە بە ناوی ئەسرا پەناهی و خراپبوونی بارودۆخی چەند کەسێکی دیکە. بەم شێوەیە منداڵێکی دیکە بۆ لیستی ئەو منداڵانە زیادکرا کە لە مانگی ڕابردوودا کوژراون و جارێکی دیکە ماکینەی ئینکاری و دروستکردنی سیناریۆ دەستی پێکردەوە.