دوابەدوای دەستپێکی ناڕەایەتییەکانی قوتابیان لە قوتابخانەکان و هەندێک جار لە دەرەوەی قوتابخانەکان، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم بە توندترین شێوە دەستیان بە سەرکوتی قوتابیان کردووە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان قوتابی لە شارە جۆراوجۆرەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون، کە هەتا ئێستا ناوی ٥٧ کەسیان زانراوە.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان ، لەماوەی ٣٥ ڕۆژی ڕابردوودا ١٦ قوتابی کچ و ٤١ قوتابی کوڕ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە ڕفێندراون.
شیاوی ئاماژە پێدانە، یەکێک لەو منداڵە دەستبەسەرکراوانە، نیما شەفیق دوستی تەمەن ١٦ ساڵ بوو، کە بە برینداری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا و دوای چەند ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ گیانی لەدەستدا. شارەکانی سەقز و جوانڕۆ هەر کام بەهەبوونی ١٠ حاڵەت، زۆرترین ئاماری دەستبەسەرکرانی منداڵان تێیدا تۆمار کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان زیاتر لە ١٥٠ قوتابی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ڕفێندراون، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان، نەتوانراوە زانیاری زۆرتر لەمبارەوە دەست بخرێت.