ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و ڕەنجدیتوو لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە بوو بەهۆی ڕووخانی دەسەڵاتی شا و ڕێژیمی پەهلەوی، یەکێک لە گرینگترین گۆڕانکارییەکانی سەدەی بیستەم بوو کە سیمای سیاسیی ئێران و گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی. ئەگەرچی ئەم شۆڕشە بە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی واتە ئازادی و ڕزگاری نەگەیشت و ئاواتی جەماوەری ڕاپەڕیو سەرەنجام کەوتە بەندی تاریکستانێکی خۆفناکەوە، بەڵام ئەم ڕووداوە گرینگە پێویستییەکی مێژوویی بوو کە هەروەک بەردی تواوەی گڕکان لە قووڵایی کۆمەڵگاوە هەڵچووبوو. جەماوەری خرۆشاو لەسەر شەقامەکان بۆ ڕزگاری لە دیکتاتۆریی ناوخۆیی و سوڵتەی ئیمپریالیسم و بۆ نان و ئازادی دەستیان دایە ڕاپەڕین. ڕەوتەکانی لایەنگری دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆنەپەرستان بەردەوام هەوڵ دەدەن ئەم شۆڕشە بە ناڕەوا پێناسە بکەن و جەماوەری کرێکار و ستەملێکراوی ئێران بەخاتری ڕووخاندنی ڕژیمی پاشایەتی سەرکۆنە بکەن. ئەگەرچی ئەم شۆڕشە سەرەنجام لەگەڵ شکست و زەوتکران لەلایەن کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا بەرەوڕوو بۆوە و کۆمەڵگای ئێران بوو بە زیندانێکی گەورە بۆ ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان، بەڵام هیچ کام لەم دەلیلانە ناتوانن ڕەوابوون و پێویستیی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم شۆڕشە کەمڕەنگ و لە گرینگیی مێژوویی کەم بکەنەوە. ئەوەیکە بۆ کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا، بەتایبەت گشت بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیست گرینگە ئەوەیە کە لە دەرس و ئەزموونەکانی ئەم ڕووداوە مێژووییە فێر بن.
ئەم ئاخێزە کۆمەڵایەتییە ئاکامی ڕاستەوخۆی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕان بوو، بەڵام ئامادە و ڕێکخراو نەبوو. ئاخێزگەی سەرەکی و خواستی گشتیی ئەم ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتییە، زاتەن دژە سەرمایەداری بوو، بەڵام جەماوەری ڕاپەڕیو و ڕەوتە چەپەکان ئاسۆیەکی سیاسی و ڕوونیان بۆ دانان لەجیات نیزامی سەرمایەداری و دیکتاتۆریی پەهلەوی نەبوو. لەڕاستیدا بەهۆی ئەم باروودۆخەوە، ئەو هێزانە دەسەڵاتی سیاسییان گرتە دەست کە مۆری بارودۆخی وەها سەردەمێکی مێژوویی و سیاسییان پێوە دیار بوو.
ڕەوتی “مۆدێرنیزاسیۆن” و دەوڵەت – نەتەوە درووست کردنی پەهلەوی، گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداری و ئاڵوگۆڕی پێکهاتوو لە قووڵایی کۆمەڵگا، بەردەوام ناتەبایی و ناکۆکییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی ناخی کۆمەڵگای زیاتر دەکرد و بەرەبەرە کڵوکۆی مەزن لەناو کۆمەڵگادا لەحاڵی گەشەدا بوو. جۆش و خرۆشێک کە بەستێنی بابەتیی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ خۆی هێنا. لە وەها بارودۆخێکدا، شۆڕش ببووە بابەتێکی حەتمی و پێویست. شۆڕشێک کە هەم پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی لە بنەڕەتەوە بگۆڕێت و هەم ڕێگا بۆ پێشکەوتنی هێزی بەرهەمهێنەر و گۆڕانکاریی گەورەتر خۆش بکات. لە هەمان حاڵدا کۆمەڵگای ئێران لە هەموو ئاستەکانیدا، تینووی ئازادی و ڕزگاری لە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا و زاڵبوونی ئیمپریالیسمی ڕۆژاوا بوو. هەربۆیە مانگرتنی کرێکاری و بەرینایی شەپۆلەکانی شۆڕش لە کۆمەڵگای ئێراندا ئەوەندە بەرین و پڕخرۆش بوون کە ڕێژیمی شا نەیدەتوانی کۆنتڕۆڵ و سەرکوتیان بکات. سەرەنجام ئەم گۆڕانکارییانە بوو بەهۆی ڕووخانی نیزامی پاشایەتیی پەهلەوی لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٥٧دا. بێگومان ئەوە ساتێکی شکۆدار و مێژوویی بوو کە لەبیرناچێتەوە و لە زەینی مێژوویی شۆڕشگێڕاندا هەر دەمێنێتەوە. بەڵێ، کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتووی ئێران نیشانیان دا کە شۆڕش لەناو دەستی ئەوان دایە.
ئەگەر سەرنج بدەینە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و کۆمەڵایەتی لە جەرگەی ئەم شۆڕشەدا، ڕەوتی ڕووداوەکان نیشانەی ئەو واقعییەتەن کە شەپۆلی مانگرتنی بەرینی کرێکاری لە ناوەندە سەرەکییە سەنعەتییەکان لە مەودای زەمانیی نێوان مانگی ڕەزبەر تا ڕێبەندانی ٥٧ ڕۆڵێکی چارەنووس سازیان لە ڕووخاندنی ڕێژیمی پەهلەویدا هەبووە. بەتایبەتی پەیوەست بوونی کرێکارانی شیرکەتی نەوت بە ڕەوتی شۆڕش کە بە مانگرتنەکانیان زەربەی قورس و چارەنووس سازیان لە جەستەی ڕێژیمی پەهلەوی دا. هەروەها هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەکانیش ئەکتەری سەرەکیی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە بوون. ئەگەرچی ئاراستەی چەپ و سۆسیالیستی خاوەن هێزێکی کۆمەڵایەتیی بەرین بوو و مانگرتنە کرێکارییەکان سەرەنجام پشتی ڕێژیمی پەهلەوییان شکاند و شۆڕشیان کردە بابەتێکی حەتمی، بەڵام کرێکاران و هێزە شۆڕشگێڕەکانی دیکە چ لە بواری ڕێکخستن و چ لە بواری ڕێبەریی سیاسییەوە، نەیانتوانی لە وەها قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەدا ببنە هێزێکی زاڵ و دەسەڵاتدار. بە سەرنجدان بەو لاوازییانەی کە لەناو بزووتنەوەی کرێکاریدا بوو، ڕێکخراوە کرێکارییەکانیش لەوانە کۆمیتە و شۆرا کرێکارییەکان نەیانتوانی لەسەر ڕەوتی سیاسیی تێپەڕین بەرەو دەسەڵاتی نوێ، کاریگەریی پێویست بە قازانجی خۆیان دابنێن.
لەسەر بەستێنی وەها بارودۆخێک، هێزەکانی ئیسلامی سیاسی بە ڕێبەریی خومەینی ئەم دەرفەتەیان بە باش زانی و بە پشتیوانیی چارەنووس سازی دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا و بەڕێوەبردنی سیاسەتی پۆپۆلیستی بۆ کاناڵیزە کردنی ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتی، دەسەڵاتی سیاسییان بەدەستەوە گرت و نیزامی کۆماری ئیسلامییان بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا سەپاند. نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە چارەنووسی ئەم شۆڕشە، تەنها بەهۆی لاوازبوون و کەموکوڕییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، هاوسەنگیی هێزەکانی ناو ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە و هەروەها نەبوونی هێژمۆنی و ئاسۆی ڕوون لەلایەن هێزە شۆڕشگێڕ و پێشڕەوەکانەوە نەبوو. لەڕاستیدا ئەم جۆش و خرۆشە شۆڕشگێڕانەیە و چارەنووسی دەردناکی لە دوورگەیەکی چۆڵ و بەدوور لە کاریگەرییەکانی ئاڵوگۆڕی ناوچەیی و کێشمەکێشی دسەڵاتەکانی جیهان لە جەرگەی ڕووداو و ئاکامەکانی “شەڕی سارد” و دەستتێوەردانی ژێئۆپۆلیتیکیی و ئیمپریالیستیی دەسەڵاتە گەورەکانی سەرمایەداریی ڕۆژاوا نەبوو. دەخاڵەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەکان ڕۆڵێکی بنەڕەتی و بەرچاوی هەبوو لە چارەنووسی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە و زەوتکرانی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن هێزی ئیسلامیی شیعەوە. ئەگەر شۆڕش ئاکامی ناتەبایی و ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم کۆمەڵگایە بوو، هاوتەریب لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە ناوخۆییانە دەستتێوەردانی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری تای تەرازووی بەقازانجی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی قورستر کرد و ئەوانی تا گرتنەوەی نیهایی دەسەڵاتی سیاسی پشتیوانی کرد. دەسەڵاتە سەرەکییە ئیمپریالیستەکان لە کۆنفڕانسی “گوادلۆپ”دا بەوە گەیشتن کە بە دیفاعی هەمەلایەنە لە ئیسلامییەکان، بەدیلی داهاتووی ئێران بەسەر چارەنووسی ڕاپەڕینی ئێراندا بسەپێنن. لە هەنگاوی یەکەمدا خومەینییان لە عێراقەوە ڕەوانەی پاریس کرد و تۆڕێکی بەرین لە میدیا بەهێزەکانیان خستنە ئیختیارییەوە تا وەک تەنیا بەدیلی چارەنووس سازی شۆڕشی ئێران پێناسەی بکەن.
هەربۆیە داهاتووی هەر ئاڵوگۆڕێکی بەرین لە ئێران، بەردەوام لەگەڵ مەترسیی دەستتێوەردانی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان بە قازانجی ڕەوتە بورژوا کۆنەپەرستەکان بەرەوڕوویە. بێ دەلیل نییە کە گشت هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و بورژوایی، چ لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری خوازان، چ لیبڕاڵ و شۆڤینیستە پاوانخوازەکان و چ حیزب و لایەنە ناسیۆنالیست و مەزهەبییەکان، بەردەوام ستراتێژی خۆیان بە پشت بەستن بە گۆڕان لەسەرەوە، ڕێژیم چەینج و دەستتێوەردانی دەسەڵاتی ئیمپریالیستی داڕشتووە. بێ دەلیل نییە کە ڕەوتەکانی لایەنگری دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆنەپەرستان بە ئاماژە بە دەسەڵاتی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی، بەردەوام جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە شۆڕش و گۆڕین لە خوارەوە دەترسێنن، چونکە دەزانن شۆڕش و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی کۆمەڵگا، گشت پەیوەندییەکانی سەرمایەداری دەپچڕێنێت و دەستی ڕەوتە بورژواییەکان لە دەسەڵاتی سیاسی کورت دەبێتەوە.
کەوابوو، لە بارودۆخێکدا کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە بەرینایی هەموو کۆمەڵگا لە ئارا دایە و کۆمەڵگا بەرەو ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە هەنگاو هەڵدەگرێت، لەڕووی زەروورەتی مێژوویی و خەباتکارانەوە، پێویستە خۆمان بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە ئامادە بکەین. ئەگەر قەرار بێت مەترسیی زەوتکران و شکستی شۆڕشی داهاتووی ئێران بڕەوێنین، یەکێک لە پێش مەرجەمانی ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەو و ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکانە. پێویستە شۆرای کرێکاری لە ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێناندا دامەزرێنین. پێویستە شۆراکان لە گەڕەک و زانکۆ و مەدرەسەکاندا پێک بێنین. ئەگەر قەراربێت شۆڕشی داهاتووی ئێران وەک وێرانە بەسەر کرێکاران و هەژاران و گشت هێزە شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستەکاندا نەڕووخێت، پێویستی بە پتەو کردنی ڕیزی چینایەتی و کۆمەڵایەتییە لە ئاستی سەرتاسەریدا. پێویستی بەوەیە کە هەر لە ئێستاوە بیر لە پێکهێنانی شۆراکان لە کوردستان بکەینەوە و ڕێگە نەدەین پارت و هێزە ناسیۆنالیستەکان لە سبەینێی ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامیدا، دەسەڵاتی حیزبەکان لەجیات دەسەڵاتی شۆرایی بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. پێویستی بە دیاریکردنی ئاسۆی ڕوون و ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی لەپێناو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سۆسیالیستییە. پێویستی بە پەرەپێدان و بەهێزکردنی بەرەی چەپ و سۆسیالیستییە کە هەم گشت هێز و ڕێکخراوە شۆڕشگێڕ و چەپەکان ڕێک بخات و لێکیان نزیک بکاتەوە و هەم بزووتنەوەی چینایەتی و ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی و هەروەها هەڵسووڕاوانی چەپ و ڕادیکاڵی تاک پێکەوە پەیوەند بدات.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران