فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گیان بەختکردنی هاووڵاتیەکی خەلکی شاری سنە لە نارەزایەتیەکانی ئەم دواییەی تاران
دوشەممە ۲۳-۰۸-۱۴۰۱   |  14-11-2022

کاتژمێر ٣ و نیوی بەرەبەیانی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر، تەرمی حەمید گوڵی، خەڵکی شاری سنە، کە لە کاتی ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییەی شاری تاران بەهۆی لێدانی باتۆم لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە گیانی بەخت کرد، لە شاری سنە بەخاک سپێردرا. بە پێی ڕاپۆرتەکان، بڕیار بووە کە نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی حەمید گوڵی لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی شاری سنە بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بەرەبەیانی دووشەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی بنەماڵەکەی تەرمی ناوبراو بەخاک سپێردراوە.

شیاوی ئاماژە یە کە، حەمید گوڵی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شاری تاران، بەهۆی لێدانی توندوتیژیانەی هێزە سەرکوتگەرەکان و بەرکەوتنی چەندین باتۆم لەسەری، تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە و کەوتۆتە کۆما، کە دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تەجریش، گیانی لەدەستدا.
لە جەوازی مردنی حەمید گوڵیدا، هۆکاری مردنەکەی لێدانی ئامێرێکی سەخت لە سەری ڕاگەیەندراوە کە بووەتە هۆی خوێنبەربوونی مێشکی و شکانی کاسەی سەری. شایانی باسە کە، هیچ زانیارییەکی ورد، لە ڕێکەوت و شوێنی گیان لەدەستدان و هەروەها ئەو شوێنەی کە حەمید گوڵی تێیدا کەوتووەتە بەر هێرشی توندوتیژانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، لەبەردەستدا نییە.