ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، خەڵکی زۆربەی شارەکانی کوردستان بەگوڕتر لە پێشوو هاتنەوە سەر شەقامەکان و دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و ڕق و تووڕەیی خۆیان دژی ڕژیم نیشان دا.
بەپێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی بەدەستمان گەیشتوون، لە شارەکانی سنە، مەهاباد، بۆکان، پیرانشار، بانە، جوانڕۆ، کامێران، سەقز، پاوە، قوڕوە، بیجاڕ، تیکاب، کرمانشا، ئیلام، ورمێ، ڕەوانسەر و چەندین شاری دیکە مانگرتن و خۆپیشاندانی جەماوەریی بەڕێوە چوو.
لە شاری سنە خەڵک بە هێز و وزەیەکی دیکەوە هاتنەوە دەر و شەقامەکانی شاریان کردەوە گۆڕەپانی بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم، بەداخەوە لەو نێوانەدا دوو لاوی شۆڕشگێڕی ئەو شارە بە ناوەکانی “عیسا بیگلەری” و “زانیار ئەڵڵامورادی” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم گیانیان بەختکرد.
خەڵکی مەهاباد لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار هاتنە سەر شەقامەکان. لاوانی شۆڕشگێڕی ئەوشارە لە شەقامەکان سەنگەریان دروست کردبوو و بوێرانە دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دەدا و لە بلینگۆی مزگەوتەکانەوە سروودی شۆڕشگێڕانەیان بڵاو کردەوە.
لە بۆکان خەڵکی شۆڕشگێڕی شار هەر لە ئێوارەوە تا درەنگانی شەو شەقامەکانیان چۆڵ نەکرد و شەقامەکانیان کردە سەنگەری بەربەرەکانێ دژی هێزەکانی ڕژیم و بە دروشمی شۆڕشگێڕانە لەرزی مەرگیان خستبوە دڵی داگیرکەرانی ئەو شارە. لە درێژەدا لە نێوان خەڵکی شۆڕشگێر و هێزەکانی ڕژیم شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی دا کە چەندین کەس لە هاووڵاتییان بە تەقەی هێزە بکرێگیراوەکان بریندار بوون و چەندین بەکرێگیراوی ڕژیم بە دەستی خەڵکی وەگیان هاتوو بە سزای تاوانەکانیان گەیشتن کە یەکیکیان سەرهەنگ “ڕەزا ئەڵماسی”یە. هەروەها لاوانی شۆڕشگێڕ لە شاری بۆکان دووکانی دوو سیخۆڕر و بەکرێگیراویان لەو شارە ئاگر تێبەردا.
لە کامیاران، خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو هاتنە سەر شەقامەکان. خەڵکی ڕاپەڕیوی شار زۆربەی شەقامەکانی شاریان گرتبوو و دەنگی دروشمەکان تەواوی شاری داگرتبوو و لە شەڕ و تێکهەڵچوونەی خەڵکی قارەمان و شۆڕشگێڕی ئەو شارە لەگەڵ هێزەکانی بەکرێگیراوی ڕژیم چەندین کەس لە هاووڵاتییان بریندار و بە داخەوە لاوێکی شۆڕشگێڕی ئەو شارە بە ناوی “فوئاد محەممەدی” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد و لە ئەنجامی تۆڵەی خەڵکی شۆڕشگێڕی شاردا، چەندین مۆرەی ڕژیم بە سزای تاوانەکانیان گەیشتن کە یەک لەوان “ڕەزا ئازەربار”بوو.
هەر بەو شێوەیە لە شارەکانی بانە، پیرانشار، جوانڕۆ، ڕوانسەر، ورمێ، سەقز، قوڕوە، کرماشان، ئیلام و چەندین شاری دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەرین دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بوو و ئێستاش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان هەروا بەردەوامن.