گیان بەختکردنی تازەلاوێکی خەلکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم
پێنجشەممە ۲۶-۰۸-۱۴۰۱   |  17-11-2022
سەرلەئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢۵ی خەزەڵوەر، دانیال پابەندی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە گەڕەکی کەریماوای ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم گیانی لەدەست دا.
شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە لەم پێوەندییەدا وتی: “هێزە سەرکوتکەرەکان کە ئۆتۆمبێلی جۆری سەمەند و بەبێ ژمارەیان پێ بوو، لە مەودایەکی نزیکەوە بە چەکی کوڵت تەقەیان لە دانیال پابەندی کردووە و گوللە بەر زگی کەوتووە”.
هەروەها هاووڵاتییانی شاری سەقز بۆ پێشگرتن لە ڕفاندنی تەرمەکەی دانیال پابەندی لەلایەن هێزەکانی رژیمەوە، لە پێش دەرگای ئەو نەخۆشخانەیەدا کۆ ببوونەتەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان؛ تا ئێستا ڕێژەی منداڵانی گیانبەختکردوو لە کوردستان و لە ڕەوتی ڕاپەڕینە جەماوەریەکاندا، گەیشتووەتە ١٢ کەس.