ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بەناوی ئومید حەسەنی، تەمەن ٢٢ ساڵ، دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەسەرکرانی بەهۆی ئەشکەنجەی زۆر و لەڕادەبەدەری هێزەکانی سپای پاسداران گیانی بەخت کرد.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە، تەرمی ئومید حەسەنی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران بۆ نەخۆشخانەی تەوحید گوازراوەتەوە، بەڵام لە کاتی گەیشتنی بەو نەخۆشخانەیە هیچ نیشانەیەکی ژیانی نەبووە. دوای چەند کاتژمێرێک هێزەکانی سپای پاسداران بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی، تەرمی ئومید حەسەنی دەڕفێنن. ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند، کە هێزەکانی سپای پاسداران ئیزنیان بە کارمەندانی نەخۆشخانە نەداوە کە وێنە لە تەرمی ئومید بگرن و ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجەی سەخت لەسەر مل و سەری دەبینرا.
شایانی باسە کە، تەرمی ئومید حەسەنی شەوی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەر و تەنیا بە ئامادەبوونی دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی شاری سنە ئەسپەردەی خاک کراوە.