فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیھانی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان
هەینی ۰۴-۰۹-۱۴۰۱   |  25-11-2022
 بە بۆنەی٢٥ینوامبر، ڕۆژی جیھانی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان

ئەگەر کوشتنی دڕندانەی خوشکەکانی میرابێل لە ساڵی ١٩٦٠ لە کۆماری دۆمینیکان بە فەرمانی ڕافایل تراخیلۆی دیکتاتۆر و خەبات دژی ئەم قەتڵە دەوڵەتییە بوو بە هاندەرێک بۆ مرۆڤایەتی تا لە پانتایی توندوتیژی بەرانبەر ژنان لەم گۆشەیەی جیهان ئاگادار بێتەوە، ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٢دا قەتڵە دەوڵەتییەکانی ژینا، نیکا، حەدیس، سارینا، کیان و فاییزەکان و هەڵچوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەرینی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران دژبەم تاوانە و ڕەنگدانەوە جیهانییەکەی، مرۆڤایەتیی ئاگاداری گۆشەیەک لەو حەقیقەتە کردووە کە دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران زیاتر لە چل ساڵە چ جەنایاتێکی دژبە ژنان ئەنجام داوە و چۆن توندوتیژیی سیستماتیک بەرانبەر ژنان بووەتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەم دەسەڵاتە.

ئەگەر لە ساڵی ١٩٨١ ژنانی ئەمریکای لاتین لە درێژەی خەباتیان دژبە توندوتیژی و بۆ ڕزگاری لە دیلیەتی و ستەم ڕۆژی ٢٥ی نوامبریان “ڕۆژی جیھانی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان” ڕاگەیاند، ئێستا لە گۆشەیەکی تر لە جیهان واتە لە ئێران ژنان بە بوێرییەکی بێوێنەوە هاتوونەتە مەیدان تا کۆتایی بە تەمەنی دەسەڵاتێک بێنن کە یەکێکە لە هارترین دەسەڵاتەکانی سەرمایەداریی مەزهەبی و دژی ژن لە جیهانی سەردەمدا. دژایەتیی ڕێژیمی ئیسلامی لەگەڵ مافە بنەڕەتییەکانی ژنان، پێناسی ئینسانی ئەوانی بەجۆرێک پێشێل کردووە کە ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی ژنان دژبەم بێ مافییانە بووەتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی خەباتی جەماوەری خەڵک بۆ ڕزگاربوون لە چنگ کۆماری ئیسلامی. ئەم ژنانە بە بوێرییەکی بێوێنەوە بوونەتە ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە کە سەرنجی گشت جیهانی بەرەوخۆی ڕاکێشاوە.

ڕۆژی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژبە توندوتیژیی جنسی و جنسییەتی، پێویستە بکەینە ڕۆژی تازە کردنەوەی پەیمان لە خەبات بۆ پاشەکشە پێکردن بە مەزهەب و دەخاڵەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتیی ژنان، خەبات دژبە نیزامی پیاوسالاریی سەرمایەداری و هەوڵی هەرچی بەرینتر بۆ هێنانە مەیدانی جەماوەری ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش دژبە ستەم و بۆ ڕزگاریی یەکجاری.

بڕووخێ ڕێژیمی دژی ژنی ئیسلامیی سەرمایە

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

بژی سۆسیالیزم

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

سەرماوەزی ١٤٠١

نوامبری ٢٠٢٢