لە درێژەی ڕەوتی سەرکوت و دەستبەسەرکردنەکانی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، ٦ هاووڵاتی خەڵکی سەلاس باوەجانی سەر بە پارێزگای کرمانشا بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەسبەسەرکران.
لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز، ئارمان بابایی، ئارمان بەدیعی، ئارمین محەممەدی، بەسیر ئەتابەک، لوقمان ڕەحیمی و ئەمیر ڕەحیمی لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەسبەسەرکران. بەوتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، هێزەکانی ڕژیم هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و لەدوای دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر و بە بەکارهێنانی توندوتیژی ئەوانیان ڕفاندووە.
هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی ئەم شەش هاووڵاتیە لەبەردەستدا نییە.
بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠٠٠ هاووڵاتی لە شارەکانی کوردستان لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە ڕفێندراون، کە هەتا ئێستا ناوی زیاتر لە ١٢٠٠ کەسیان زانراوە.