کۆماری ئیسلامی لە زیاتر لە سەد و پەنجا شار و لە سەدان گەڕەک و ناوچەی شارەکانی ئێران دەستی داوەتە تاوان. بەڵام لە سیستان و بەلوچستان بەڕاشکاوی لە زاهیدان و خاش، لە کوردستان بەتایبەتی لە شارەکانی سنە و مەهاباد و جوانڕۆ و پیرانشار دەستی کردووە بە قەتڵوعامی خەڵک. تەقەکردن بە دۆشکا و بە گولـلەی جەنگی لە خەڵکێک کە نەهایەتەن بەردیان بەدەستەوەیە، ئامانجێکی زۆر ڕوونی هەیە. کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئەوە دایە تا بە داسەپاندنی شەڕ بەسەر خەڵک و بە میلیتاریزەکردنی کوردستان، چارەنووسی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕانە لە کوردستان لە گشت ئێران جیا بکاتەوە و بە خەڵتانی خوێن کردنی کوردستان، ڕەوتی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە ئێران تێکبشکێنێت. خەڵکی ئازادیخواز لە سەرانسەری ئێران بە وتنی کوردستان “چاو و چرای شۆڕش” و بە پشتیوانیی خۆیان وڵامی ڕێژیمیان دایەوە.
کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دەستی داوەتە تاوانی شەڕ. کوشتاری نەیزاری ماهشەهر لە خەزەڵوەری ٩٨، خەریکە لە مەهاباد و سنە و پیرانشار دووپات دەکاتەوە و هاووڵاتییانی ئاسایی و ناڕازیی داوەتە بەر گولـلە. ڕێژیمی ئیسلامی بە لەشکرکێشیی بۆسەر کوردستان بە بیانووی “بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ جیایی خوازان” حکوومەتی نیزامیی بەرپا کردووە. ئێمە دەڵێین پێویستە لێبڕاوانە ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی شکست بکێشین. ڕێگای شکست پێهێنان بەم سیاسەتە کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانەیە، بەهێزکردنی یەکگرتوویی و یەکڕیزییەکی شۆڕشگێڕانەیە کە لە سەرانسەری ئێران پێکهاتووە و بەری بە هەموو جۆرە کەڵک وەرگرتنێکی بەرتەسک بینانە و ناسیۆنالیستی و قەومی و مەزهەبی گرتووە. خەڵکی کوردستان وشیارانە لەسەر یەکگرتن و هاوچارەنووسی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری تەئکیدیان کردووە.
داواکاریی ئێمە لە کۆمیتەکان، لە تۆڕەکانی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی شەقام، لە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی سەرانسەری ئێران، زانکۆ و ناوەندەکانی پەروەردە، لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش ئەوەیە کە بۆ درێژەی خەباتی شۆڕشگێڕانە لەپێناو ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاوانکاری ئیسلامی، لەئاستێکی بەرینتردا بۆ پشتیوانی لە خەباتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان بێینە مەیدان و هێزی یەکگرتوویی و هاوپشتیمان بەهێزتر بکەین.
پێویستە جەنایەت و قەتڵوعامی ڕێژیم لە کوردستان مەحکووم بکەین و بەرامبەربە لێک دوورخستنەوە و بەرەنگارکردنەوەی کازبی بەشە جۆراوجۆرەکانی خەڵک بوەستین. پێویستە لەسەر یەکگرتوویی و هاوچارەنووسی و ئازادی و یەکسانیی گشتی تەئکید بکەین. بەشە جۆراوجۆرەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانە، لە ناڕەزایەتیی شەقامەوە تا مانگرتنی گشتی پێویستە وێک بخەین و هێزی زیاتر بێنینە مەیدان. مانگرتن لە مەدرەسەکان و زانکۆ و ئیدارەکان، مانگرتن لە بازاڕ و پاساژەکان، مانگرتنی شۆفیرانی بی ئار تی و هێڵەکانی گواستنەوە، مانگرتنی شارەکە کرێکارییەکان و کارخانەکان، ناڕەزایەتیی شۆڕشگێڕانەی شەقام پێویستە لەئاستێکی بەرینتردا پێکەوە پەیوەند بدەین. لەماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا زۆربەی شارەکانی کوردستان و زیاتر لە هەشت شاری ئێران لە مانگرتنی گشتی و نەبەردی شەقامدا بوون و لەئێستاشدا ئەو وەزعییەتە هەروا درێژەی هەیە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان داوا لە خەڵکی خەباتکار و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە سەرانسەری ئێران دەکات کە لە هەموو شوێنێک یەکپارچە و یەکدەنگ دژبە کۆماری جەنایەتکارانی ئیسلامیی سەرمایە، بۆ پشتیوانی لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بێنە مەیدان. هەر گۆشەیەکی ئێران سەنگەری خەباتی شۆڕشگێڕانەیە. کوردستان لە سەنگەرەکانی پێشڕەویی شۆڕشە، پێویستە سەنگەرەکانمان بپارێزین! ڕێگە نەدەین ڕێژیمی تاوانکاری ئیسلامی بە گرتنەبەری تاکتیکی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تەجزیە تەڵەبی، چارەنووسی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان لە بزووتنەوەی سەرانسەری جیا بکاتەوە و بە خەڵتانی خوێن کردنی، زەمینە بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی سەرانسەری فەراهەم بکات.
بڕووخێ ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٢ی سەرماوەزی ١٤٠١ – ٢٣ی نوامبری ٢٠٢٢
واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت