دەستبەسەرکرانی مامۆستایەکی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە
یەکشەممە ۰۶-۰۹-۱۴۰۱   |  27-11-2022
دکتۆر بێهروز چەمەن ئارا خەڵکی ئیلام و مامۆستای گرووپی زمان و ئەدەبیاتی کوردی زانکۆی کوردستان و بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان ناسی، نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٤ی سەرماوەز، دوای گەڕانەوەی لە دانیشتنێک کە لەلایەن حامید قادرزادە بەڕێوەبەری نوێی زانکۆی کوردستان بانگهێشت کرابوو، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دانیشتنە بە هاوئاهەنگی بەڕێوەبەری نوێی زانکۆی کوردستان و هەروەها بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی زانکۆی (حراست)، ناوبراو بەمەبەستی دەستبەسەرکرانی مامۆستا چەمەن ئارا ڕێک خرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی دکتۆر بێهروز چەمەن ئارا لەبەردەستدا دانییە.