سەرەڕای ئەوەیکە چەندین ماڵپەڕی سەر بە ڕژیم هەواڵی ئازادی وریا غەفووریان بڵاو کردووەتەوە بەلام وریا تا ئێستا ئازاد نەبووە. وریا غەفووری یاریزانی یانەی فوولادی خوزستان دوای ئەوەی لە ئەهواز دەستبەسەر کراوە بەپەلە بە فڕۆکە بۆ تاران گوازراوەتەوە و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکان بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات گوازراوەتەوە.
بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی غەفووری، ئەم بنەماڵە ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەز بۆ دیتنی وریا چوونەتە پێش بەندیخانەی ئیڤین بەڵام ئیزنی دیتینیان پێ نەدراوە و تا ئێستاش ئیزنی پەیوەندی تەلەفۆنی بە وریا نەدراوە. هێزە سەرکوتکەرەکان دوای دەستبەسەر کردنی وریا غەفووری دەستیان بەسەر مۆبایلی وریا و هەروەها مۆبایلی هاوژینەکەی بە ناوی مۆنا ئەردەڵان دا گرتووە. وریا غەفووری ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەز، دوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی لە شاری ئەهواز و لە پێش چاوی دوو منداڵەکەی و هاوژینەکەی دەستبەر و بە شێوەی بە پەلە بۆ تاران گوازرایەوە.