فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار (١٤٠١)
پێنجشەممە ۱۰-۰۹-۱۴۰۱   |  01-12-2022
بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار (١٤٠١)

ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە ڕۆژی خوێندکار نزیک دەبینەوە کە کۆمەڵگەی ئێران کەوتووەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە و بزووتنەوەی خوێندکاری پایەیەکی بەهێزی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بووە. لە ٢٨ی مانگی خەرمانان لە حاڵێکدا کە کوردستانی شۆڕشگێڕ دژبە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی مانگرتنی گشتیی تێکەڵ بە ناڕەزایەتیی شەقام کردبوو، خوێندکاران لەئاستێکی کەم وێنەدا لە زۆرێک لە زانکۆکانی ئێران بە دروشمی “لە کوردستانەوە تا تاران ستەم دەکرێ لە ژنان”، “لە کوردستانەوە تا تاران، خوێناوییە گشت ئێران”، “ژن، ژیان، ئازادی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ئەمە دوا پەیامە، ئامانج گشت نیزامە”، “مەرگ بۆ چەوسێنەر چ شا بێت و چ ڕێبەر”، “کرێکاری نەوتی ئێمە، ڕێبەری سەرسەختی ئێمە”، “ئێمە هەموومان مەهساین” زانکۆیان کردە مەیدانی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژبە گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

بەڵام ئەم گۆڕانکارییە ڕادیکاڵە لەناو بزووتنەوەی خوێندکاری و پێشەنگ بوونی ژنان یەک شەوە ڕووی نەدا. بزووتنەوەی خوێندکاری مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی شۆڕشگێڕانەی تێپەڕاندووە. لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی کاتێک کودتا دوایین سەنگەرەکانی موقاومەتی تێکدەشکاند، خوێندکاران دژبە دەوڵەتی کودتا ڕاپەڕین و قوربانییان دا. لە دەیەی ٤٠ و ٥٠دا بزووتنەوەی خوێندکاری بوو بە بەستێنی سەرهەڵدانی ئەو ڕەوتە چەپانەی کە ئەساسەن لە مەرزبەندی لەگەڵ جەریانی بورژوا رێفۆرمیستی حیزبی تودە پێکهاتبوون. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ و لە کێشمەکێشی نێوان شۆڕش و دژەشۆڕشدا، خوێندکاران زانکۆیان کرد بە گۆڕەپانی خەبات بەرامبەر بە دژەشۆڕشی ئیسلامی. کاتێک دژەشۆڕشی ئیسلامی لەڕێگەی “ئینقلابی فەرهەنگی” و کوشتارەوە سەنگەری موقاومەتی زانکۆیان گرتەوە، ئەمجارەیان خوێندکارانی خەباتکار لەژێر پێستی زەبروزەنگی پۆلیسیدا خۆیان بۆ نەبەردەکانی داهاتوو ئامادە کرد.

لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ەوە کە ناڕەزایەتیی خوێندکاران لەئاست داخرانی ڕۆژنامەی “سەلام” دەستی پێکرد، هاودەستیی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لەگەڵ سپای پاسداران و بەیتی ڕەهبەری لە هێرشیان بۆ سەر خوێندکاران، بوو بە بەستێنی دابڕانی بەدەنەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و سازمانی تەحکیمی وەحدەت. لەو سەردەمەدا بەشی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاری بەخێرایی داخوازیی سیاسی و ڕادیکاڵی کردە سەرلەوحەی خەباتی خۆی و ئەم گۆڕانکارییە بوو بە بەستێنی بەهێزبوونی ئاراستەی چەپ و سۆسیالیستی لەناو بزووتنەوەی خوێندکاریی دوای “ئینقلابی فەرهەنگی”.

لە سەرەتاکانی دەیەی هەشتادا هاوکات لەگەڵ گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری ژماره‌یه‌كی به‌رین له‌ خوێندكارانی چه‌پ و ڕادیكاڵی پێكهاتوو له‌ ڕوانگه‌ی جۆراوجۆری سیاسی له‌و ده‌وره‌ چه‌ند ساڵه‌یه‌دا، له‌ ڕێگه‌ی بڵاوكراوه‌ی خوێندكاری بو پشتیوانی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاران و ژنان و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌بردن و به‌شداری كردن له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی و ٨ی مارس چالاكیان ئه‌نجام دا. به‌ڵام ئه‌م بزووتنه‌وه‌ تازه‌ پێگرتووه‌ به‌هۆی كه‌ش و هه‌وای پۆلیسی زاڵ به‌سه‌ر زانكۆ و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌هۆی كه‌م ئه‌زموون بوون و كاری هه‌ڵنه‌سه‌نگێندراو و چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌، زۆر به‌ خێرایی و پێش ئه‌وه‌یكه‌ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری به‌ده‌ست بێنێ، سه‌ركوت كرا. بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری له‌ ئێران دوای سه‌ركوتی گه‌رایشی چه‌پ و سۆسیالیستی له‌ ناوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی ٨٠دا، داخوازیه‌كانی هاته‌وه‌ چوارچێوه‌ی موتالباتی سینفی. بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری له‌ بارودۆخێكدا كه‌وتبووه‌ چوارچێوه‌ی داخوازیه‌ سینفیه‌كانه‌وه‌ كه‌ پێداویستیه‌كانی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خسووسی سازی و كاڵایی كردنی ئامووزشی باڵا و تێكشكاندنی كه‌ش و هه‌وای ئه‌منیه‌تی زاڵ به‌سه‌ر زانكۆكان، له‌ گره‌وی ئه‌وه‌ دابوو كه‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌باتی سینفی تێپه‌ڕ بێت و خواستی سیاسی و دیموكراتیك بكاته‌ ئاڵای خه‌باته‌كه‌ی.

خوێندکاران لە ئاخێزی سەرتاسەریی بەفرانباری ٩٦یش کە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە وشیاریی جەماوەردا پێکهێنا، چالاکانە بەشدارییان کرد. درووشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواوبوو ماجەرا” بەشی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاریی بەرەو ئاخیزە جەماوەرییەکان برد. ئاخێزی مانگی بەفرانبار بەم درووشمە و بەم ئاستە لە وشیارییەوە، کۆتایی زاڵبوونی وتاری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتیی بەسەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگادا ڕاگەیاند. ئەوەش بەمانای تێپەڕین لەو بۆچوون و گوفتمان و ڕێگاچارانە بوو کە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لەبەردەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیان دادەنا. بەڵام کۆمەڵگا لە مانگی بەفرانباردا ڕانەوەستا و ئەم جارەیان لە خەزەڵوەری ٩٨دا بە ڕووحییەیەکی هێرشبەرانەترەوە هاتە مەیدان. خوێندکاران لەو حەوت ڕۆژەدا کە ئاخێزی جەماوەری ئێرانی لەرزاند، لەگەڵ بێبەشانی شاری هاوڕێ بوون، شان بە شانیان خوێنیان ڕژایە سەر سەنگفەڕشی شەقامەکان، و هاوڕێ لەگەڵیان بە بەند کێشران. خوێندکاران بە سەرکوتی خوێناویی ڕاپەڕینی مانگی خەزەڵوەر هیچکات چاوترسێن نەبوون. خامنەیی جەلاد لە پێنجەمین ڕۆژی ئاخێزی سەرانسەریی خەزەڵوەری ٩٨ دژبە بێبەشان و هەژارانی شار کە نە سەنگەریان بوو و نە چەک، ڕایگەیاند: “با دۆست و دوژمن ئەوە بزانێ کە ئێمە لە بواری نیزامی و سیاسی و ئەمنیەتییەوە پاشەکشەمان بە دوژمن کرد”. بەڵام خوێندکاران لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزدا بە دەنگێکی ڕەساوە وڵامیان بەم هەڵیت و پڵیتانەی خامنەیی داوە و ڕایانگەیاند کە لە خوێنی گیان بەختکردووانی مانگی خەزەڵوەر خۆش نابن و ڕێگایان درێژە دەدەن. بەمجۆرە خوێندکاران نیشانیان دا لە نەبەردی هەژاران و بێبەشان دژبە خوێنڕێژانی سەرمایە، لە شەڕی نێوان هەژاری و سەروەت، لە شەڕی نێوان دیکتاتۆری و ئازادی، لە شەڕی نێوان هەڵاواردنی جنسیەتی و ڕزگاریی ژن، لە کام بەردا ڕاوەستاون.

لەماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای کاریگەرییەکانی قەیرانی کۆرۆنا لەسەر ڕەوتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی و داخرانی زانکۆکان، هاوکات لەگەڵ گەشە و پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری لە حەوت تەپە، فولادی ئەهواز و ناوەندەکانی نەوت و پێترۆشیمی بەشی پێشڕەو و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری بە بەڕێوەبردنی ئاکسیۆنی پشتیوانی، لەسەر ستراتێژی یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بێبەشانی کۆمەڵگە تەئکیدی کردووە. دروشمەکانی وەک “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین”، “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، خوێندکار، کرێکار، مامۆستا، یەکگرتن، یەکگرتن”، خوێندکار وشیارە هاوڕێی کرێکارە” لە زانکۆکان بەڕوونی هەڵوێستی چینایەتیی سۆسیالیستیی بزووتنەوەی خوێندکارییان لەم قۆناغەدا نیشان داوە.

بزووتنەوەی خوێندکاری کە ئێستا زیاتر لە دوو مانگ و نیوە سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی، دەستبەسەرکردنی بەرین، دەرکردن و ئەمنییەتی کردنی فەزای زانکۆکان هەروا لەئاستێکی بەریندا بەرامبەر بە سەرکوتگەرانی ڕێژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی ڕاوەستاوە و بووەتە یەکێک لە سەنگەرەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، خاوەنی وەها مێژوویەکی پڕ لە شانازییە.

*****

لە قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا، بزووتنەوەی خوێندکاری وەک یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، پێویستە داخوازیی گەڵاکراوی ناو ئەم بزووتنەوەیە بە پەیگیرترین و ڕادیکاڵترین شێوە نوێنەرایەتی بکات و پشتیوانیی لێ بکات. بەشی چەپ و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری لە بەرامبەر لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکان کە بەنیازن ئەم بزووتنەوەیە بەلاڕێدا بەرن، تەنیا بە هێنانەگۆڕی ئەم داخوازییە دیموکراتیکانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانە کە دەتوانن ئەم ئەرکە بەسەرەنجام بگەیەنێ و لەگەڵ بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندیی قووڵتر بەرقەرار بکات.

لە بارودۆخێکدا کە لەلایەکەوە بەشێکی بەرین لە چالاکان و بەدەنە و پێگەی بزووتنەوەی خوێندکاری ژنان و کچان پێکی دێنن، دیارە پرسی بزووتنەوەی ژنان کە پێشەنگی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستان، بۆ بزووتنەوەی خوێندکاری یەکجار گرینگە. هەربۆیە پێویستە، ئاراستەی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاری بەشێک لە هێزی خۆی بەشێوەی سیستماتیک و شارەزایانە بۆ پرسی بزووتنەوەی ژنان تەخان بکات و لە بەهێزکردنی ئاراستەی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی لە ناو بزووتنەوەی ژناندا یارمەتیدەر بێت. بەلەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی خوێندکاران، کچانی خوێندکار دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەریان بێت لە هێنانە مەیدانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە ناوچە هەژارنشینەکان و حاشیەی شارەکان. هاتنە مەیدانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە ئاستی جەماوەریدا یەکێک لە ڕێگاکانی درێژە و جەماوەریتر کردنەوەی هەرچی زیاتری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستایە.

لەو جێگەوە کە چالاکان و گشت بەدەنەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە میلیەتی جۆراوجۆر پێکهاتوون، هەوڵ بۆ ڕێگری لە هەرجۆرە تەفرەقەیەک لەناو ڕیزی خوێندکاران، یەکێک لە لە ئەرکەکانی بەشی چەپ و سۆسیالیستیی بزووتنەوەی خوێندکارییە. بەتایبەت لە ئێستادا هەرجۆرە تەفرەقەیەک لەناو بزووتنەوەی خوێندکاری لەسەر ئەساسی پێناسی نەتەوەیی بەزیانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە. لەم ڕاستایەدا ڕەخنە لە ناسیۆنالیسم و شۆڤینیسمی ئێرانی و ناسیۆنالیسم لەناو نەتەوە ژێر ستەمەکاندا یەکجار گرینگە و لەبەرامبەردا پێویستە بەشێوەی بەردەوام ئاڵتێرناتیڤی ئینسانی و سۆسیالیستی بۆ نەمانی ستەمی نەتەوەیی تەبلیغ بکرێت.

بزووتنەوەی خوێندکاری بەهۆی پێکهاتەیەک کە هەیەتی بەشێوەی سرووشتی توانای ئەوەی هەیە کە ببێتە یەکگرتووی بەهێزی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی لاوان دژبە گوشاری ئابووری، بێ مافیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، کلتووری و سیاسی کە شەقامیان کردووەتە مەیدانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ڕێژیمی ئیسلامی. لەم ڕاستایەدا پێویستە هەڵسووڕاوانی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ تۆڕی لاوانی شۆڕشگێڕ کە ڕێکخەر و ڕێبەری ناڕەزایەتییەکانن لە گەڕەکانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، پەیوەندیی چالاکیان هەبێت. پێکهێنانی ئەم پەیوەندییە زیندوویانە و هەماهەنگ کردنی ناڕەزایەتییەکان، لە پێداویستییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامییە.

بەشی سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری سەرەڕای ئەرکە گرینگەکانی سەرەوە پێویستە لەبواری تەبلیغی جیهانی بینیی کۆمۆنیستی و دیفاع لە ئیعتبارە زانستییەکەی و دەخاڵەتگەری لە چالاکی و جەداڵی نەزەری کە مێکانیسمێکی گونجاوە بۆ کاریگەری دانان لەسەر خوێندکاران و بارهێنانی کادری چەپ، لێبڕاوانە هەوڵ بدات. لە بارودۆخی ئێستادا دیفاع لە سۆسیالیسم و تێکۆشان بۆ بەهێزکردنی وتاری سۆسیالیستی بەرامبەر بە وتاری لیبرالیسمی بورژوازی دەتوانێ گەورەترین خزمەتی هەڵسووڕاوانی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاری بێت لەپێناو لابردنی بەربەستە زەینییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاری. لەلایەکی دیکەوە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لە کۆماریخوازانی لائیک و سێکۆلارەوە بگرە تا ڕەوتی سۆسیال دیموکرات و ڕێفۆرمیست و هێزەکانی ناوەندی هاوکاری لە کوردستان، تا شۆرای مودیریەتی گوزار بە ئامانجی دەست بەدەست کردنی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر سەری جەماوەرەوە لەژێرناوی دووری کردن لە توندوتیژی، دژبە شۆڕش تۆوی گومان و ناباوەڕی دەچێنن. ڕەخنەی ڕادیکاڵ و ڕیشەیی سازشکاری، ڕێکار و ئاڵتێرناتیڤسازیی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن، یەکێک لە ئەرکەکانی سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی خوێندکارییە.

بەشی چەپ و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگە کەوتووەتە پێگەیەکی شۆڕشگێڕانەوە لەپێناو وڵامدانەوە بەم پێداویستییانە و بۆ درێژەدانی چالاکییەکانی، بەرلە هەموو شتێک پێویستە ڕیزەکانی خۆی ڕێکخراو و پتەو بکات. لە هەمان حاڵدا سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری پێویستە لەڕێگەی پێوەندیان لەگەڵ تۆڕەکانی چالاکانی خوێندکاری لە زانکۆ جۆراوجۆرەکانی ئێران پێداویستییەکانی پێکهێنانی شۆرای هەماهەنگیی ناوەندە خوێندکارییەکان و ڕێبەریی سەرانسەریی ئەم بزووتنەوەیە دابین بکەن. لەو جێگەوە کە ڕێبەریی مەحەلی لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا توانای وڵامدانەوەی بە خواستەکانی بزووتنەوەی سەرانسەری خوێندکاران نییە، پێکهێنانی ئەمجۆرە ناوەندانە کۆمەک دەکات کە بزووتنەوەی خوێندکاری یەکپارچەتر و هەماهەنگتر دژبە کۆماری ئیسلامی و سەرکوتگەرییەکانی بێتە مەیدان.

جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانەی ئاماژەیان پێدرا و بە سەمەر گەیاندنیان بە بێ تەحەزوبی کۆمۆنیستی وەک ناوەندی بۆ پەیوەنددان و هەماهەنگ کردنی هەموو بوارەکانی چالاکیی ئەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیە، کارێکی یەکجار دژوارە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تێدەکۆشێت زەرفی بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکانە بێت لەپێناو بەهێزکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و لەڕاستای تەقویەتی یەکگرتوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشڕەوەکان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری. تێدەکۆشێت بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوەکان لە کێشمەکێشی سەخت و دژواری داهاتوو لە بواری سیاسی و لە شەڕ بۆ دەسەڵاتی سیاسی نوێنەرایەتی بکات و زەرفییەت و تواناییەکانی بۆ بەسەرەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکانە لەخۆیدا پێک بێنێت. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەپێناو ئەم ئامانج و هەڵوێستانە لەم بارودۆخە شۆڕشگێڕانەیەدا، داوا لە کۆمۆنیستەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری دەکات کە بە ڕیزەکانی پەیوەست بن و لە دیاریکردنی چارەنووسی حیزبدا بەشداری بکەن.

پیرۆزبێت ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار

بەرز و بەڕێز بێت یادی گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی خوێندکاری

بڕووخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

سەرماوەزی ١٤٠١

دێسامبری ٢٠٢٢