لە شاری بەندەر ئەنزەلی لاوێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد
پێنجشەممە ۱۰-۰۹-۱۴۰۱   |  01-12-2022
مێهران سەماک خەڵکی شاری بەندەر ئەنزەلی سەر بە پارێزگای گیلان شەوی چوارشەممە ٩ی سەرماوەز، لە ڕەوتی خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە گەڕەکی “چرا بەرق”ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گیانی بەخت کرد.
مێهران سەماک، بەر لە گیانبەختکردنی ستۆرییەکی سەبارەت بە ئاکام و دەنگۆیەکانی فووتباڵی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئامریکا لە لاپەڕی ئینساگرامەکەی ڕوو لە خەڵکی ئێران دانابوو و داوای کردبوو: “وا باشە زۆر خۆمان بەو شتە لاوەکییانەوە سەرقاڵ نەکەین و تەنیا جەخت بخەیەنە سەر مانگرتن و لە خۆپیشاندانەکان و بەردەوام بین”. هەروها داوای کردبوو کە بەر لە ئاکامی ئەو فووتباڵە چ لە ئەگەری دۆڕان یان بردنەوەی باشتر ئەوەیە کە پاڵپشتی یەکتر بین.