محەممەد جەواهری، خوێندکار و خەڵکی سەردەشت، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی زانکۆی تاران، سزای ٤ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ زەربە قامچی لەلایەن دەزگای دادوەریی رژیمەوە بەسەردا سەپێندرا.
محەممەد جەواهری، تەمەن ٢٧ ساڵ و خوێندکاری کارناسی باڵای توێژینەوەی لاوان لە زانکۆی تاران، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و تبانی” سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی” سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.هەروەها، بەپێی بڕیاری دادگا، ئەو خوێندکارە بۆ ماوەی دوو ساڵ مافی چوونەدەرەوەی لە وڵات و ئەندام بوونی لە گرووپ و ڕێکخراوەکانی لێ زەوت کراوە. بە لەبەرچاوگرتنی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا واتە ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.
محەممەد جەواهری، ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەزبەر، دوای هاتنەدەرەوەی لە بەشی ناوخۆیی زانکۆی تاران و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ شاری سەردەشت لە تێرمیناڵی “مسافربری غرب”، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، بنەماڵەی محەممەد جەواهری لە بارودۆخێکی دژواردان و باوکی محەممەد بەهۆی گوشاری دەروونی زۆر لەدوای زانینی سزا قورسە سەپێندراوەکان بەسەر کوڕەکەیدا، تووشی جەڵتەی مێشک بووە و لەدوای ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەک لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، توانای قسەکردنی لەدەستداوە.