لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا، لانیکەم ٢٤ هاووڵاتی لە شار دێولان دەستبەسەر یاخود ڕفێندراون، کە هەتا ئێستا چارەنووس و بارودۆخی تەندروستییان ناڕوونە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەز، نەوید سولتانی، تەمەن ١٩ ساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە لە شاری دێولان دەسبەسەرکرا.
٢٤ کاتژمێر پێش ئەوەش و لە ڕۆژی سێشەممە ٨ی سەرماوەز، زانا ئەحمەدی، دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی سەرماوەز، سۆران حوسێن پەناهی، خەڵکی گوندی قروچیا سەر بە شاری دێولان، دوای دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە .لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ خەزەڵوەر، چیاکۆ محەممەدی، دانیشتووی شاری دێولان، بەشێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان و کوتان لەپێش چاوی دایک و باوکی لەلایەن هێزەکانی سەرکوتگەری رژیم دەسبەسەرکرا. هەر لە هەمان ڕۆژدا، هێزەکانی ڕژیم دوو هاووڵاتی دیکەیان، بە ناوەکانی، فەرید ڕۆستەمی، خەڵکی گوندی قروچیا و ئەنوەر شاکر، خەڵکی گوندی “سیس” دەسبەسەرکرد.
لە ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەر، بە دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی شەهرام مەنسووری و عەلی جوانمەردی لە شاری دێولان بەردەوامبوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتووە، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، سەرەڕای ڕفاندنی منداڵێک بەناوی محەممەد حوسێن پەناهی، ئەرسەلان حوسێن پەناهی کوڕی محەممەد ئەمین، ئەرسەلان حوسێن پەناهی کوڕی ئەحمەد، سیامەک حوسێن پەناهی، بێهزاد حوسێن پەناهی و عەلی حوسێن پەناهی، کە سەرجەمیان خەڵکی گوندی قروچیان دەستبەسەرکران.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە شاری دێولان، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی قروچیا بە ناوەکانی سامان خالدیان، سەنعان حوسێن پەناهی، بێهزاد حوسێن پەناهی و عەلی محەممەد حوسێن پەناهی و هەروەها ئەنسار ڕەحیمی دانیشتووی شاری دێولان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فەردین حەمیدی، یاسین فەتحی، کامەران فەتحی، ئومێد براخاسی و محەممەدی قادری، هاووڵاتییانی خەڵکی دێولان، دەستبەسەرکران و هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.