فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هاووڵاتیەکی خەلکی دێولان ٦٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپا
سێشەممە ۱۵-۰۹-۱۴۰۱   |  06-12-2022

سوهەیلا موتاعی، خەڵکی شاری دێولان کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دوو جار دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری دێولان و بە چەندین تۆمەتی ئەمنییەتی، بەگشتی سزای ٦٠ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
سوهەیلا موتاعی، بە شێوەیەکی ڤیدیۆکونفرانس و لە دادگایەکی فۆرماڵیتە و چەند خولەکیدا چەندین تۆمەتی بەسەردا سەپاوە کە هەر کام لەو تۆمەتانە سزای تایبەتیان بۆ دیاری کراوە و تۆمەت و سزاکانیان بریتین لە؛ تێکدانی ئاسایشی گشتی، ١٨ مانگ بەندکردن، چالاکی بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، ١۵ مانگ بەندکردن، شێواندان و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، ١٣ مانگ بەندکردن، هەوڵدان بە دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، ۵ مانگ بەندکردن و چالاکی بۆ حیزب و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی، ٩مانگ بەندکران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستمان گەیشتوون، تانەت کۆپییەک لە بڕیارنامەکەی دادگا لەسەر سوهەیلا موتاعی بە بنەماڵەکەی و ئەو کەسانەی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ناوبراو دەکەن، نەدراوەتەوە و تەنیا بە شێوەی زارەکی دەقی ئەو بڕیارنامەیە بە بنەماڵەی موتاعی ڕاگەیەندراوە.
جێگای باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی هەر دوو جار کە دەستبەسەر کراوە لە مافە سەرەتایییەکانی وەکوو هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.