هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەرانسەریی شۆفیرانی کامیونە بارهەڵگرەکان، لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا، لانیکەم ١٢٠ بارهەڵگر لە شاری پاوەی پارێزگای کرمانشا ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی سەرماوەز دەستیان لە کار کێشایەوە و مانیان گرتووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتوون، لەم ڕۆژانەی دواییدا خاوەنی بارهەڵگرەکانی شاری پاوە لە لایەن بەشی پێوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی ڕێگاوبانی شاری پاوەوە پەیامی تایبەت و لە گرووپە واتساپییەکان یشدا پەیامی گشتییان بۆ نێردراوە و بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە و گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان خراونەتە ژێر گوشار و هەڕەشەوە.
لەم پەیامانەدا کە دەوترێت بە گوشاری شەهریاریی سەرۆکی ئیدارەی ڕێگاوبانی پاوە و سەیفوور غوڵامی لە هاوکارانی دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەم شارە نێردراوە، خاوەنی بارهەڵگرە مانگرتووەکان هەڕەشەی بلۆککردنی کارتی هوشمەندی سووتەمەنیی شۆفیر و بڕینی بەشەگازۆییلەکەیان لێ کراوە.