فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتنی سەراسەریی سێ ڕۆژە؛ لە بازاڕیانەوە تا کرێکاران
پێنجشەممە ۱۷-۰۹-۱۴۰۱   |  08-12-2022

مانگرتنی سەراسەریی سێ ڕۆژە کە پاش بانگەوازی بەرینی گرووپ و چالاکە جۆراوجۆرەکان دەرکراوە، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠١، چووە ناو دووهەم ڕۆژی خۆیەوە.
لە دووهەمین ڕۆژی ئەم مانگرتنانەدا، کرێکارانی شاغڵ لە کۆمپانیای پێترۆکیمیای سنە لە ناڕەزایەتی‌ بە وڵام ‌نەدانەوەی داخوازییەکانیان بۆ دووهەمین ڕۆژ مانیان گرت و لە شوێنی کارەکەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا. کرێکارانی پێترۆکیمای سنە خوازیاری “زیاتر کردنی ئاستی حەقدەستەکان”، “لابردنی پەیمانکاران” و “گۆڕینی بارودۆخ” و باقیی داخوازییەکانی خۆیانن.

کرێکارانی تواندنەوەی ئاسنی ئەسفەهانیش جگە لە پەیوەست بوونیان بە مانگرتنە سەراسەرییەکانەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا.
کرێکارانی شاغڵ لە کارخانەی دارووگەری تارانیش لە ناڕەزایەتی‌ بە پێنەدانی لانیکەم ٤ مانگی حەقدەستەکانیان و ٥ مانگ نەدانی مافی بیمە، لە شوێنی کارەکەیان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی.
کرێکارانی ئەم کارخانەیە کە بە هۆی نەبوونی ماتریالە سەرەتاییەکانەوە کارەکانیان وەستاوە، دەڵێن: “لە یەک ساڵی ڕابردوودا چالاکییە بەرهەم هێنەرانەکەیان لە شوێنی کارەکەیاندا بە هۆی دابین نەکردنی ماتریالە سەرەتاییەکانی بەرهەمهێنانەوە بە شێوەی بەردەوام ڕادەگیرا و بەردەوام حەقدەستەکانیان بە چەند مانگ دواکەوتنەوە دەدران.”
بە وتەی ئەم کرێکارانە، مافی بیمەکەیان لە چوار مانگە پێشەوە نەدراوە و سەرباری ئەمانەش، ئیمتیازەکانی کاری زیادە و سرویسی هات‌وچۆیش بە کرێکاران نەدراون. خاوەن‌کار بە کرێکارەکانی وتووە : “ئەو کەسانەی ئەمەیان پێخۆش نییە، دەتوانن شوێنی کارەکەیان بەجێ بهێڵن.”

لە لایەکی دیکەوە کرێکارانی پەیمانیی پێترۆکیمیای چوار پارێزگای ئیلامیش لە ناڕەزایەتی‌ بە “کەم‌ بوونی ئاستی حەقدەست و ئیمتیازەکان” و “بەڕێوە نەبردنی پڕۆژە یاسای پۆلێن‌بەندیی پیشەکان” مانیان گرتووە. ئەم کرێکارانە کە ژمارەیان ٦٠٠ کەسە، سەرباری پێشینەی کار و دەستی کارامەی کارەکەیان، تەنیا بنەڕەتی حەقدەست بەبێ ئیمتیازەکانی کارەکەیان وەردەگرن. وەکی‌تر، هەموویان لە لیستەکانی بیمەدا وەک “کرێکاری سادە” ناویان تۆمار کراوە و نزمترین ئاستی بیمەیان بۆ لەبەرچاو گیراوە. هەر لەبەر ئەمە لە کاتی خانەنشینی‌دا مووچەکەیان لە نزمترین ئاست دا دەبێت.