فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: جەماوەری شۆڕشگێڕ ئێعدامی موحسین شکاری بێ وڵام ناهێڵنەوە
یەکشەممە ۲۰-۰۹-۱۴۰۱   |  11-12-2022
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: جەماوەری شۆڕشگێڕ ئێعدامی موحسین شکاری بێ وڵام ناهێڵنەوە

ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بەیانی پێنجشەممە ١٧ی مانگی سەرماوەز “موحسین شکاری” زیندانی سیاسی و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێعدام کرد. موحسین شکاری لە جەرەیانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە ڕێکەوتی ٣ی مانگی ڕەزبەر لە شەقامی سەتارخانی تاران دەستبەسەرکرا.  موحسین ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەر لەلایەن دادگای دژەئینقلابی تاران بە تۆمەتی بێ ناوەرۆکی “موحاربە لەڕێگەی چەک کێشان بەمەبەستی کوشتن و دروستکردنی ڕوعب و وەحشەت و زەوتکردنی ئازادی و ئەمنییەت لە خەڵک و هەروەها بە تۆمەتی بریندارکردنی مەئمووری بەسیج لە کاتی ئەنجامدانی مەئمووریەت و داخستنی شەقامی سەتارخانی تاران و شێواندنی نەزم و ئەمنییەتی کۆمەڵگە” بە ئێعدام مەحکووم کرابوو. حوکمی ئێعدای موحسین شکاری بەر لەوەیکە حوکمێکی یاسایی بێت دژی ئەم زیندانییە سیاسییە، حوکمێکی سیاسییە و پێش ئەوەی زیندانییەکەی لە نەزەردا بێت، جەماوەری ڕاپەڕیو و ڕەزمەندەی سەرشەقامی کردووەتە نیشانە تا لە ڕێگەی قەتڵی ئەوەوە خەڵک چاوترسێن بکات.

قەتڵی دەوڵەتیی موحسین شکاری کاردانەوەی ڕژیمی ئیسلامییە بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەریی ڕۆژانی ١٤ و ١٥ و ١٦ی سەرماوەز کە پایەکانی ڕژیمی خستووەتە لەرزە. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەڵکی خەباتکاری ئێران بە ناڕەزایەتیی سێ ڕۆژە و بە کردەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بە سەرانی ئەم ڕژیمەیان ڕاگەیاند کە سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام و کوشتاری خەڵکی بێ چەک، عەزم و ئیرادەیان بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە سست ناکات. سەرانی خوێنڕێژی ڕژیمی ئیسلامی دەبێ بزانن کە ئەمڕۆ ئیتر ساڵەکانی دەیەی شەست نییە کە لە خەفادا هەزاران زیندانیی سیاسی بە جوخەی ئێعدام بسپێرن و بیانخەنە گۆڕە بێ ناو و نیشانەکانەوە. ئێستا نزیکەی سێ مانگە کە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران شەقام و زانکۆ و مەدرەسە و کارخانە و تەنانەت مەراسیمی بەخاکسپاردنی گیان بەختکردووانیشیان کردووەتە سەنگەری دیفاع لە ئازادی و بەرابەری و سەنگەری خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی. جەماوەری ڕاپەڕیو بە کەمتر لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ڕازی نابن.

لە وەها بارودۆخێکدا ڕژیم نەفامانە لەناو زیندانەکاندا لە گیانی بەندکراوانی سیاسی بەربووە تا بە خەیاڵی خۆی خەڵک لە دەرەوەی زیندانەکان چاوترسێن بکات. ڕژیم بەم جەنایەتەی بەنزین بە ئاگری شۆڕشدا دەکات. بێگومان ڕژیم بێ ئاکامبوونی ئەم سیاسەتە لەناو زیندانەکان، لە دەرەوەی زیندانەکان دەبینێت. ئەمجارەیان دروشمی زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت بەهێزتر لە ڕۆژانی ڕابردوو لە بەرامبەر زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیمدا هاوار دەکرێت.  جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵک بە پەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی یەکگرتووانە و یەکپارچە لە بەرامبەر زیندانەکان و بە هاوارکردنی دروشمی زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت، ڕۆڵەکانیان لە زیندان ڕزگار دەکەن.

ژنان و پیاوانی خەباتکار و ئازادیخواز کە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا سێ ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارییان تەجروبە کردووە، وشیارن و دەزانن کە ئەوە هۆکار و عاملینی وەزعی مەوجودن کە دەبێ بڕۆنە زیندانەکان. واتە هەموو ئەوانەی بۆ ڕۆڵەکانی خەڵک، بۆ موحسین شکارییەکان پەروەندەسازی دەکەن و ئەوان دەخەنە زیندان و ئەشکەنجەیان دەدەن، هەر ئەو کەسانە کە جگەرگۆشکانی خەڵک دەکووژن و لە گۆڕە بێ ناو و نیشانەکاندا دەفنیان دەکەن، واتە ئەوانە کە سەروەتی کۆمەڵگە و بەرهەمی کاری کرێکارانیان بەتاڵان بردووە و باری لەتاقەت بەدەری ڕەنج و ببێەشی و بێمافییان خستووەتە سەر شانی خەڵکەوە. بێگومان دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە پایەکانی ئەم زوڵم و ستەمەی دەسەڵاتی ئیسلامی تێکبشکێت و سەران و کارگێڕانی تاوانکاری ئەم ڕژیمە لە دادگای خەڵکیدا بەشێوەی عەلەنی موحاکمە بکرێن و بە سزای کارەکانیان بگەن.

زیندانیی سیاسی بێ شەرت و مەرج دەبێ ئازاد بکرێت

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کاریگەری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١

٨ی دێسامبری ٢٠٢٢

تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co