لەماوەی ڕۆژانی ١٤ و ١٥ و ١٦ی سەرماوەز و بەدوای بانگەوازی دەیان ڕێکخراوی خوێندکاری و کرێکاری، لاوانی شۆڕشگێڕی کۆمیتەکانی مەحەلات لە شارە جۆراوجۆرەکان، ڕێکخراوی سەراسەریی مامۆستایان، خانەنشینان، شۆفیر کامیۆن و کامیۆنداران، خوێندکاران و ڕێکخراوە سیاسی و فەرهەنگی و هونەرییەکان، لە زۆربەی شارەکانی ئێران مانگرتن و ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو. ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە سێ ڕۆژەیە لەلایەکەوە نیشانەی هەرچی جەماوەریتر بوونەوە سەرانسەری بوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی هاتنە مەیدانی چینی کرێکار بوو و لەلایەکی دیکەوە هەڵگری پەیامێکی قاتع بوو بۆ خامنەیی و فەرماندەکانی سپای پاسداران و باقیی سەردەمدارانی ڕژیم. پەیامەکە ئەوە بوو: “هەڕەشەی کوشتن، سەرکوت، زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام و جەنایاتێک کە لەماوەی ٨٥ ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامتان داوە، نەیتوانیوە ئێمە لە درێژەی ڕێگایەک کە گرتوومانەتە بەر پاشگەز بکات. ئێمە عەزممان جەزم کردووە تا ڕووخاندنی یەکجاریی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی سەرمایە ڕانەوەستین. گەشەی ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنی ئەم سێ ڕۆژە نیشانی دا کە دەزگاکانی سەرکوت و هێزی پرتووکاو و بەکرێگیراوی حکوومەتی ئیسلامی لەبەرامبەر شەپۆلی خرۆشاوی خەڵکی ڕاپەڕیودا توانای خۆڕاگریی نییە. لەم سێ ڕۆژەدا زیاتر لە ٢٠٠ حەرەکەتی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو، لە چەندین ناوەندی کرێکاری مانگرتن و ناڕەزایەتی بەرپا کرا. سەرەڕای هەڕەشەکردن و خەت و نیشان کێشان و پلۆمب کردن، دووکانداران لە زیاتر لە ٧٠ شار دووکانەکانیان داخست و بەم مانگرتنە پەیوەست بوون. تەقریبەن هەموو زانکۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە مەدرەسەکان بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و وتنەوەی دروشم دژبە حکوومەت ئەم مانگرتنەیان درێژە دا و نەچوونەوە سەر کلاسەکان و بەمجۆرە وڵامێکی بەجێیان بە ڕەئیسی و بە باقیی مۆرەکانی ڕژیم دایەوە. ئەمە تەمرینی شۆڕش بوو کە جەماوەری خەڵک لەم سێ ڕۆژەدا تەجروبەیان کرد.
بزووتنەوەی خوێندکاری لە سێ مانگی ڕابردوودا بە بەشداریی چالاکانە و شکۆدار و بەردەوامی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا دژبە دەسەڵاتی جەهل و خورافەی سەرمایەداری نیشانی دا کە دوای چەند ساڵ لەژێر ئاواری جەرەیانی ئیسلاح تەڵەبیدا پشتی ڕاست کردووەتەوە و بە قامەتی ئۆستوارتر لە ڕابردوو هاتووەتە مەیدان و ١٦ی سەرماوەزی ئەمساڵی کرد بە خاڵی وەرچەرخان بۆ سەلماندنی شۆرشگێڕبوونی بزووتنەوەی خوێندکاری. ١٦ی سەرماوەز بۆ جارێکی تر بۆوە بە مێژوو. لەم سێ ڕۆژەدا خوێندکارانی خەباتکار لە سەرانسەری ئێران بە وتنەوەی دروشمی شۆڕشگێڕانەی وەک “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “حکوومەتی ئیسلامیمان ناوێ”، “خوێندکار دەمرێ، زیللەت قەبوڵ ناکات”، “خوێندکاری زیندانی، زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ”، سیاسەتی دژەئینسانیی ڕژیم واتە سەرکوت و دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ١٨ هەزار کەس لەماوەی سێ مانگی ڕابردوویان مەحکووم کرد. ناوەرۆکی سیاسی ئەم دروشمانە نیشانەی سەرهەڵدانی دووبارەی بزووتنەوەی خوێدکارییە. ئەم پێشڕەوییەی بزووتنەوەی خوێندکاری، هێزەکانی سەربە ڕژیمی سست و شپرزە کرد. تا جێیەک کە ئەندامانی شۆرای مەرکەزی ئەنجومەنی ئیسلامیی “زانکۆی بەهەشتی” بەشێوەی دەستەجەمعی ناچار بە ئیستعفا بوون. بێگومان حزووری بەهێزی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ناو ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە و گرێدرانی بە بزووتنەوی خوێندکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێ لە سست کردنی زیاتری پایەکانی حکوومەت و ڕووخاندنی یەکجاریی ئەم دەسەڵاتەدا ڕۆڵێکی سەرەکیی ببینێت.
لە ناڕەزایەییەکانی سێ ڕۆژی ڕابردوودا بێجگەلە بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی کرێکاریش بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆی لە ئاستی بەرینتر لە ڕابردوو هاتە مەیدان و بەرەو ئەو مەسیرە هەنگاو هەڵدەگرێت کە یەکێک لە کەمبودە ئەساسیەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بە حزووری ڕێکخراو و یەکگرتووی خۆی چارەسەر بکات و چارەنووسی کۆماری ئیسلامی یەکلا بکاتەوە. لەو ماوەیەدا بێجگەلە مانگرتنی کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان و شۆفیر کامیۆنەکان، کرێکارانی پڕۆژەیی سەنایعی نەوت، کرێکارانی کارخانەکانی بەرهەمهێنانی فولاد لە زۆرێک لە ناوەندەکان، پێترۆشیمیی ماهشهەر و سنە، ئاڵمینیۆمی بەندەرعەباس، سیمانی ئیسفەهان، کرێکارانی ماشێنسازیی ئێران خودرەو و سایپا و بەشێک لە شۆفیرەکانی شیرکەتی ئۆتۆبوسڕانیش بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان و هەروەها بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بەم مانگرتن و ناڕەزایەتییە پەیوەست بوون.
لەلایەکی دیکەوە بانگەواز و بەشداریی کۆمەڵێکی بەرچاو لە کۆمیتەی لاوانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکان لە شارە جۆراوجۆرەکان، شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوی سینفیی فەرهەنگیان، کادری دەرمانی، ڕێکخراوی خانەنشینان و بەتایبەت بۆ یەکەم جار بەشێکی زۆر لە بازاڕییانی تاران و باقیی شارە گەورەکان، هاوسەنگیی هێزیان بە قازانجی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و بە زیانی کۆماری ئیسلامی زیاتر گۆڕی. ئێستا دەتوانین بڵێین کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بە هێز و توانایەکی زیاترەوە دژبە زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی هاتووەتە مەیدان تا ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە کە بێجگەلە هەژاری و برسێتی و سەرکوت و زەبروزەنگ، دزی و گەندەڵی دەستکەوتێکی دیکەی بۆ کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ئێران نەبووە، بە یەکجاری بڕووخێنێ.
هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی و کاری ڕێکخەرانە و ئامادەکاری بۆ ناڕەزایەتی و مانگرتنی سێ ڕۆژە لەلایەن چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە تاکتیکێکی گونجاو بوو بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە ورە ڕووخاوەکانی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی. ئەم ئەزموونە کۆمەک دەکات تا بە بۆنەی دیکەوە بۆ نموونە ساڵهاتی ئاخێزی بەفرانباری ٩٦ یان ساڵڕۆژی بەردانەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسداران، هێزێکی زیاتر بێنینە مەیدان و بە بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتیی بەهێزی سەراسەری و بەردەوام زەربەی قورستر لە ڕژیمی ئیسلامی بدەین و بەشێوەی شۆڕشگێڕانە بیڕووخێنین. هەروەها پێویستە وشیار بین کە ئیجازە نەدەین جەریانانی بۆرژوا لیبراڵ و ناسیۆنالیست بە سات و سەودا و سازان لەگەڵ یەک و بە پشتیوانی و هیدایەتی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری، لەسەر سەری خەڵکەوە ڕژیمێکی تر لە جیاتی کۆماری ئیسلامی بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێراندا بسەپێنن. پێویستە ئەم ڕژیمە تاوانکارە بە زەبری هێزی کرێکاران و جەماورەی شۆڕشگێڕ کە گۆشەیەکیان لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی سێ ڕۆژەی ١٤ و ١٥ و ١٦ی سەرماوەزدا نیشان دا، بڕووخێنت و بخرێتە زبڵدانی مێژووەوە.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران