فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی:٦٠٪ی ئەو منداڵانەی کوژراون لە سیستان و بەلوچستان و کوردستان بوون
دوشەممە ۲۱-۰۹-۱۴۰۱   |  12-12-2022

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، دەستبەسەرکراو و ڕفێندراوان بە شێوەیەکی سیستماتیک لەژێر ئەشکەنجەی ڕۆحی و فیزیکی دان.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا وردەکاری گیان لەدەستدانی ٤٤ منداڵ کە لە ناڕەزایەتییەکانی سێ مانگی ڕابردووی ئێراندا گیانیان لەدەست داوە بڵاوکردەوە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە: “٣٤ کەس لەم قوربانیانە لە کاتێکدا ڕاستەوخۆ تەقە لە “دڵ”، “سەر” یان “ئەندامە گرنگەکانی دیکە”ی جەستەیان کراوە گیانیان لەدەست داوە کە لە نێویانیاندا لانیکەم چوار منداڵ لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون”. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە ژمارەی کوژراوان لە ٣٠٠ کەس تێپەڕیوە و لەوانەیە ئامارەکان لەمە زیاتر بێت.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ بێدەنگ کردنی بنەماڵەی قوربانیان بەشێوی جیاواز ئازاریان دەدەن و ترس و دڵەڕاوکەیان بۆ دروست دەکەن. بەرپرسان بە هەڕشە و گوشار، دانپێدانانی زۆرەملێ لە بنەماڵەکان وەردەگرن بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرپرسایەتی مەرگی ئازیزانیان بێبەری بکەن. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەم کوژراوانە سەر بە کەمینە ستەم لێکراوەکانی ئێرانن کە بۆ ماویەکی زۆر لە لایەن ڕژیمەوە بوونەتە قوربانی ئازار، ئەشکەنجە و هەڵاواردنی سیستماتیکەوە.
لە نێوان ئەم ٤٤ منداڵە کوژراوەدا کە لە لایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە ناوەکانیان پشتڕاست کراوەتەوە، ١٨ کەس، واتە ٤٠٪ی زیاتری کوژراوان خەڵکی بەلوچستان بوون، لانیکەم ١٣ کەسیان لە “هەینی خوێناوی” زاهێدان، ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە لایەن هێزە چەکدارە ڕژیمی ئیسلامی کوژراون.
١٠ کەس لەو منداڵە کوژرانە کورد بوون کە لە هەشت شاری پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کوژراون. ١٦ منداڵەکەی دیکە لە شەش پارێزگای دیکە لە سەراسەری ئێران کوژراون.