فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی شاری سنە، پڵۆمپ کردنی دووکان و داخستنی هەژمارە بانکییەکانیان
دوشەممە ۲۱-۰۹-۱۴۰۱   |  12-12-2022

ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامی، بە بیانووی بەشداری لە مانگرتنە سەرانسەرییەکان گوشارێکی لە ڕادەبەردیان خستووەتە سەر دووکاندار و کاسبکارانی شاری سنە و کۆمەڵێک لە کاسبکارانی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی سەرماوەز، ئەمجەد حسێن پەناهی، خاوەن و بەڕێوەبەری مارکێتی “زانا” کە لە شەقامی فێردەوسی هەڵکەوتووە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە. مارکێتی ئەو هاووڵاتییە پێشتر بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ئەم دوایییانەدا، لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیمەوە پڵۆمپ کراوە و هەژماری بانکیی ناوبراویش داخراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حوسێن کاکەخانی، تەمەن ۵٠ ساڵ و وەستای چاککردنەوە ئۆتۆمبێل و وریا پەڕکان، تراشکار، لە پێش دووکانەکانی خۆیاندا لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە شاری سنە،دەستبەسەر کرا.

هەروەها ڕۆژی هەینی، ١٨ی سەرماوەز، مەنسوور محەممەدزادە، کاسبکارێکی شاری سنە و دانیشتووی شارۆچکەی زاگرۆسی ئەو شارە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو خاوەنی شیرینی فرۆشی “عەسەل”ە . دووکانی ئەو هاووڵاتییە بە هۆی بەشداریی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی مانگی سەرماوەز، لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیمەوە پڵۆمپ کراوە و هەژماری بانکیی ناوبراویش داخراوە.
هەر لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی سەرماوەز، دووکانی چاککردنەوەی ئۆتۆمۆبیلی هاووڵاتییەک بە ناوی ئەردەشێر مورادی، لە گۆڕەپانی نەبوەت”ی شاری سنە، بە هۆی بەشداریی مانگرتنە سەراسەرییەکان پڵۆمپ کراوە و ناوبراویش لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.