کاتێک لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٧ی مانگی سەرماوەزدا جەلادان “موحسین شکاری”یان کوشت و جەستەیان لەبەرچاوی بنەماڵەکەی خستە ناو خاکەوە، لەو خەیاڵە خاوەدا بوون کە بە ئێعدامی موحسین ئاخێزێک کە ناوی ڕەمزی ئازادییە، دادەمرکێت. قاتڵان لایان وابوو کە دەیەی شەستە و دەتوانن ئەوانەی بە بەندیان کێشاون ئێعدام بکەن و لەناو سەرسووڕمانی کۆمەڵگەدا بیانخەنە ناو گۆڕە بێ ناو و نیشانەکانەوە. بەڵام ئەو جەماوەرە وەگیانهاتووەی کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستای خوڵقاندووە، خەڵکێکن کە لەبەر خەم و پەژارەی ئازیزانیان دەستەو ئەژنۆ دانانیشن. لەئێستادا جەستەی هەر ئازیزێک کە دەخرێتە خاکەوە، هەر لالەیەکی نەپشکوتوو کە پەڕپەڕ دەبێ، عەزم و ئیرادەی خەباتکارانی ئەم نەبەردە پتەوتر و قایمتر دەکات.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەواڵی ئێعدامی موحسین، دەستبەجێ هەزاران کەس لە خەڵکی تاران بەرەو شەقامی سەتارخان وەڕێ کەوتن تا خۆیان بگەننە ماڵی موحسین. دەنگی ناڕەزایەتی دژبەم جەنانەیەتە سەرتاسەری کۆمەڵگەی داگرت. دستبەجێ ڕێکخڕاوە خوێندکارییەکان و لاوانی گەڕەکەکان لە بانگەوازێکی هاوبەشدا لەژێرناوی “هاوڕێیان ڕاپەڕن” خەڵکی ناڕازییان بانگەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرد. خوێندکارانی زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی لە بەیاننامەیەکی درەوشاوەدا نووسییان: ”دوو مانگ لە گەڕەک و شەقامەکانی ئەم وڵاتە جەنایاتی جەنگیتان خوڵقاند، چەند سەد ئینسانتان کوشت، لە منداڵێکی بێ تاوانەوە کە کرایە ئامانجی فیشەکی بەکرێگیراوان تا لاوێکی بێ گوناه کە بە تۆمەتی بێ بنەما، پەتی سێدارەی لە مل کرا. هەزارانی دیکەشتان، لە دایکانی جەرگسووتاوەوە تا چالاکانی سیاسی، مەدەنی و خوێندکاری خستە زیندان، بەو خەیاڵەی کە دەتوانن داری خۆڕاگری و موقاومەتی میللەتێک بنبڕ بکەن، بەڵام ئەم دارە خۆڕاگرە هەروا لە جێی خۆیەتی و قایم ڕاوەستاوە”. شۆرای سازماندانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت لە بەیانییەی خۆیدا نووسیی: ”ئێمەی خەڵکی ناڕازی و مافخواز دەزانین کە دەسەڵات بە ئێعدام و دەستبەسەرکردن و ئیعتراف وەرگرتنی ئیجباری لەو خەیاڵەدایە کە بەڵکوو بتوانێ بەجۆرێک دەنگمان کز بکات. بەڵام ئێمەی خەڵک بە هەموو هێزەوە لە ژیانمان دیفاع دەکەین. ئێمە چیتر کۆیلەتی و میحنەت قەبووڵ ناکەین. ئێعدام و سەرکوت ناتوانێ ئێمە لە داخوازییەکانمان و لە خواستی هەبوونی ژیانێکی شیاو هەبوونی حورمەت و کەرامەت دوور بخاتەوە”.
ناوەندی نووسەرانی ئێران لە بەیانییەیەکدا کە بۆ مەحکوومکردنی ئەم قەتڵە دەوڵەتییە بڵاوی کردەوە، نووسیی: ”بەسی کەن! وڵامی ناڕەزایەتیی ئاشتیخوازانەی خەڵکی وەگیانهاتوو، قەتڵی دەوڵەتیی و ئێعدام نییە. لاتان وایە کە بە ئێعدام و کوشتاری بەرین دەتوانن دەنگی مافخوازی و ئازادیخوازیی خەڵک کپ بکەن. خەڵکی وەخەبەر و وشیار ناتوانن بە ئێعدام چاوترسێن بکەن”. لاوانی شۆڕشگێڕی سنە لە بەیانییەی خۆیاندا لەژێرناوی “ماشێنی ئێعدامەکەتان تێکدەشکێنین، نووسییان: ”کۆماری ئیسلامی بە کوشتنی سیستماتیک و سازماندراوی دەستبەسەرکراوان، بە وەبەر گولـلەدانی ناڕازییانی شەقام، بە هێرشی شەوانە بۆ سەر ماڵی خەڵک، بە ڕفاندن و دزینی بریندارەکان و تەرمی هاوسەنگەرانمان، بە هەڕەشەکردن لە خوێندکاران، مامۆستایان و کرێکاران، بە هەموو جۆرە تاکتیک و ڕەفتاری نەشیاو و غەیرە ئینسانییەوە بەهیچ ئامانجێکی نەگەیشتووە و تەنانەت نەیتوانیوە ورە بداتە ڕێزی بەکرێگیراوانی خۆی، چ بگا بە ترساندنی خەڵک.”
ئێعدامی “موحسین شکاری” و دەرکردنی حوکمی ئێعدام، موفسدی فی ئەرز و موحاربە بۆ دەستبەسەرکراوان، ئەوپەڕی داماوی و بێهیوایی دەسەڵاتێکە کە بە ئەزموون بۆی دەرکەوتووە کە هەر یەک کەس بکوژێت، دەیان و هەزارانی تر جێگای دەگرنەوە. خەڵکی ناڕازی هەر لە هەمان ڕۆژی بەخاک سپاردنی موحسینەوە و هاوکات لەگەڵ چلەی گیان بەختکردووانی ئەم دوایانە هاتنە سەر شەقام. لە سەتارخان و نارمەک ناوی موحسینیان هاوار دەکرد و دروشمیان دەدا: ”وادەکانیان سەرابە، وڵامی ئینقلابە”. کۆبوونەوەی خەڵکی شۆڕشگێڕ بۆ هاودەردی و هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی، ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی ئازادی قۆم لە کاتی چوونی “قازی زادە هاشمی” بۆ ئەم زانکۆیە و وتنەوەی دروشمی وەک “سیستمی گەندەڵ و میوانی قاتڵمان ناوێ”، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی زانکۆی ڕەسامی کەرەج، کۆبوونەوەی بەردەوامی چەند شەوی ڕابردوو لە کرماشان، زاهیدان، تاران، سنە، سەقز، کەرەج، ئەراک و باقیی شارەکانی تر، هاوپشتیی سەرانسەری و ناردنی بەستەی دەرمانی بۆ شارەکانی کوردستان لەوانە بۆ جوانڕۆ و بۆ مەهاباد و هەروەها بەڕێوەچوونی شکۆداری مەراسیمی خاکسپاری و چلەی گیان بەختکردووان کە خۆی بووەتە ناوەندی هاوپشتی و یەکگرتنی زیاتری خەڵک و نەفرەت لە دەسەڵات، بەجۆرێک ترسی خستووەتە ناو دڵی بەکرێگیراوانی ڕژیمەوە کە هەوڵ دەدەن بە ئێعدامی زیندانییانی سیاسی و ناشتنی شەوانەیان و سەرکوتی خوێناویی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، بەهەر شێوەیەک کە بووە لە درێژەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە ڕێگری بکەن.
زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام دوایین ئامرازی مانەوەی دەسەڵاتی ڕژیمە، بەڵام بێگومان ئەویش کارایی نەماوە و لە زەبری شۆڕش نایپارێزێ. ئێمە لەماوەی هەشتا ڕۆژی ڕابردوودا نیشانمان دا کە بۆ گەیشتن بە ئازادی، بەرابەری، بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرمایەداری و بۆ بۆنیاتنانی دنیایەکی ئازاد و بەرابەر، ترسەکانمان لەگەڵ زنجیرەکانمان فڕێ داوە. دڵنیا بن ئێمە ماشێنی کوشتارەکەتان، دامودەزگای ئێعدام و ئەشکەنجەکەتان، ناوەندەکانی دەرکردن و بەڕێوەبردنی حوکمی سەدەکانی ناوەڕاستتان تێکدەشکێنین”. هەموو ئەم بانگەوازانە و هەموو ئەم بەیاننامە و ڕاگەیاندنانە، بەیانی ئاشکرای ئەو ڕاستییەیە کە ئەم ئاخێزە کە بۆ نان و ئازادی، بۆ حورمەتی ئینسانی و بۆ ڕزگاریی ژن و بۆ کۆتایی هێنان بە کۆیلەتیی مزدییە، بە پێکهێنانی ڕوعب و وەحشەت پاشەکشەی پێ ناکرێت.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە