لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە، دوو برای خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکانی سەعید محەممەدی و ئومید محەممەدی، دوو برای خەڵکی شاری کرمانشا بە ناوەکانی سەجاد جەمشیدی و عیرفان جەمشیدی، هەروەها دوو برای خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی هێرش فاتیحی و شۆڕش فاتیحی لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراون. ڕۆژی چوارشەممە، ١۶ی سەرماوەز، سەعید محەممەدی، خەڵکی شاری قوروە ڕفێندراوە و برایەکی تری ناوبراو بە ناوی ئومێد محەممەدی، پاش ئەوەی کە بە تەقەی ئەو هێزانە بە سەختی بریندار و تووشی خوێنڕێژی بووە، ئەویشیان ڕفاندووە.هەروەها لە حەفتەی سەرەتای مانگی سەرماوەزدا، هێزەکانی ڕژیم لە شاری کرمانشا، لە شەقامی “شیرین” بە شەودا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو برا بە ناوەکانی سەجاد جەمشیدی و عیرفان جەمشیدی و ئەو دوو هاووڵاتییەیان ڕفاندووە. بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، ناوەندەکانی ڕژیم هەڕەشەیان لە دایک و باوکی ئەو دوو برایە کردووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت هەواڵی ڕفاندنی منداڵەکانیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکەنەوە.
هەروەها ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی هێرش فاتیحی لە شوێنی کارەکەی خۆی و برایەکی ناوبراویش بە ناوی شۆڕش فاتیحی، دەستبەسەرکر.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەو شەش هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.