ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرمانشا بە ناوەکانی کوروش وەیسی و میلاد مورادی، لە گەڕەکی “دەرەدرێژ”ی ئەو شارە و لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە کرمانشا، ئەو دوو هاووڵاتییە پاش ئەوەی کە ڕفێندراون، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخیان لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردستان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکراون یان ڕفێندراون.
ئەم هاووڵاتییانە سەرەڕای ئەوەیکە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراون، لە بەندیخانە و گرتنگەی ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی چارەنووسیان هێشتا نادیارە.