پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨ کە ڕۆژی شەممە ٢٦ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ١٧ی دێسامبری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو لە درێژەی ڕاپۆرتی سیاسیدا وێرای تیشک خستنە سەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکان لە ئێران و پێگەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، پێگەی ئۆردووگای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی لە هەرێمی کوردستان و پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی دایە بەر باس. لەم بەشە لە ڕاپۆرتەکەدا تەئکید کرا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ڕووخانی زیاتر نزیک دەبێتەوە، بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و داپۆشینی لاوازی و زەبوونیی خۆی، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە کوردستانی ئێران بۆ بوونی ئۆردووگای ئەم حیزبانە لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە و لەم بارەوە دەستی کردووە بە درۆودەلەسە کە گوایە “لەوێوە چەک دەنێردرێتەوە”. لەماوەی دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا ڕژیمی ئیسلامی بەم بیانووەوە دوو جار بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر ئۆردووگای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و سازمانی زەحمەتکێشان. ئامانجی ئەم کردەوە جەنایەتکارانەیەی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەرگرتن لە فورسەتی لاوازبوونی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و هاتنە سەرکاری محەممەد شیاع سوودانی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراقە کە لە کۆماری ئیسلامی نزیکە. تا بەڵکوو لەڕێگەی گوشار خستنە سەر ئەوان بتوانێ بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لە عێراق بەربەستی زیاتر پێک بێنێت. لەم پێوەندەدا، گوشاری کۆماری ئیسلامی بۆسەر دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە حکوومەتی ناوەندیی عێراق قەبووڵی بکات بە ناردنی هێزی چەکدار و جێگیرکردنیان لە سنووری ئێران، کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی کوردستان وەعۆهدە بگرێت. لە ئەگەری جێبەجێ بوونی ئەم ڕێکەوتنەدا بەربەست و کێشەی زیاتر بۆ هاتووچۆ لە نێوان ئەم دوو بەشەی کوردستاندا پێک دێت. هەڵبەت ناوەرۆکی باقیی ڕێکەوتنەکانیان ئاشکرا نەکراوە. بەڵام هەتا ئێستاشی لەژێر کاریگەریی گوشار و هەوڵەکانی ڕژیمدا بەربەست و کێشەی گەلێک بۆ ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لە هەرێمی کوردستان دروست بووە و بە ئیحتمالی زۆر هەروا درێژەی دەبێت.
پلینۆم لە درێژەی باسەکانی خۆیدا هەوڵی کۆمەڵە بۆ پێکهێنانی بەرەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستان دایە بە باس و لێکۆڵینەوە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کوردستانییەکەی کۆمەڵە لە ساڵەها لەمەوبەرەوە لەسەر زەروورەتی هەبوونی مێکانیزمێک کە بتوانێ ئەحزاب و هەموو ئینسانە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەسەر بنەمای هێندێک خاڵی هاوبەشی ئەساسی لەوانە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی، لە زەرفێکی گونجاودا ڕێک بخات، تەئکیدی کردووە و هەڵی بۆ داوە. لەئێستادا کە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان و لە سەرانسەری ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەئارادایە، بەستێنی کۆمەڵایەتی پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیستی لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات زیاتر لە هەموو کاتێک ئامادە بووە. لە وەها بارودۆخێکدا هەموو حیزب و لایەنە سیاسییە بورژوا لیبراڵ و ناسیۆنالیستەکان و تەنانەت ئیسلامییەکان وەجموجۆڵ کەوتوون تا بە کەڵک وەرگرتن لە وەها دەرەفتێک بۆ دەست بە دەست کردنی دەسەڵات لە سەرەوە و بە یارمەتیی زلهێزەکانی سەرمایەداری و دەوڵەتانی ناوچەکە، خۆیان ڕێک بخەن. ئەوان بەنیازن بەدوو لە دەخاڵەتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ڕوت و ئینسانە چەپ و کۆمۆنیستەکان کە خاوەنی سەرەکیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەن، لە جیاتی کۆماری ئیسلامی دەسەڵات بگرنە دەست و ڕێگە نەدەن ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە دەسەڵات و کۆمەڵگەدا ڕوو بدات. هەروەک ئاماژەمان پێ دا پارت و لایەنە سیاسییەکان لەئاستی سەرانسەری و کوردستانیدا لە دەرەوەی وڵات لە هەوڵی پێکهێنانی وەحدەت و هاوپەیمانی و موعامەلەن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لە حکوومەتی داهاتوو دا، لە چوارچێوەی فیدڕالیزم لە کوردستان لەسەر بنەمای سیستمی “پەرەلمانی”.
لە بەرامبەردا هەڵسووڕاوان و پێشڕەوان و ڕێبەرانی ڕاستەقینەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە لە ناوەوەی وڵات و هەموو ئینسانە چەپ و سۆسیالیستەکان کە لە مەیدانی نەبەرد دژبە کۆماری ئیسلامیدا حزووریان بووە، دەورونەخشیان بینیوە و گیافیداییان کردووە و حەماسەیان خوڵقاندووە، زیندانی کراون و ئەشکەنجە دراون و لە گیان خۆیان مایەیان داناوە، خوازیاری ئاڵتێرناتیڤێکی دیکەن. هەروەک لە دروشمی سەر شەقامی شارەکان و لە زانکۆکان دەبیسترێ، ئەوان خوازیاری “ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی” بە ئیرادە و هێزی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشن. ئەم ژن و پیاوە ئازادیخواز و خەباتکارانەی عەزمیان جەزم کردووە کە بێجگەلە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، لە جیاتیشی دەسەڵاتێک بونیات بنێن کە تێیدا ئازادی و بەرابەری جێگای دیکتاتۆری و هەڵاواردن و نابەرابەری، ڕەفاه و ئاسایش جێگای هەژاری و برسییەتی، ئەمنییەت و ئارامی جێگای کوشتار و ئەشکەنجە و زیندان بگرێتەوە. ئەم خواستە بێگومان بە ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی مومکین دەبێت. کەوابوو پێویستە ئەم هەڵوێست و ئاراستەیە بەهێز بکرێت.
لە وەها بارودۆخێکدا و بەم ئامانجە، بانگەوازی هاوبەشی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی حێکمەتیست بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسێک لەپێناو هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ، لەلایەن زۆرێک لە هەڵسووڕاوانی چەپ و کۆمۆنیستی تاک لە دەرەوەی وڵات، وڵامی ئەرێنیی وەرگرت. ئەم کۆنفڕانسە دوو هەفتە لەمەوبەر لە ستۆکهۆڵم بە بەشداریی زیاتر لە ١٢٠ کەس لە ئینسانە چەپ و کۆمۆنیستەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و ناوەندێک لەژێرناوی “شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان”یان پێکهێنا. هەڵبەت ئەمە سەرەتا کارە و پێویستە بۆ پەیوەست بوونی ڕەوت و ئینسانی چەپ و کۆمۆنیستی زیاتر لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات هەوڵ بدرێت. ئەم بابەتە پێویستە ببێتە یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی ئێمە وەک کۆمەڵە لە قۆناغی داهاتوودا.
دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەری، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی دەستیان دایە لێکدانەوەی بەربڵاوی ئەم ڕاپۆرتە و بۆچوون و تێبینیی خۆیان بۆ ئیدیت و باشترکردنی ڕاپۆرتەکە بەیان کرد و سەرەنجام کولییەتی ڕاپۆرتەکە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە پەسند کرا.
ڕاپۆرتی تەشکیلاتیی دووهەمین دەستووری جەلەسەی پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بوو. پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە دەستوور جەلەسەیەکی تری ڕاپۆرتی کاری ئۆرگانەکانی کۆمەڵە بوو کە بریتی بوون لە: تەشکیلاتی شارەکان “تەکش”، سایتی کۆمەڵە، گۆڤاری پێشڕەو، نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پڕۆژە هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و تەلەڤیزیۆن. لە هەر کام لەم بەشانە بەرپرسانی پێوەندیدار ڕاپۆرتی کاری ئۆرگانی خۆیان پێشکەش کرد. ئەم ڕاپۆرتانە لەلایەن ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندییەوە درایە بەر باس و تێبینی و ڕەخنەی هاوڕێیان بۆ پێشخستن و ڕەواندنی کەموکۆڕییەکان بیسترا.
دوایین دەستووری جەلەسەی پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە ئارایش و سازماندانی ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان بوو. لەم بەشەدا سەرەتا کولییاتی ئارایش و پاشان سازماندانی هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی ئەنجام درا و ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان تەقوییەت کران و یان وەک خۆیان مانەوە. لە کۆتاییدا هاوڕێ حەسەن شەمسی وەک دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردرا.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە