دیوانی باڵای ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بەیانیی ڕۆژی سێشەممە سێزدەی مانگی بەفرانبار حوکمی ئێعدامی محەممەد مێهدی کەرەمی و محەممەد حسێنی، دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی پشتڕاست کردەوە. لە ناوەڕاستەکانی مانگی خەزەڵوەردا یەکێک لە دادگاکانی ڕژیمی ئیسلامی لە ئۆستانی ئەلبۆرز لەماوەی تەنیا شەش ڕۆژدا و تەنیا لە سێ دانیشتندا ١٦ کەسی یەک جێ بە تۆمەتی ئەوەیکە لە کوشتنی بەسیجییەک بەناوی ڕووحوڵڵا عەجەمیان دەستیان بووە کە خامنەیی وەک نموونەی “شوهەدای حافزی ئەمنییەت” ناوی هێنابوو، مەحکووم کرد. ئەم دادگایە بۆ پێنج کەسیان حوکمی ئێعدامی دەرکرد و بۆ “١١ تۆمەتبار”ەکەی دیکەش کە سێیانیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بوو، زنیدانی درێژماوەی تا ٢٥ ساڵ دیاری کرد. هەڵبەت دیوانی باڵای ڕژیم لە ١٣ی مانگی بەفرانباردا حوکمی ئێعدامی حەمید قەرەحەسەنلو و حسێن محەممەدی و ڕەزا ئاریای لە پەروەندەی کوژرانی ڕووحوڵڵا عەجەمیان هەڵوەشاندەوە. سەدا و سیماش وەک بەشێک لە دەزگای سەرکوت پێشتر لە گرتەڤیدیۆیەکدا بە بێ ئەوەیکە ناو بێنێت کەسانێکی وەک “قاتڵ”ی ئەم بەسیجییە نیشان دا. لەم ڤیدیۆیەدا ئەم کەسانە باس لە حزوور یان بەشدارییان دەکەن.
خوێنڕێژانی کۆماری ئیسلامی بەپێی سێناریۆیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو سەرەتا دەستبەسەرکراوانیان لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە ئێعتراف کرد تا حوکمی ئێعدامەکەیان لە چوارچێوەی یاسای پرتووکاوی کۆماری ئیسلامیدا بگونجێنن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە عەلی شەریفزادە ئەردەکانی پارێزەری محەممەد حسێنی، کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەز ڕایگەیاندبوو کە محەممەد لەناو زینداندا بەتوندی ئەشکەنجە دراوە. عەلی شەریفزادە دەنووسێت: “دیدارێکم بوو لەگەڵ سەید محەممەد حسێنی. ڕەوایەتەکانی هەر هەموویان تێکەڵ بە فرمێسک بوون. لە ئەشکەنجە و لێدان بە دەست و پێی بەستراوەوە تا پێکوتکردنی سەر و بێهۆش بوون. لە لێدانی میلەی ئاسن لە بەری پێ و شۆکێر لە بەشە جۆراوجۆرەکانی جەستە. محەممەد هەرچی وتوویەتی لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە”. باوکی محەممەد مێهدی کەرەمیش کە داوای پێداچوونەوەی قەبووڵ کراوە بە ڕۆژنامەی ئێعتمادی وتبوو کە کوڕەکەی پێی وتووە کە هیچ یەک لەو توومەتانەی کە بەسەریدا سەپێندراوە ئەنجامی نەداون.
پشتڕاستکردنەوەی ئێعدامی محەممەد مێهدی کەرەمی و محەممەد حسێنی لەلایەن دەزگای قەزایی ڕژیمی ئیسلامییەوە لەحاڵێکدایە کە بەکردەوە دەرهاتنی حوکمی ئێێعدامی موحسین شکاری و محەممەد ڕەزا ڕەهنەوەرد داغی نەنگێکی تری لە ناوچاوانی ڕژیمی ئیسلامی دا و ئەم دوو گیان بەختکردووەی کردە هێمای بوێری و خەباتی ئازادیخوازانە لە ئێران. ئێعدامی موحسین و مەجید ڕەزا شەپۆلێکی بێوێنەی لە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات خستە ڕێ.
حوکمی ئێعدامی محەممەد مێهدی کەرەمی و محەممەد حسێنی بەر لەوەیکە حوکمێکی یاسایی بێت دژی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە، حوکمێکی سیاسییە و پێش ئەوەی ئەم دوو زیندانیەی لە نەزەردا بێت، جەماوەری ڕاپەڕیو و ڕەزمەندەی سەرشەقامی کردووەتە نیشانە تا لە ڕێگەی قەتڵی ئەوانەوە خەڵک چاوترسێن بکات. بەڵام سەرانی خوێنڕێژی ڕژیمی ئیسلامی دەبێ بزانن کە ئەمڕۆ ئیتر ساڵەکانی دەیەی شەست نییە کە لە خەفادا هەزاران زیندانیی سیاسی بە جوخەی ئێعدام بسپێرن و بیانخەنە گۆڕە بێ ناو و نیشانەکانەوە. ئێستا زیاتر لە سێ مانگە کە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران شەقام و زانکۆ و مەدرەسە و کارخانە و تەنانەت مەراسیمی بەخاکسپاردنی گیان بەختکردووانیشیان کردووەتە سەنگەری دیفاع لە ئازادی و بەرابەری و سەنگەری خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی. جەماوەری ڕاپەڕیو بە کەمتر لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ڕازی نابن.لە وەها بارودۆخێکدا ڕژیم نەفامانە لەناو زیندانەکاندا لە گیانی بەندکراوانی سیاسی بەربووە تا بە خەیاڵی خۆی خەڵک لە دەرەوەی زیندانەکان چاوترسێن بکات. بێگومان ڕژیم بێ ئاکامبوونی ئەم سیاسەتە لەناو زیندانەکان، لە دەرەوەی زیندانەکان دەبینێت. ئەمجارەیان دروشمی زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت بەهێزتر لە ڕابردوو لە بەرامبەر زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیمدا هاوار دەکرێت. جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵک بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی یەکگرتووانە و یەکپارچە لە بەرامبەر زیندانەکان و بە هاوارکردنی دروشمی زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت، ڕۆڵەکانیان لە زیندان ڕزگار دەکەن.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا کە لە قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسیدا دەست و پێ لێ دەدا و لەئاستی جیهان و ناوچەکەدا زیاتر لە ڕابردوو گۆشەگیر بووە و لەژێر گوشاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لاواز بووە، شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و بەردەوام جەنایەت دەخوڵقێنێت. ئەم ڕژیمە لەوپەڕی داماویدا بەنیازە بە توندکردنەوەی فەزای ئەمنییەتی و ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی، دەسەڵاتی ماشێنی سەرکوتەکەی بەڕووی خەڵکێکدا بکێشێ کە بوێرانە هاتوونەتە مەیدان و بە کەمتر لە ڕووخاندنی ڕازی نابن. ئێعدامی موحسین شکارییەکان و مەجیدڕەزا ڕەهنەوەردەکان و ئەحکامی ئێعدامی محەممەد مێهدی کەرەمی و محەممەد حسێنییەکان نەک نیشانەی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، بەڵکوو هەوڵێکە لە ڕووی لاوازی و داماوەییەوە، لە جەرگەی قەیرانێکی هەمەلایەنە کە تێیدا گرفتار بووە. بێگومان حوکمی ئێعدامی محەممەد مێهدی کەرەمی و محەممەد حسێنی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک زیاتر لە ڕابردوو پەرەپێدەدات. پێویستە خەبات بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی بکەینە بزووتنەوەیەکی مەزن و سەراسەری. دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە پایەکانی ئەم زوڵم و ستەمەی دەسەڵاتی ئیسلامی تێکبشکێت و سەران و کارگێڕانی تاوانکاری ئەم ڕژیمە لە دادگای خەڵکیدا بەشێوەی عەلەنی موحاکمە بکرێن و بە سزای کارەکانیان بگەن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە