ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دوای ئێعدامکردنی موحسین و مەجیدڕەزا رەهنەوەرد و سەرەڕای شەپۆلی بێوێنەی تووڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک دژبە ئێعدامەکان، بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٧ی مانگی بەفرانبار محەممەد “مێهدی کەرەمی” و “محەممەد حسێنی”شی ئێعدام کرد. ڕژیم بەم ئێعدامانە بەئاشکرا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیو و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەباتکاری کردووەتە نیشانە تا لەم ڕێگەوە چاوترسێنیان بکات. دەسەڵاتی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک ڕووی کردووەتە شەپۆلی ئێعدام کە نزیکەی چوار مانگ بەسەر سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا تێپەڕیوە.
لەم قۆناغەدا کۆمەڵگە شایەدی قارەمانیەتی و ئاڕەزایەتیی جێی ستایشی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بووە. شایەدی ئەوە بووە کە چۆن بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە هەنگاو بە هەنگاو سەنگەرە تازەکان دەگرێتەوە. شایەدی ئەوە بووە کە هەموو ڕۆژێ بەشێکی تر لە کۆمەڵگە بەم ئاخێزە پەیوەست دەبن. شایەدی ئەوە بووە کە شەقام و زانکۆ و مەدرەسەکان نەتەنیا بوونەتە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی خوێندکاران بەرامبەربە سەرکوتگەران، بەڵکوو بوونەتە مەیدانی هێرش بۆسەر هێماکانی کۆیلەتیی ژن و داسەپاندنی ئیرادەی لاوانی شۆڕشگێڕ بەسەر کارگێڕانی دەسەڵاتی ئیسلامی. کۆمەڵگە شایەدی ئەوە بووە کە چۆن لاوانی شۆڕشگێڕ بە تاکتیکی گونجاو لە بەرامبەر پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکاندا، ناوەندە نیزامی و فەرماندارییەکانی ڕێژیم ئاگر تێبەردەدەن. شایەدی مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆداری کرێکاران بووە کە هێز و توانایەکی تازەیان بەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بەخشیوە. هاوکات شایەدی ئەوەش بووە کە چۆن هێزەکانی دوژمن سینگی لاوان و منداڵان دەدەنە بەر گولـلە. شایەدی ئەوە بووە کە چۆن خوێنڕێژانی حکوومەتی ئیسلامی لاوان دەڕفێنن و جەستەی بێ گیانیان تەحویلی بنەماڵەکانیان دەدەنەوە.
حکوومەتی جەنایەتکاری ئیسلامی لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا خوێنی زیاتر ٥٠٠ کەسی لە ژنان و پیاوانی خەباتکار لەسەر شەقامەکان ویان لە ئەشکەنجەخانەکانیدا کوشتووە، هەزاران کەسی بریندار کردووە و زیاتر لە هەژدە هەزار ژن و پیاوی ئازادیخواز و منداڵی دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە و شوێنە بێ ناو و نیشانەکان کردووە. ئەم شەپۆلەی دەستبەسەرکردن لەلایەن ڕژیمێکەوە کە جەنایاتی خۆفناکی کوشتاری زیندانییانی سیاسی، قەتڵە زنجیرەییەکان، کوشتاری ئاخێزی خەزەڵوەر و جەنایاتی کەهریزەک و ئێعدامی موحسین شکاری، مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، محەممەد مێهدی کەرەمی، محەممەد حسێنی و کوشتنی محەممەد حاجی ڕەسووڵ پووری لە ژێر ئەشکەنجە لە کارنامە دایە، خەڵکی ئێران و بەتایبەت بنەماڵەی دەستبەسەرکراوانی یەکجار نیگەران کردووە. ئەم شەپۆلە لە ئێعدام و کوشتاری دەستبەسەکراوانی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لەژێر ئەشکەنجە ئەوپەڕی داماوی و لاوازیی ڕژیم نیشان دەدات.
کرێکاران، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەباتکار!
ئایا دەبینن کە چۆن هەرکات دوژمنانی ئێمە هەست بە مەترسیی دەسەڵات و گوشاری هێزی خەباتی ئێمە دەکەن، هەرکات زانییان لە شەقام کۆدەبینەوە و پێکەوە هاوپەیمان دەبین و دێینە مەیدان، چۆن وەک گورگ پەلامار دەدەن و بەنهێنی و بە ئاشکرا ئێعدام دەکەن و فەزای ترس و خۆف پێک دێنن و دەستبەسەرکردن و زیندان و ئەشکەنجە دەخەنە بەر ڕێگامان.
پێویستە وشیار بین. چونکە ئەمڕۆش لە وەحشەت و ترسدا، ترس لە تووڕەیی و نەفرەتی پنگخواردووی دەیان ساڵەی ئێمە، لەوەیکە مەبادا شکست و لاوازی و زەبوونییان، ئەمجارەیان بە قازانجی ئێمە تەواو بێت و کاریان یەکسەرە بکەین، هێرشەکانیان دەست پێکردووە. دەستبەسەر دەکەن، زیندانی دەکەن و ئێعدام دەکەن. دەست بەکار بن و ڕایگەیەنن کە دەسبەسەرکردن، ئەشکەنجە و ئێعدام دەبێ قەدەغە بکرێت! بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت.
دەسەڵاتێک کە بەمجۆرە داماوە، نابێ دیسان بۆ جارێکی دیکە دەرفەتی پێبدرێت تا بە چەکی زیندان پاشەکشە بە ڕیزەکانمان بکات. پێویستە لەبەر خرۆشی هاواری ئێمە بۆ هێنانەدەری دیلە بەندکراوەکانمان، دوژمنان بکەونە لەرزە، بتۆقن و باش حاڵی بن کە زیندان جێگای خودی ئەم جەنایەتکارانەیە.
بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی ڕاپەڕن! هیچ کەس نابێ بەخاتری باوەڕ و چالاکیی سیاسی بخرێتە زیندانەوە. ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی چالاکیی سیاسی مافی بێ ئەملاوئەولای هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە. بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەسەر شەقام و خۆپیشاندان و ڕێپێوان بەشێکی جیانەکراوە لە ئازادیی ڕادەربڕین. هەروەک مرۆڤی شیاوی ئازادی و بەرابەری، قورس و قایم و بێ راڕایی پێویستە بۆ دیفاع لە مافە ڕەواکانمان بە ناڕەزایەتیی شەقام پەیوەست بین! لە بەرامبەر دەستدرێژیی پۆلیسیی حکوومەتی جەنایەتکاراندا ڕاوەستن و دەنگی ناڕەزایەتی دژبە پێشێلکردنی ئەم مافە ڕەوا ئینسانییانە بەرز بکەنەوە. لێبڕاوانە پەیگیری چارەنووسی بەندکراوانی سیاسی بن و خوازیاری ئازادیی بێ شەرت و مەرجیان بن.
لە بەرامبەر زیندانەکاندا کۆببنەوە و بە دەنگی ڕەساوە خوازیاری ئازادیی بەندکراوانی سیاسی بن. لە گەڕەک و کارخانە و زانکۆ و شەقام درووشمی “بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” بەرز بکەنەوە. پێویستە بەندکراوی سیاسی ئازاد بکرێت. پێویستە سزای ئێعدام هەڵوەشێتەوە.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە