ڕۆژی چوارشەممە بیست و یەکی مانگی بەفرانبار “شۆرای هاوئاهەنگی کرێکارانی ڕەسمیی سەنعەتی نەوت” بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک داوای لە کرێکارانی ڕەسمیی نەوت لە تاران، ئەهواز، ماهشەهر، گەچساران، عەسەلویە و شوێنەکانی تر کرد کە ڕۆژی بیست و حەوتی مانگی بەفرانبار مانگرتن و کۆبوونەوەی سەرانسەری بەڕێوەبەرن. کرێکارانی نەوت پێشتر هۆشداریان دابوو کە ئەگەر ڕژیم دەست لە کوشت و کوشتار هەڵنەگرێت، پێویستە چاوەڕوانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەوت بێت. ئەگەرچی ئەوانیش وەک زۆرێک لە کرێکارانی بەشە جۆراوجۆرەکانی تر لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا هاوڕێ لەگەڵ ئاخێزی ژینا حەرەکەتیان کردبوو، ئەمجارەیان لە ڕاگەیەندراوی خۆیان دا لەژێرناوی “کایە کۆتایی پێهات” نووسییان کە “وتبوومان کە سەبری ئێمە ئاستێکی هەیە، وتبوومان کە لۆکە لە گوێتان دەربێنن، ئێمە وتمان و ئێوەش نەتانویست بیبیستن. ئێستا دەبینە لافاوێکی خرۆشاو کە هەموو شتێک لەگەڵ خۆی ڕادەماڵێت و وێرانی دەکات. وامەزانن کە ئێمە هەروا دەسووتێین و دەبێ بسووتێین، ئێمە دەبینە خودی ئاگر و بۆ خامۆش کردنمان دەتانخەینە گریان و پاڕانەوە. وتبوومان کە لەگەڵ ڕەوانی ئێمە کایە مەکەن”. هەروەها لە درێژەدا دەنووسن: „تا ئێستا بە گیان و دڵ ئەوەی هەمانبوو بێ ڕەنگ و ڕیا خستمانە خزمەت دروستکردن و بەرهەمهێنان کە قازانجەکەی بۆ ئێوە بوو و سفرەی بەتاڵ، هەوای پیس، نەخۆشی و دەرد و ناڕەحەتیشی بۆ ئێمە و بنەماڵەکانمان. کایە بە بەوبەت. ئیتر جوابی کەس نادەینەوە. ئێستاش فەرموو وەرە مەیدان.
„شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت”یش لە بەیاننامەی خۆیدا لەژێرناوی “بەیاننامەیەک لە پێوەند لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری ئێستا” کە لە بیست و یەکی مانگی بەفرانباردا بڵاوکرایەوە نووسیی: „زیاتر لە سەد ڕۆژە بۆ دیفاع لە ژیان و بژێو و کەرامەتی ئینسانیمان لە نەبەردێکی سەختدا بەسەر دەبەین”. ئەوان وێڕای بەیانی کوشت و کوشتار، زیندانی کردن و سەرکوتگەرییەکانی بەکرێگیراوانی ڕژیم لە چوار گۆشەی ئێران لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاخێزی ژینا لەوانە ئێعدامی چوار کرێکاری ناڕازی موحسین شکاری، مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، محەممەد مێهدی کەرەمی و محەممەد حسێنی نووسییان: „وێڕای ئەم سەرکوتگەرییانە بژێوی ئێمە کرێکاران و خەڵک هەموو ڕۆژێ زیاتر تاڵان دەکرێت و هێڵی هەژاری گەیشتووەتە سی ملیۆن و بەرینایی هەژاری و برسیەتی و نەبوونی مەسکەن و ئاوارەیی کارەساتبارە. ئێمە کرێکاران لە هەژاری و ژیانی ژێر هێڵی هەژاری و بێ مافی، لە زیادکرانی کەم و بێ بایەخی حەقدەست و ژیانی ژێر هێڵی هەژاری، لە هەموو ڕۆژێ ڕاکردن بەشوێن حەقدەستی دواخراو و جادە داخستن، لە زۆروێژیی پەیمانکارانی مفتەخۆر و دەرکێشانی پەیکەری هاوکارانمان لە کوورەکانی ئاگر، وەگیان هاتووین و ئەم وەزعە ئیتر بۆ هیچ کەس قابیلی دەوام نییە. مەعیشەت و مەنزەلەت، مافی ڕەوای ئێمەیە. ئێمە کۆیلە نین کە هەموو ڕۆژێ ئیرادەیان بەسەر کار و ژیانماندا بسەپێنن. ئێمە بە مانای ڕاستەقینەی وشە خوازیاری ئازادی و ڕەفاه و ئاسایشین“. لە کۆتاییشدا نووسییان: „ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە کە ئێمەی کرێکاران، ئێمەی مامۆستایان، ئێمەی خانەنشینان، ئێمەی لاوان، خوێندکاران، ئێمەی داکۆکیکارانی مافی ژن و مافی منداڵ و ئێڵ جی بی تییەکان، ئێمەی ژینگە پارێز و ئێمەی وەگیان هاتوو و ناڕازی ڕیزێکی واحید پێک بێنین و بە یەکگرتن لە دەوری خواستە سەرەکییەکانمان سەنگەرێکی قایم دروست بکەین بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو و سەرکەوتنی نیهایی. ئەوان بەیانییەکەی خۆیان بەم ڕستەیە کۆتایی پێنێها و نووسییان: „تەئکیدی ئێمە لەسەر مانگرتنی سەرانسەرییە”. وە ئەم ڕستەیە بێگومان ئاڵقەیەکی ونبوویە کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا هەروا لێی بێبەرییە.
کۆمەڵگە، خەباتی درەوشاوەی کرێکارانی حەوفت تەپەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو و سەرکەوتیانی بینیوە. کۆمەڵگە، مانگرتنی بەردەوامی کرێکارانی فوولادی ئەهواز و ئازەرئابی بینیوە. مانگرتن و کۆبوونەوەی مامۆستایان و خانەنشینکراوانی زۆر جار دیتووە. کۆمەڵگە مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی پەیمانی و پڕۆژیی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو بۆ چەندین هەفتەی بەردەوام بینیوە کە زیاتر لە سەد پاڵاوگە و شیرکەت و پێترۆشیمیی و ناوەندی بەرهەمهێنانی گرتەوە. ئەوکات ڕێکخراو و سەندیکا کرێکارییەکان، مامۆستایان، خوێندکاران، بنەماڵەی گیان بەختکردووان، زیندانییانی سیاسی، نووسەران و چالاکانی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ژمارەیەک لە ڕێکخراوە و یەکیەتییە کرێکارییە جیهانییەکان هەر کام بەجۆرێک پشتیوانیی خۆیان لەم مانگرتنە ڕاگەیاند. بێگومان ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنانە متمانەبەخۆییەکی بەرینی نەتەنیا بە کرێکارانی مانگرتوو بەڵکوو بە هەموو بەشەکانی چینی کرێکار دا و کاریگەریی خستە سەر گشت فەزای سیاسی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگە و ڕووحیەی خەباتکاریی بەهێز کرد. هەموو ئەمانە لە قۆناغێکدا ڕوویان دا کە هێستا ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا دەستی پێ نەکردبوو و بێگومان بە بێ ئەم هەمووە ناڕەزایەتی و مانگرتنەش زەمینەی ئەم ڕاپەڕینە مەزنە پێک نەدەهات. ئێمە تەنانەت لە لێکدانەوەی ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨دا لەسەر ئەو خاڵە تەئکیدمان کردبوو کە ئەم ئاخێزانەش نەیاندەتوانی بە بێ بەستێنێک کە مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحەتکێش پێشتر خوڵقاندبوویان، ڕوو بدەن.
لەئێستادا بانگەوازی کرێکارانی نەوت بۆ مانگرتن لە کاتێکدا دەرکراوە کە چوار مانگ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری خەڵک تێپەڕیوە. لەم چوار مانگەدا ژنان و پیاوانی بوێر و خەباتکار لە بەرامبەر بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری ڕژیم ئەوپەڕی شەهامەت و قارەمانیەتییان نیشان دا. ١٤ تا ١٦ی مانگی سەرماوەز مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەرین کۆمەڵگەی داگرت. زۆرێک لە کرێکاران لە سەنایعی فوولاد و مەعدەنەکان بە مانگرتن پەیوەست بوون. شۆرای سەرانسەریی مامۆستایان، ڕێکخراوەکانی خوێندکاران لە زۆرێک لە زانکۆ و مەدەرەسەکان، ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی خانەنشینکراوان، ڕێکخراوەکانی ژنان وێڕای دەرکردنی بانگەواز لەم مانگرتنە شکۆدارە سێ ڕۆژەیە بەشدارییان کرد. خوێندکاران لە جەرەیانی مانگرتنی سێ ڕۆژەدا بۆ جارێکی دیکە دەنگیان هەڵبری و هاواریان کرد: „ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین”. لە مانگرتنی سێ ڕۆژەی مانگی سەرماوەز و لە گشت چوار مانگی ڕابردوودا زۆرێک چاوەڕوانی هاتنە مەیدانی بەهێزی کرێکاران بوون. ئێستا کە هاوکات کرێکارانی ڕەسمی و پەیمانی لە ناوەندە سەنعەتییەکانی نەوت مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، ئەم مانگرتنە دەتوانێ هەنگاوێکی گرینگ بێت لەپێناو پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و پەیوەندی شەقام و کارخانە لە بارودۆخی سیاسیی ئێستادا.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە