فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕفاندنی حەوت هاووڵاتی لە شارەکانی بۆکان و ئابدانان لەلایەن هێزەکانی ڕژیم
دوشەممە ۲۶-۱۰-۱۴۰۱   |  16-01-2023

لەدرێژەی دەستبەسەر کردن و ڕفاندنی هاووڵاتیان لە لایەن هێزەکانی ڕژیم، حەوت هاووڵاتی خەڵکی شارەکانی بۆکان و ئابدانان لە لایەن ئەم هێزانەوە ڕفێندراون و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی مانگی بەفرانبار،  لانیکەم پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی [عەلی گوڵ محەممەدی، وەلی گوڵ محەممەدی، سامان مەنگوڕ، مەسعوود دارسەنج و تۆفیق ڕەسووڵی] لە لایەن هێزەکانی ڕژیم لەمشارە ڕفێندران. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بەفرانبار،  هاووڵاتییەک بە ناوی “محەممەد فەرەجی” ۲۰ ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن هێزەکانی ڕژیم ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. لە لایەکی دیکەوە [عەنایەت باسرە] خەڵکی شاری ئابدانان، ڕۆژی شەممە، ٢٤ی مانگی بەفرانبار، پاش قسەکانی ڕوو بە نوێنەری ئەو شارە کە وتبووی: “قسەکانی ئێمە ببە بۆ پارلەمان، ئێمەی لاوان، کۆماری ئیسلامیمان ناوێت”، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەوشارەوە ڕفێندرا. جێگەی ئاماژەیە، هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.