دوو هاووڵاتی خەڵکی ئابدانان دەستبەسەر کران
چوارشەممە ۲۸-۱۰-۱۴۰۱   |  18-01-2023
ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی بەفرانبار هاووڵاتییەک بە ناوی سوهراب مووسەوی، خەڵکی گوندی “ئاب ئەنار” سەر بە شاری ئابدانان لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ڕفێندرا.
هەروەها ڕۆژی شەممە، ٢٤ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی عینایەت باسرە، خەڵکی هەمان گوند لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەو شارە ڕفێندرا.
ڕفاندنی عینایەت باسرە لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو پێشتر ڕوو بە بێهزاد عەلیزادە، نوێنەری ئابدانان لە مەجلیسی ڕژیمی ئیسلامی وتبووی: “قسەکانی ئێمە ببەوە بۆ مەجلیس، ئێمە کۆماری ئیسلامیمان ناوێت”. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەک ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.