فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بریتانیا، سازماندانی خەباتی چینایەتی لە سەرەوە!
پێنجشەممە ۲۹-۱۰-۱۴۰۱   |  19-01-2023
بریتانیا، سازماندانی خەباتی چینایەتی لە سەرەوە!

هەموو ئەو بەڵێنییانەی کە سەرانی دەوڵەتانی ئەمپریالیستی لە جەرەیانی پەتای کۆرۆنادا بە خەڵکیان دابوو کە گۆیا قۆناغی دوای کۆرۆنا، قۆناغی گەشەی ئابووری، قۆناغی کەمبوونەوەی بێکاری و قۆناغی کۆتایی ڕیازەتی ئابووری دەبێت، بوونەوە هیچ. ئەگەر لەو دەورەیەدا سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان داوایان لە کرێکاران دەکرد کە ئارام بن و داوای بردنەسەرەوەی حەقدەست نەکەن،، ئێستا ئیتر سەرەڕای تێپەڕینی چەندین مانگ لە قۆناغی دوای کۆرۆنا، ئەوەیکە لە هەموو وڵاتانی سەرمایەداری دەیبینین، هاتنەخوارەوەی ئاستی گەشەی ئابووری و شکاندنەوەی هەزینەکانی قەیرانە بەسەر سەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا. بانکی جیهانی لە ٢٠ی مانگی بەفرانباردا باسی لە هاتنەخوارەوەی درێژماوەی ئاستی گەشەی ئابووریی کرد و ڕایگەیاند کە ئابووریی جیهان تەنیا پلەیەکی تر لەگەڵ ڕکوودی دووهەم لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا فاسلەی هەیە. واتە ڕووداوێک کە لەماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە. ئەم بارودۆخە قەیراناوییە دەوڵەتانی سەرمایەدرایی بەرەو ئەوە بردووە کە خەباتی چینایەتی لە سەرەوە دژبە کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش سازمان بدەن. ئەگەر لە فەڕانسە دەوڵەت لە حاڵی پەسەندکردنی یاسای بردنەسەرەوەی تەمەنی خانەنشینییە، لە بڕیتانیا ئەم تەهاجومە بە دڕندەییەکی زیاترەوە بەڕێوە دەچێت. هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەیکە لەمانگی دێسامبرەوە تا ئێستا مانگرتن و ناڕەزایەتی ببێتە بەشێک لە سیمای ئەم کۆمەڵگەیە. لە کارمەندانی بەشی تەندروستییەوە تا کرێکارانی بەشی ڕێگەی ئاسن و شۆفیر ئۆتۆبووسەکان، لە مامۆستایانەوە تا کارمەندانی دەوڵەت، لە پۆست و موخابراتەوە تا کرێکارانی خزمەتگوزاریی قەتار لەم ماوەیەدا بەرەنگاری گوشارەکانی دەوڵەت لە سەرەوە بوونەتەوە. بارودۆخی خزمەتگوزاریی کارەساتبارە. حەوت ملیۆن و دووسەد هەزار کەس لە “ئینگلیس” لە لیستی چاوەڕوانیی نەخۆشخانەکاندان تا نۆبەتیان بێت. لە “سکاتلەند” لە هەر حەوت کەس یەک کەس لە لیستی چاوەڕوانیی نەخۆشخانەکاندایە. ژمارەی لیستی چاوەڕوانی لە “وێڵز” گەیشتووەتە باڵاترین ئاستی خۆی. ئەم بارودۆخە ئاکامی سیاسەتێکە کە لە سەردەمی مارگارێت تاچێر، قارەمانی نیۆلیبڕاڵی ئەورووپا و تەنانەت لە سەردەمێک کە “حیزبی کرێکار”یش لە حکوومەتدا بووە، درێژەی بووە. سیاسەتێک کە بەرە بەرە نەخۆشخانەکانی داوەتە دەست تاڵانکەرانی بەشی خسووسی و هەزینەی دەوڵەتی بۆ بەشی تەندروستی گەیاندووەتە ئاستێکی یەکجار کەم و بێ ئەرزش. ئەم بابەتە بووەتە هۆی ئەوەیکە نەخۆشخانەکان لەگەڵ کەمبوودی ١٣٠ هەزار و ٤٠٠ کەس بەرەوڕوو بن. ئەم ڕەقەمە بەردەوام زیادی کروودە، لەبەر ئەوەیکە کارمەندانی نەخۆشخانە بەهۆی بارودۆخی زاڵ بەسەر بەشی تەندروستی، دەرکراون. ئەم وەزعییەتە لە زۆر بواری دیکەدا لە بریتانیا هەر بەمجۆرەەیە. هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە لە سەرەتای وەرزی زستانەوە سەرەڕای یاسا دژەکرێکارییەکان بۆ سنووردارکردنی ڕاگەیاندنی مانگرتن لەلایەن یەکیەتییەکانەوە، شەپۆلێکی مەزن لە مانگرتن و ناڕەزایەتی کۆەمەڵگا دابگرێت. جێگەی ئاماژەیە کە ناڕەزایەتییەکان بە مانگرتنی یەک ڕۆژەی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن لە هاوینەوە دەستی پێکردبوو. ئەم ناڕەزایەتییانە لە پاییزدا پەرەیان سەند و لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا لەگەڵ پەیوەستبوونی بەشەکانی تر بەوپەڕی خۆی گەیشتووە. بێگومان ئەم ناڕەزایەتییانە بێ هۆکار نین. لە چل و یەک ساڵی ڕابردوودا هیچ کات ڕێژەی تەوەرۆم نەگەیشتووەتە ١٤ لەسەد و هەربۆیە بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەست بووەتە مەسەلەیەکی زەرووری بۆ ملیۆنان کەس. ئێستا باش دەرکەوتووە کە ئەو بوودجەیەی دەوڵەت لە قۆناغی پەتای کۆرۆنادا خەرجی کردبوو، دەیهەوێ لە گیرفانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشەوە قەرەبووی بکاتەوە. ئەگەرچی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن ناڕەزایەتییان دەست پێکرد و تەنانەت ئیتحادییەکەیان حازر بە بردنەسەرەوەی تەنیا هەشت لەسەدی حەقدەست بوو کە خۆی نزیکەی شەش لەسەد خوارتر لە ئاستی تەوەرومە، بەڵام خاوەنکار ئەم ڕەقەمەی قەبووڵ نەکرد. لە بیست و دووەمی مانگی سەرماوەزدا کرێکاران بۆ چواردەهەمین جار دەستیان دایە مانگرتن. لەو جێگەوە کە خاوەنکار لە جەرەیانی مانگرتندا وەزعییەتی شوغڵیی سەد کەس لە ئەندامانی ئیتحادیەی موعەلەق کرد، ئەوان نەتەنیا خوازیاری بردنەسەرەوەی حەقدەست بەڵکوو خاهانی ئەمنییەتی شوغڵیش بوون. لە بیست و چواری مانگی سەرماوەزدا کارمەندانی بەشی تەندرووستی بۆ ئەکەمین جار لە مێژووی سەد و پێنج ساڵەی خۆیاندا لە حەفتا و شەش نەخۆشخانە مانیان گرت کە تێیدا زیاتر لە سەد هەزار کەس لە پەرستاران بەشدارییان کردبوو. ئەوان خوازیاری بردنەسەرەوەی ١٩ لەسەدی حەقدەست بوون. وەزیری تەندرووستی ڕایگەیاند کە هیچ بوودجەیەکی ئیزافی بۆ کارمەندان لە ساڵی نوێدا لەبەرچاو نەگیراوە. هاوکات لەگەڵ قسەکانی وەزیری تەندرووستی ئاکامی گشتپرسیی کارمەندانی بەشی تەندرووستی کە ٨٧ لەسەدیان دەنگیان بە مانگرتن دابوو، ڕاگەیەندرا. یەک هەفتە دواتر زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە کارمەندانی ئامبوڵانس مانیان گرت و ئەوانیش خوازیاری بردنەسەرەوەی ١٩ لەسەدی حەقدەست بوون. دەوڵەت پێشنیاری بردنەسەرەوەی چواردە و نیو لەسەدی داوە کە بە سەرنجدان بە ئاستی تەوەرۆم بە مانای هاتنەخوارەوەی شەش لەسەدیی حەقدەستە. لە گشتپرسییەکدا ٥٢ لەسەد لە خەڵک ڕایانگەیاند کە لە خواستی مانگرتووان پشتیوانی دەکەن.

لە ساڵی نوێی زایینیشدا مانگرتنی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن بە هەموو هێزەوە درێژەی بوو و لە شازدەی مانگی بەفرانباردا مانگرتنی چل و هەشت سەعاتەی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن بەڕێوەچوو و چەرخەکانی لە حەرەکەت خست. دەبیری ئەوەڵی ئیتحادیە لە سوخەنڕانییەکدا ڕایگەیاند: „خواستی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن لە بردنەسەرەوەی حەقدەست بانترە و ئێمە خوازیاری ڕێگەیەکی ئاسنی دەوڵەتین کە لە خزمەت ڕەفاهی خەڵکدا بێت نەک خرابێتە دەستی خاوەنکارانەوە و لەم ڕێگەوە ملیۆنان پۆند قازانج بکەن“. لە سەری ساڵدا کارمەندانی دەوڵەت لە ناوەندە سنوورییەکان، ژمارەیەک لە فڕۆکەخانە و بەندەرەکان دەستیان دایە مانگرتن. دەوڵەت لە هێزە نیزامییەکانی بۆ تێکشکاندنی مانگرتنەکە کەڵکی وەرگرت. ڕێبەری ئیتحادیەی کارمەندانی دەوڵەتیی “تی یوو سی” ڕایگەیاند کە “هۆشدارمان بە دەوڵەت دابوو کە خەباتی ئێمە پەرەدەستێنێت. وە ئێستاش بەڵێنمان دەبەینە سەر”. ئیتحادیە بۆ ئەوەیکە خۆی بۆ مانگرتنێکی درێژماوە ئامادە بکات، سندووقێکی مانگرتنی نوێی پێکهێناوە و داوای لە ئەندامانی کردووە کە مانگانە پێنج پۆند بخەنە ناو ئەم سندووقەوە. مامۆستایان لە سکاتلەند بێ ئاکام مانەوەی وتووێژەکانیان لەگەڵ دەوڵەت بە مانگرتن لە ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ی مانگی بەفرانبار وڵام دایەوە و ڕایانگەیاند کە لە ماوەی ٢٦ی بەفرانبار تا ١٠ی ڕێبەندان بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ دەست دەدەنە مانگرتن. لە هەمان حاڵدا ئیتحادیە لە حاڵی ئەنجامدانی گشتپرسییە لە ئەندامانی بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی درێژخایەنی سەرانسەری. لە ٢٠ مانگی بەفرانباردا یەکەمین ڕۆژی مانگرتنی هەشت ڕۆژەی شۆفیر ئۆتۆبووسەکانی شار بەڕێوەچوو و تەنیا لە لەندەن هەزار شۆفیر لەم مانگرتنەدا بەشدارییان کرد. مانگرتووان خوازیاری بردنەسەرەوەی ١١ لەسەدی حەقدەستەکانیانن. شۆفیر ئامیوڵانسەکانیش لە ٢١ی بەفرانباردا مانیان گرت و ڕایانگەیاند کە بۆ جارێکی دیکە ٣ی ڕێبەندان مان دەگرنەوە. دەوڵەتی بریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم شەپۆلە بەرینە لە ناڕەزایەتی و مانگرتن، پەسندکردنی یاسایەکی دژەکرێکاریی دیکە سەبارەت بە سنووردارکردنی مافی مانگرتن بە ڕێگاچارە دەبینێت. هەفتەی ڕابردوو یەکەمین قۆناغی تاوتوێ کردنی ئەم یاسایە لە مەجلیسدا ئەنجام درا. ڕێبەری ئیتحادیە کارمەندانی دەوڵەت وێڕای ئاماژە بەم یاسا پێشنیارکراوەی دەوڵەت وتی: „دەوڵەت دژبە ئیتحادیەکان دەجووڵێتەوە و حازر نییە لەگەڵیان وتووێژێکی واقعی بکات و لە جیاتی ئەم کارانە لەحاڵی ئامادەکردنی یاسایەکە بۆ سنووردارکردنی مافی بەڕێوەبردنی مانگرتن. وڵامی ئێمە بە دەوڵەت ڕاگەیاندنی “ڕۆژی دیفاع لە مانگرتن”ە. کەوابوو ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندان لە سەرتاسەری وڵات مانگرتن دژبەم یاسا کۆنەپەرستانەیە بەڕێوەدەچێت”. یەکێک لە ڕێبەرانی “ئیتحادیەی پۆست و موخابرات” ڕایگەیاند کە “دەوڵەتی پارێزکار سیاسەتێکی هاوئاهەنگکراوی بۆ هێرش کردنە سەر ئیتحادییەکان گرتووەتە بەر و هەرچەند ئێمە دژبەم یاسایە لە دادگا سکاڵا تۆمار دەکەین، بەڵام ئێمە ناتوانین چارەنووسمان تەنیا بە ئاکامی کاری پارێزەران بسپێرین. ئێمە خۆمان دەبێ بچینە سەر شەقامەکان. خەڵک لە سیاسەتەکانی دەوڵەت و بردنەسەرەوەی لە ڕادەبەدەری قیمەتی پێداویستییە سەرەتاییەکان یەکجار تووڕەن. ئەوان ئیجازە نادەن کە ئەمجارەیان مانعێک بخەنە سەر ڕێی خەباتیان”. هەروەها وتیشی کە ئەمە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گەورەترین مانگرتن دەبێت. فیدراسیۆنی ئیتحادیە کرێکارییەکانی “تی یوو سی”، “ئیتحادیەی کرێکارانی دەوڵەتی”، “ئیتحادیەی کارمەندانی بەشی تەندرووستی”، ڕایانگەیاند کە ڕۆژی ١٢ی مانگی ڕێبەندان مانگرتنێکی سەرانسەری بەڕێوە دەبەن. واقعییەت ئەوەیە کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەرەپێدانی سیاسەتی سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان، بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کە نایانهەوێ تەسلیمی ئەم گوشارانە بن ڕێگایەک بێجگەلە خەباتی چینایەتی لە خوارەوە نەماوەتەوە.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co