نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی مانگی بەفرانبار بە پەسندکردنی بڕیارنامەیەک داوایان لە شۆرای ئەورووپا و دەوڵەتانی ئەندام کرد کە سپای پاسداران و هێزە وابەستەکانی لەوانە بەسیج و سپای قودس بە لیستی هێزە تیرۆریستەکان زیاد بکەن. بڕیارنامەکە لە هەمان حاڵدا داوا لە یەکیەتیی ئەورووپا دەکات کە گەمارۆ دژی “کەس و ناوەندەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ” پەرەپێبدات و ژمارەیەک لە سەرانی ڕژیم لەوانە “عەلی خامنەیی، ئیبراهیم ڕەئیسی، محەممەد جەعفەر مونتەزێری دادستانی گشتی و ٢٢٧ نوێنەری مەجلیس کە پشتیوانییان لە ئێعدامەکان کردبوو، بونیادی شەهید و بونیادی موستەزعەفان” تەحریم بکات. نوێنەرانی پەرلەمانی ئەورووپا لەم بڕیارنامەیەدا وێڕای مەحکوومکردنی حوکمی ئێعدام و ئێعدامی ناڕازییانی بەشداربوو لە ئیعتڕازاتی ئاشتیخوازانەی ئێران، خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی ڕەوتی جێبەجێکردنی ئێعدامەکان و دەرکردنی ئەحکامی ئێعدامی زیاتر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بوون. بڕیارنامەکە داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات کە کۆتایی بە سەرکوتی هاووڵاتییان بێنێت و مافی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانە بەڕەسمی بناسێت و زەمانەتی بکات. هەڵبەت پەسندکردنی ئەم بڕیارنامەیە هیچ جۆرە زەمانەتێکی ئیجرایی بۆ دەوڵەتانی ئەورووپایی نییە. بەڕواڵەت توندوتیژیی بەرینی کۆماری ئیسلامی دژبە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبی ئێران کە زیاتر لە چوار مانگە دژبەم ڕژیمە خەبات دەکەن و سینگیان کردووەتە قەڵغان، نوێنەرانی یەکیەتیی ئەورووپای تووڕە و ناڕەحەت کردووە و هیچ ڕێگایەکی بێجگەلە دەرکردنی بڕیارنامە دژبە ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بۆ نەهێشتوونەوە.
لە هیچ چاودێرێکی سیاسی بێ بەرژەوەند شاراوە نییە کە تیرۆریزم بۆ زیاتر لە چوار دەیە یەکێک لە بناغەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و سپای پاسداران باسکی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکان بووە دژبە نەیارانی سیاسی. سپای پاسداران و ئۆرگان و کاربەدەستانی ڕژیم زیاتر لە چوار دەیە ڕاستەوخۆ دەستیان لە سەرکوت و کوشتاری خەڵکی ئێراندا هەیە. هێستا چەند هەفتە لە هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی دژەشۆڕشی ئیسلامی تێنەپەڕیبوو کە هێرشیان کردە سەر ڕیزی ناڕەزایەتیی ژنان. پاشان کوردستان و تورکەمەن سەحرایان نوقمی خوێن کرد. ڕژیم لە هەموو ئەم ساڵانەدا بە میلیتاریزەکردنی کوردستان سیاسەتی تیرۆرکردنی نەیارانی بەڕێوەبردووە. سەدان کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی ئەحزابی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنیان لە کوردستانی عێراق تیرۆر کرد. لە دەیەی شەستی هەتاویدا هەزاران کەسیان لە دەرەوە و لە ناوەوەی زیندانەکان قەتڵوعام کرد. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەم ساڵانەدا ڕێکۆردداری جێبەجێکردنی سزای ئێعدام بووە لەئاستی جیهاندا. ئەم ڕژیمە لەڕێگەی سپای پاسداران و هێزەکانی تری، ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ی سەرکوت کرد. لە خەزەڵوەری ٩٨دا زیاتر لە هەزار و پێنجسەد کەس لە خەڵکی ناڕازی کوشت و هەزارن کەسی بریندارکرد و سەدان کەسی تریشی بە زیندانی درێژماوە مەحکووم کرد. گرووپە تیرۆریستییەکانی ڕژیم لە پایتەختەکانی ئەورووپا لە بێرلینەوە تا ڤییەن و برووکسێل دەستیان کرد بە کوشتنی نەیارانی سیاسی. سپای قودس لقی دەرەوەی ئێرانی سپای پاسداران لە سەرکوتی ناڕەزایەتیی خەڵکی سووریە و عێراق و ڕێکخستنی گرووپە تیرۆریستەکان لەم وڵاتانە دەورونەخشی بووە. لە هەموو ئەم ساڵانەدا بۆ یەکیەتیی ئەورووپا، دیفاع لە مافی مرۆڤ و دژایەتی لەگەڵ شەپۆلی ئێعدامەکان تابعێک بووە لە بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماتیکیان لەگەڵ ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی. تەنانەت ئەو کات کە گرووپێک لە کارناسانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆسیەی کوشتاری زیندانییانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی هوشداریان بە ڕژیم دا و بە تاوان دژی مرۆڤایەتی پێناسەیان کرد، دەوڵەتانی ئەۆرووپایی دژبە ڕژیم هیچ هەوڵێکیان نەدا. لە هەموو ئەم ماوەیەدا دەوڵەتانی ئەورووپایی چاویان بەسەر جەنایاتی ڕژیمدا بەستووە و لەژێرناوی “دیالۆگی ڕەخنەگرانە” پەیوەندییان لەگەڵ ئەم ڕژیمە پەرەپێداوە.
پەرلەمانی ئەورووپا تازە بیر لەوە دەکاتەوە کە سپای پاسداران بخاتە لیستی هێزە تیرۆریستەکانەوە. دیارە ئەوەیکە سپای پاسداران بخرێتە ناو لیستی سازمانە تیرۆریستەکانەوە دواهاتی سیاسی و ئابووریی قورسی بۆ کۆماری ئیسلامی دەبێت و ئەم ڕژیمە لەئاستی نێونەتەوەییدا زیاتڕ ڕسوا و گۆشەگیر دەکات. ئەم کردەوەیەی پەرلەمانی ئەورووپا لە بارودۆخی ئێستادا بەر لە هەموو شتێک ئاکامی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستای ئێرانە کە زیاتر لە چوار مانگە سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی هەروا درێژەی هەیە و ڕەنگدانەوەی بەرین و بێوێنەی لەئاستی جیهاندا بووە. ئێستا بۆ بیروڕای گشتیی جیهان ڕوون بووەتەوە کە دەوڵەتانی ئەورووپایی و باقیی دەوڵەتانی سەرمایەداریی جیهان لەگەڵ چ ڕژیمێکی جەنایەتکار وەک نوێنەری خەڵکی ئێران موناسباتی ڕەسمییان بەرقەرار کردووە. واقعییەت ئەوەیە کە ئەگەر پەرلەمانی ئەورووپا لەلایەکەوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی سپای پاسداران دەخاتە لیستی هێزە تیرۆریستەکانەوە و بۆ دیفاع لە مافی مرۆڤ ئێعدامەکان لەئێران مەحکووم دەکات، بەڵام هێستا ئۆمێدی خۆی بە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و باڵێک هەر لەم ڕژیمە بۆ پێکهێنانی بەدیلی دڵخوازی خۆی لەدەست نەداوە. دەوڵەتانی ئەورووپایی لەسەر گوشار خستنە سەر سپای پاسداران و ئاڵقەی بەیتی ڕەهبەری بەئامانجی توندکردنەوەی ناکۆکیی ناو حکوومەتی ئیسلامی حیسابیان کردووەتەوە. دەوڵەتانی ئەورووپایی بیر لە پێکهێنانی بەدیلێکی حکوومەتی بۆ قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی دەکەنەوە. نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە دەوڵەتانی ئەمپریالیستی بە ئاڵای دیفاع لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی، لانیکەم لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، تانوپۆی زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لێکهەڵوەشاندووە و هەر کاتێکیش کە پێویست بێت، هەروەک لە ئەفغانستان بینیمان، لەگەڵ هەر ئەم تیرۆریستانە دەسازێن.
یەکێکی تر لە فاکتۆرە کاریگەرەکانی تێخستنی سپای پاسداران لە لیستی هێزە تیرۆریستەکان لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە کە دەوڵەتی بریتانیا دەستپێشخەر بووە، بۆ ئەو گۆڕانکارییانە دەگەڕێتەوە کە لەئاستی نێونەتەوەییدا لە دەستپێکی شەڕی ڕووسیەوە بەرەو ئەملا ڕووی داوە. لەم شەڕە نیابەتییەدا دەوڵەتانی ئەورووپایی و ئەمریکا سەدان ملیارد دۆلار یارمەتی و چەکیان بۆ ئۆکراین ناردووە و بەئاشکرا تەپڵی شەڕ تا سەرکەوتن دەکوتن. زۆرێک لە دەوڵەتانی ئەورووپایی ڕایانگەیاندووە کە ئەم شەڕە تا شکستی یەکجاریی ڕووسیە درێژە دەدەن. سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە قەباڵ ئەم شەڕە ئەمپریالیستییەدا، لایەنگری کردن لە ڕووسیە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ستراتێژی پەیمانی نیزامیی ناتۆیە. بێ هۆ نییە کە ئەم بڕیارنامەیە داوای “ڕێوشوێنی سنووردارکردن” لە دژی کۆماری ئیسلامی دەکات کە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیە کە لە شەڕی ئۆکرایندا کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
واقعییەت ئەوەیە کە دیفاع لە مافی مرۆڤ یان جەداڵ و موماشاتی دەوڵەتانی ڕۆژاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەردەوام تابعێک بووە لە بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی ئەوان و هیچ کات پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکی ئێرانەوە نەبووە. هەرجۆرە هیواداربوون یان خۆشباوەڕی بە سیاسەتی بەناو “مرۆڤدۆستانە”ی ئەم دەوڵەتانە ژەهرێکی کوشندەیە بۆ پێشڕەویی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا. چارەنووسی کۆماری ئیسلامی، خودی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران پێویستە دیاریی بکات.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە