فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی سەرانسەریی کرێکاران بۆ زیادکردنی حەقدەست، پێویستییەکی چینایەتی
یەکشەممە ۰۹-۱۱-۱۴۰۱   |  29-01-2023
بزووتنەوەی سەرانسەریی کرێکاران بۆ زیادکردنی حەقدەست، پێویستییەکی چینایەتی

  بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی هەواڵی ڕژیم هەتا ئێستا سێهەمین جەلەسەی شۆرای باڵای کاری ڕژیم بە بەشداریی نوێنەرانی خاوەنکارانی بەشی خسووسی، نوێنەرانی دەوڵەت و نوێنەرانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەربە دەوڵەت بە مەبەستی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٤٠٢ بەڕێوەچووە. لەم کۆبوونەوە سێ لایەنەیەدا کە لەڕاستیدا هەمووان لە بەرەی سەرمایەداران دان  و لە حزووری نوێنەرانی واقعیی کرێکاران خەبەرێک نییە، قەرارە قیمەتی فرۆشی هێزی کاری کرێکارانی ئێران لە ساڵی داهاتوودا دیاری بکەن. بەپێی ڕاپۆرتەکان لەو جێگەوە کە لە لایەحەی جەنجاڵیی بوودجەی ١٤٠٢دا حقوقی کارمەندان حەوت ملیۆن تمەن دیاری کراوە، فشاری نوێنەرانی دەوڵەت و خاوەنکارانی بەشی خسووسی بۆ ئەوەیە کە حەقدەستی کرێکارانیش نابێ لەوە زیاتر بێت. هەروەها خاوەنکارانی بەشی خسووسی خوازیاری ئەوەن کە هەزینەی مەسکەن لە سەبەدی مەعیشەتی کرێکاراندا نەمێنێت و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەزینەی مەسکەن لانیکەم ٥٠ لەسەدی حەقدەستی کرێکاران بەخۆی تەرخان دەکات. هاوکات وتەکانی جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ئیسلامی کە وتوویەتی “حەقەدستی کرێکاران ئەمساڵ لە باشترین حاڵەتدا تەنیا ٢٠ لەسەد زیاد دەکرێت” نیشانی دەدات کە دەوڵەت و مەجلیس و خاوەنکارانی بەشی خسووسی بۆ داسەپاندنی حەقدەستی لانیکەم سێ بەرابەر خوارتر لە هێڵی هەژاری بەسەر چینی کرێکاری ئێراندا دەستیان خستووەتە ناو دەستی یەکەوە. ئەزموون نیشانی داوە کە نوێنەرانی ڕێکخراوە زەردە کرێکارییەکانی سەربە دەوڵەتیش سەرەنجام دوای بڕێک پرتەوبۆڵە کردن ملکەچی بڕیاری دەوڵەت و خاوەنکارانی بەشی خسووسی دەبن.

ئەم شانۆیە بۆ بردنەسەرەوەی لانیکەمی حەقدەست و فشاری زیاتری دەوڵەت و خاوەنکارانی بەشی خسووسی بۆ داسەپاندنی حەقدەستی سێ بەرابەر خوارتر لە هێڵی هەژاری بەسەر کرێکاران لە حاڵێکدایە کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی تەوەرومی ساڵانە لە مانگی بەفرانباری ١٤٠١ بۆ بنەماڵەکانی ئێران گەیشتووەتە ٤٦ و ٣ دەهومی لەسەد. بەڵام ڕێژەی تەوەرومی واقعیی پێداویستییەکانی بنەماڵە کرێکارییەکان لەوە سەرترە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “دنیای ئیقتساد” ڕێژەی تەوەرومی خۆراکییەکان لە مانگی خەزەڵوەردا نزیکەی ٧٠ لەسەد، نان و دانەوێڵە زیاتر لە ٨٤ لەسەد و گۆشت زیاتر لە ٦٤ لەسەد تۆمار کراوە. نرخی شیر و پەنیر و هێلکە زیاتر لە ٨١ لەسەد و ڕۆن نزیکەی ٢٥٠ لەسەد زیادی کردووە. شۆرای باڵای کاری ڕژیم لە بارودۆخێکدا داسەپاندنی حەقدەستی سێ بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری تەداروک دەبینێت کە نرخی دۆلار ٤١ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە. چوونەسەرەوەی بەردەوامی قیمەتی دۆلار و هاتنەخوارەوەی تمەن لە هەمان حاڵدا کە داماویی دەوڵەتی ڕەئیسی لەبواری مودیریەتی ئابوورییەوە نیشان دەدات، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەوەرۆم هەیە. شۆرای باڵای کار لە حاڵێکدا لەسەر بردنەسەرەوەی ٢٠ لەسەدی حەقدەست تەئکید دەکات کە بە وتەی حەمید حاج ئیسماعیلی، کارناسی بازاڕی کار: “دەوڵەت و بەشی ڕەفاهیی وەزارەتی تەعاون، کار  و ڕەفاهی ئیجتماعی هێڵی هەژاریی بۆ شارە گەورەکانی وەک تاران حدوودی ١٥ ملیۆن تمەن دیاری کردووە”. هەروەها حەسەن سادقی سەرۆکی “ئیتحادیەی پیشکسوەتانی جامعەی کارگەری” و لە لایەنگرانی دەوڵەت، بەپێی بەرئاوردی شارەزایەکی ئابووری، سەبەدی مەعیشەتی بۆ یەک بنەماڵەی ٣.٣ کەسی مانگانە ٢٤ ملیۆن تمەن ڕاگەیاندووە. بەسەرەنجدان بەم تەوەرۆمە بەرینە، چوونەسەرەوەی بەردەوامی قیمەتی دۆلار و هاتنەخوارەوەی ڕۆژانەی حەقدەستەکان، ئەگەر لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران سێ بەرابەر واتە ٣٠٠ لەسەدیش زیاد بکرێت دیسانیش ناگاتەوە هێڵی هەژاری. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم واقعییاتەیە کە ڕێکخراو و ناوەندە سەربەخۆ کرێکارییەکان هەزینەی دابینکردنی سەبەدی بژێوی کرێکاران بۆ سەرووی ٢٥ ملیۆن تمەن بەرئاورد دەکەن. لەبەر ئەوەیکە بەشی هەرە زۆری حەقدەستی کرێکاران بە هەزینەی ئیجارەی بەهای مەسکەن تەرخان دەکرێت. کەوابوو لانیکەمی حەقدەست مانگانە نابێ لە ٢٦ ملیۆن تمەن کەمتر بێت.

چەنەلێدان لەسەر دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست لە شۆرای باڵای کاری ڕژیم لە حاڵێکدا درێژەی هەیە کە لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو لەلایەن ئەم ناوەندەی سەرمایەدارییەوە هیچ کات هاوسەنگییەکی لەگەڵ هەزینەی ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان نەبووە. ئەمساڵیش دەوڵەت و خاوەنکارانی بەشی خسووسی وەک هەمیشە تەوەروم و چوونەسەرەوەی هەزینەی بەرهەمهێنانیان کردە بیانوو بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران و دەڵێن کە ئەگەر حەقدەستی کار بڕواتە سەرێ هەزینەی بەرهەمهێنانیش دەچێتە سەرێ. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ئێران بەپێی لێکۆڵینەوەی ناوەندە سەربەخۆکان، حەقدەستی کرێکار کەمێک زیاتر لە ٦ لەسەد و لە باشترین حاڵەتدا ١٠ لەسەدی هەزینەی بەرهەمهێنانە. بەلەبەرچاوگرتنی تاکتیک و هەوڵی سەرمایەداران بۆ لەخوارێ ڕاگرتنی لانیکەمی حەقدەست، دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست بەپێی هەزینەی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی و دیاریکردنی حەد و سنوورێک بۆ سەرمایەداران بۆ لەخوارێ ڕاگرتنی حەقدەستەکان بووەتە یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی کرێکاران و بووەتە یەکێک لە تەوەرە گرینگەکانی بزووتنەوەی کرێکاری. بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران وەک بەشێک لە بزووتنەوەی چینی کرێکار لەئاستی جیهاندا، بەو ئامانجە کە کەم داهات ترین بەشی چینی کرێکاریش بتوانێ بەپێی ئاستی تەوەرومی واقعیی و بردنەسەرەوەی حەقدەست، ژیانی خۆی دابین بکات، لەسەر لانیکەمی حەقدەستی گونجاو بۆ تەئمین کردنی ژیانێکی ئینسانی تەئکید دەکات.

لە ئێران، لە کێشمەکێشی دوو چینی سەرەکیی کۆمەڵگەدا، سەرمایەداران، خاوەنانی سەنعەت و دەوڵەت وەک کڕیارانی هێزی کار بەخاتری هەبوونی ئەرتەشی گەورەی بێکاران هەوڵ دەدەن تا حەقدەستی کرێکاران تا ئەو جێگایەی کە مومکینە لەخوارێ ڕابگرن و دیفاع لە بەدەستهێنانی قازانجی هەرچی زیاتر، بە مافی بێ ئەملاوئەولای خۆیان دەزانن. کرێکارانیش بە مافی خۆیانی دەزانن کە لە بەرامبەر هێزی کارەکەیاندا حەقدەستێک داوا بکەن کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی تەوەرۆمی واقعیی ناو کۆمەڵگا و پێداویستییەکانی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا، بتوانن ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن. لێرەدا لە نێوان مافی سەرمایەدار و مافی کرێکار ناتەباییەکی ئاشکرا و هەمیشەیی بوونی هەیە و ئەوە  زۆرە کە حوکم دەکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هاوسەنگیی هێزی ئێستادا بە زەبری یاسا و بە بەکارهێنانی هێزی سەرکوت و ڕەشگیریی هەموو ڕۆژێی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری ئەم کێشمەکێشەی بەقازانجی سەرمایەداران تەواو کردووە. لە بارودۆخی ئێستادا ئەگەرچی بەخاتری نەبوونی ڕێکخراوی چینایەتی سەربەخۆی کرێکاری، کرێکاران بۆ داسەپاندنی ئیرادەی چینایەتیی خۆیان لە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەت لەگەڵ گەلێک دژواری بەرەوڕوون. بەڵام ئەمساڵ سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە چوار مانگ لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی ژیناوە دەستی پێکرد، هاوسەنگیی هێز یەکجار بە زەرەری حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران گۆڕاوە. هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری لەم هاوسەنگییە هێزە تازەیەدا، بە پشت بەستن بەو ئەزموونە بەنرخانەی کە لەبواری سازماندانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە شکۆدارە کرێکارییەکان بوویانە و هەروەها بە پشت بەستن بەم واقعییەتە کە خەبات بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەست خاوەنی هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتییە، دەتوانن تەداروکی بزووتنەوەیەکی سەرانسەری بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەست بکەنە ئەولەوییەتی کاری خۆیان.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co